کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەرسین/ بارینی باران داڕمانی دوو ماڵی هاووڵاتییانی لێ کەوتەوە

19:38 - 8 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: باران بارین و هەرەس هێنان، داڕمانی دوو ماڵی لە هەرسین لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی داڕزان و پرتووکاویی پێکهاتەی بیناکانی شار و گوندەکان، بارینی باران و هاتنی لافاو لە کوردستان، لە ساڵدا خەسارێکی بەرچاو لە بواری ماڵی و گیانی بە هاووڵاتییانی کورد دەگەیەنێت.

چەند رۆژ لەمەوبەر و دوای بارینی بەخۆڕی چەند رۆژەی باران، بەشێک لە کێوی دێوانگای هەرسین هەرەسی هێناوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاو کراوەکان، هەرەسی کێوی دێوانگا، بووەتە هۆی داڕمانی دوو بینای نیشتەجێبوون و زیانی بە دوو ئۆتۆمبیل گەیاندووە.

بینای کۆن، پرتووکاو و نائیستاندارد لە کوردستان کە هەتا ئێستا هیچ گەڵالەیەک لە پێناو چاکسازی ئەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دانەڕێژراوە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ساڵانە خەسارەتێکی بەرچاو بە هاووڵاتییانی کورد بگات.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، رۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ئاوایی جوب کەبوودی سەروو سەر بە شارستانی سونقور، بە هۆی داڕمانی بینایەک ٤ کەس کوژران و٤ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە پارێزگای کرماشان بوونی پێکهاتەی بینای پرتووکاو بە رووبەری دوو هەزار هێکتار ، سەرەکیترین هەڕەشەی سەر ئەم پارێزگایە لە باری رووداوە نەخوازراوەکاندایە.
زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی کرماشانی لە بینای کۆن و پرتووکاودا ژیان بەسەردەبەن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە هیچ گەڵالەیەک بۆ چاکسازیی ئەم پێکهاتەیە لە دەستوووری کاری بەرپرسانی رێژیم، نییە.