کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ هاووڵاتیی لەشاری سنە لەلایەن هێزەكانی رێژیمەوە دەسبەسەر كران

01:56 - 14 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: چوار چالاكی كرێكاری بەبێ هۆكارێكی روون لەلایەن هێزەكانی رێژیمی ئێرانەوە لەشاری سنە دەسبەسەر كران.

جەلیل محەممەدی، شاپوور حوسێنی، فەردین قادری و ئارام ئەو چوار چالاكە كرێكارییەن كە لەشاری سنە دەسبەسەر كراون.

ئارام، فەردین قادری و شاپوور حوسێنی لەجادەی بەهاران لەشاری سنە رێكەوتی ١٢ی بانەمەڕ دەسبەسەر كراون و چەندین ماڵپەڕی كرێكاریی بڵاویان كردۆتەوە كە هێزە ئەمنیەتییەكان پێشتر تەقەیان لەو هاووڵاتیانە كردووە و دواتر دەسبەسەریان كردوون.

هەر ئێوارەی هەمان رێكەوت جەلیل محەممەدیش لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كراوە.

ماوەیەكە زەخت و گوشار بۆ سەر چالاكانی كرێكاری لەكوردستان رووی لەزیاد بوون كردووە و ماوەیەك لەمەوبەریش چالاكێكی كرێكاری دیكەی كورد بەناوی غالب حوسێنی بە بێ هیچ هۆكارێك دەستبەسەر كرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی غالب حوسێنی لەنامەیەكدا كە ژماریەك لە خەڵكی شاری سنە بەتایبەت گەڕەكی حاجی ئاوا، واژۆیان كردووە، داواییان لەناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیم كردووە كە ئەو چالاكە كرێكارییە ئازاد بكرێت.
غالب حوسێنی رێكەوتی ٢٩ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی رێژیمی ئێران لەشوێنی كارەكەی لە سنە دەستبەسەر كرا.