کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی لە مەهاباد دەسبەسەر کرا

15:06 - 22 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: یوونس مەعرووفی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \'\'ئیندرقاش\'\'ی سەربە ناوچەی \'\'مەهاباد\'\'، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.


هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران سەرەڕای بێ حورمەتی بە بنەماڵە و لێدان و ئازار دانی ئەو هاووڵاتییە، ماڵەکەشیان پشکنیوە و دواتر دەسبەسەریان کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ‌هێزەکانی رێژیم بە بێ مۆڵەتی یاسایی یان قەزایی، رژاونەتە ماڵی نێو ماڵی یوونس مەعرووفی و بە شێوەیەکی هۆڤانە و بە مەبەستی دروست کردنی ترس لەنێو بنەماڵەکەیدا، ناوبراویان داوەتە بە لێدان و کوتان و پاشان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان داوەتە پاڵ ئەو هاوڵاتییە کوردە.
بەپێی ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئەمڕۆ ٢٢ی خەزەڵوەر، ١١ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \'\'هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئێران، بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵاتیەتییەکان\'\' دەسبەسەر کراون.