کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات نەزۆک مایەوە

17:12 - 27 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، ژمارەیەکی زۆر لە پاسدارانی ڕێژیم کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، دوای ئەوەیکە ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، تیمێکی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کاتی گەڕان و بەڕێوەبردنی کاروباری حیزبی لە نێو خەڵکدا، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامدا شەڕ و تێکهەڵچوونێکی قورس هاتە ئاراوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەنێوخۆی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیمی داگیرکەری کوردستان هێزێکی زۆری هێناوەتە شاری شنۆ و بە تەواوی ناوچەکەی میلیتاریزە کردووە.

هەر بەپێی ئەو هەواڵانە، ڕێژیم بە چەکی قورس لە گوندی حەسەن‌نووران تۆپبارانی ناوچەکە دەکات و زیانی ماددیش بە هاووڵاتییان گەیشتووە.

هەروەها سەرچاوەکانی هەواڵ لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیایان ڕاگەیاند کە؛ ١١ پاسداری ڕێژیم و ٣ جاش لە ئەنجامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کوژراو و بریندار بوونە و جاش و بەکرێگیراونی ڕێژیمی ئێران لەو ناوچەیەش لە حاڵەتی ئامادە باشی دان و دەنگی تەقە دەبیسرێت.

لەو شەڕەدا یەکێک لە پاسدارە کوژراوەکان پلەی سەرهەنگی هەبووە و سێ جاشیش بە ناوەکانی یووسف ئەحمەدی، مستەفا خالیدی و ئەسکەندەر مامەڵ خەڵکی گوندی باڵاگیر کوژراون.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، پاش شەڕێكی قورس، پێشمەرگەكان بە سەلامەتی دەربازبوونە، بەڵام هێزەكانی ڕێژێم چوونەتە ناو سێ گوندی قەرەسەقەل، سەرگیز و حەسەن‌نووران و حكوومەت نیزامیان ڕاگەیاندوە و لە گوندی قەرەسەقەل ماڵی كەریم حەجەمیان بە ئار.پی.جی پێكاوە و زیانێكی زۆریان بەو ماڵە گەیاندووە و بەپێی ئەو هەواڵە دوو كوڕی ئەو ماڵەش گیراون.

هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند کە؛ ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان لە گوندی حەسەن‌نووران و قەرەسەقەل هێزەكانی ڕێژێم جێگیر كراون و دەورەی گوندەکانیان داوە و هاتوچۆی خەڵكیان خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە.

هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لە گوندی قەرسەقەل لە سەر لەبەیانیی ئەمڕۆوە دەنگی گرمەی تۆپ دەێ و تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بە هۆی پچڕانی هێڵی تەلەفوون كەس ئاگاداری بارودۆخی قەرەسەقەل نیە، بە تایبەتی ئەوەی كە دوێنێ شەو ئەو گوندە چۆڵ كراوە و ڕێژیم لەوێ جێگیر بووە.

دوایین هەواڵەکان کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، باس لەوە دەکەن کە پێشمەرگەکان لەو گوندانە کە نزیکی شەڕەکە بووە دوور کەوتوونەتەوە و ڕێژیم بازنەی گەمارۆکەی گەورەتر کردووەتەوە و بەردەوام هێز دەنێرێت بۆ شوێنی شەڕەکەی دوێنێ.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کەسێکی ڕێژیم بە ناوی سەردار ئەحمەدی فەرماندەریی ئەو شەڕە دەکات.

لەو پێوەندییەدا، وتەبێژی شوورای نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە؛ تیمێکی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ کە لە نێوان گوندەکانی سەرگیز و قەرەسەقەل لە ناو خەڵکدا گەڕاون و کاروباری حیزبیان بەڕێوە بردووە کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجام‌دا شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی ڕێژیمدا ڕووی داوە.

وتەبێژی شوورای نیزامیی حیزبی دێموکرات هەروەها ڕایگەیاند کە؛ ڕادەی تەلەفاتی هێزەکانی ڕێژیم بەڕچاوە و ڕێژیم بە ئامبوولانس کوژراو و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ ڕادەگوازێت و هاتووچۆ بۆ نەخۆشخانە قەدەغە کراوە.