کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزی ئینتزامیی رێژیم لەمەریوان سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژۆ بەمەبەستی رەوایی دان بە كارە ناڕەواكانییەتی

15:39 - 10 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم لەگەڵ سەندیكای تاكسیداران سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژۆ لەشۆفێر تاكسییەكانی ئەو شارە، بەمەبەستی رەوایی دان بە بێ‌رێزییەكانیان بەجێگە و پێگەی ژنی كوردن.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەندیكای تاکسیداران و هێزە ئینتزامییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان لەناو شار پێش بە تاكسییەكان دەگرن و لە رووی گوشارەوە داوا لە شۆفێران دەكەن كە فۆرمێك لەژێر ناوی چالاكییەكانی هێزی ئینتزامیی زۆر باش و ئەرێنین پڕ بكەنەوە.
بەوتەی كەسانی ئاگادار ئەو ناوەندانە بە شۆفێر تاكسییەكانیان وتووە ئەگەر ئەو فۆرمە پڕ نەكەنەوە، ماشێنەكانیان بۆ ماوەی ٣هەتا ٦مانگ دەستی بەسەردا دەگیرێت و هەروەها هەڕەشەی سزای نەخدیشیان لێ‌كردوون.
هەر لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەكی شاری مەریوان بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، چەند رۆژ لەمەوبەر مەئموورانی رێژیم نووسراوەیەكیان لەزاری خەڵكێیەوە لەناو شار هەڵواسیوە كە تێیدا باس لەسپاس و پێزانیین بۆ كارەكانی هێزی ئینتزامیی كراوە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: ئەو نووسراوەیە لەلایەن ناوەندەكانی رێژیمەوە بەناوی هاووڵاتیانەوە نووسراوە و مەبەستیشیان رەوایی دان بە بێ‌رێزی كردنەكانیان بە ژنی كوردە.
لەلایەکی دیکەوە ماوەیەک لەمەوبەریش هێزی ئینتزامیی رێژیم لەشاری مەریوان فورمێكیان لەناو هاووڵاتیاندا بڵاو كردبۆوە كە تێیدا هاتبوو، كارەكانی فەرماندەی هێزی ئینتزامیی (سەرهەنگ نەزەری) زۆر باش بووە وداواییان لە هاووڵاتییان کردبوو کە واژۆی بکەن.
ماوەی دوو حەفتە لەمەوبەر هێزە ئینتزامییەكانی رێژیم لەسەر بڕیاری دادگای شاری مەریوان جلی كوردی ژنانەیان لەبەر هاووڵاتییەك كردبوو و لەناو شار پیشانی خەڵكیان دابوو.

ئەو كارە تووڕەیی و بێزاری ژنان و چالاكانی مەدەنیی لەئاستێكی بەربڵاودا لێكەوتەوە.