کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیم لە گوندێکی ناوچەی هەورامان ماڵی هاووڵاتییان دەپشکنن

12:53 - 7 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران لە ئاوایی‌یەکانی هەورامان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان، بە پشکنین و شکاندنی درگای ماڵی هاووڵاتییان، کەش و دۆخێکی ئەمنیەتییان خولقاندووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی شارستانی سەوڵاوا بە هاوکاریی هێزی پازگای قەزایی گوندی دزڵی، رژاونەتە نێو گوندی \'\'دزڵی\'\' و ژمارەیەک لە ماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندەیان بە بێ مۆڵەتی یاسایی پشکنیوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو هێزانە بە بیانووی هەبوونی چەکوچۆڵ و شتومەکی نایاسایی و تەنانەت هەبوونی رێسیڤێری ماهوارە هێرشیان کردووەتە نێو ماڵی هاووڵاتییانی ئەو گوندە.
شایەتحاڵیک لەو پێوەندییەدا رایگەیاند: هێزەکانی رێژیم تەنانەت ماڵی هاووڵاتییەکیان لە داخراوبووە و کەس لە ماڵەوە نەبووە، قوفڵی درگای ماڵەکەیان شکاندووە و پشکنیویانە.
خەڵکی ئەو ئاوایی‌یە لەو بڕوایە دان کە هێزەکانی رێژیم مەبەستیان تەنیا پشکنینی یەک ماڵ بووە، بەڵام بەهۆی ئاسایی نیشاندانی ئەو پشکنینانە، ماڵی چەندین هاووڵاتی هاوکات دەپشکنن.
لەو پێوەندییەدا لە گوندی \'\'دەرەکێ\'\'ش بەبیانووی کۆکردنەوەی ماهوارە ماڵی نزیک بە ١٠ هاووڵاتییان پشکنیوە.