کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزەکانی رێژیمی لە شاهـ‌ ئاباد کوژرا

15:06 - 23 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی کامیاران پاش تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە شاهـ‌ ئاباد بریندار و دواتر گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بەناوی \'\'سەباح محەممەدی\'\' کوڕی ئەمین، رێکەوتی ١٩ی سەرماوەز لە شاری \'\'شاهـ‌ ئاباد\'\'ی پارێزگای کرماشان، درایە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی گوللەی هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا بەتوندی بریندار بوو.
لەو بارەوە شایەتحاڵێک بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێزەکانی رێژیم پاش تەقەکردن لەو هاووڵاتییە، بە برینداری بەجێیان هێشتووە و هیچ هەوڵێکیان بۆ گەیاندنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە نەداوە.
ئەو شایەتحاڵە لە درێژەدا وتیشی: سەباح پاش هەوڵێکی زۆر خۆی گەیاندە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی کاریگەریی برینەکەی و لە دەست دانی خوێنێکی زۆر، گیانی لە دەست دا.
تەرمی بێ گیانی ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دوو رۆژ لە راگیران لە نەخۆشخانە لە رێکەوتی ٢١ی سەرماوەز رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
بەپێی ئاماری کوردستان میدیا، لە سەرەتانی مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئێستا ٧ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کوژراون و بریندار بوون.