کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیم لە مەهاباد دەستیان بە سەر پێنج ماشینی هاووڵاتییاندا گرت

19:25 - 14 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی ئێران، جێگیر لە بنکەی میرسێی ناوچەی مەنگوڕانی شاری مەهاباد دەستیان بە سەر باری ٥ ماشێنی هاووڵاتیاندا گرتووە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پیش ئێستا هێزەکانی رێژیمی ئێران جێگیر لە بنکەی میرسێی ناوچەی مەنگوڕانی مەهاباد دەستیان بەسەر پێنج ماشێنی هاووڵاتییاندا گرتووە وبارەکانیان نەداونەتەوە.

ئەو پێنج ماشێنە کە هێزەکانی رێژیمی ئێران دەستیان بەسەردا گرتووە، باری بادام و گوێزیان پێبووە.

ئەو کردەوەی هێزەکانی رێژیم لەگەڵ ناڕەزایەتیی دانیشتوانی ناوچەکە بەرەڕوو بووەتەوە و هێزەکانی ئەو بنکەیە بە خاوەن بارەکانیان راگەیاندووە کە کەلوپەلەکەیان رادەستی دادگا دەکەن.

ساڵانە لە ناوچە کوردنشینەکانی کوردستانی رۆژهەڵات هێزەکانی رێژیمی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر کەلوپەلی هاووڵاتییان و کۆڵبەران زەوت دەکەن و لە سنوورەکان و جادەکانی کوردستان هاووڵاتیان و کۆڵبەران دەدنە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گولـلە.