کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنی ئەندامانی کاتیی شوورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان

16:19 - 26 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: پێنج ئەندامی نوێی کاتیی شوورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەورەیەکی دوو ساڵە هەڵبژێردران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئاسۆشەیتد‌پرێس، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، پێنج وڵاتی نوێ بۆ ئەندامەتی کاتی لە شوورای ئەمنییەتی رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەورەیەکی دوو ساڵە لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەڵبژێردران و لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٥ی زایینیەوە دەست بە کار دەبن.

وڵاتانی وێنۆزۆئێلا، نیووزیلەند، ئیسپانیا، ئانگولا و مالیزی لەلایەن ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکوو ئەندامی کاتیی شوورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردران و بە کۆتایی هاتنی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بە جێگای وڵاتانی ئاڕژانتین، ئوسترالیا، لوکزامبورگ، کۆرەی باکوور و رۆئاندا دەست بە کار دەکەن.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، خاڵێکی جێگای سەرنج لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کاتیی شوورای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکامی تورکیە لە هەڵبژاردنەکاندا بوو.

شوورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی پێنج ئەندامی سەرەکی وەک ئامریکا، بریتانیا، چین، رووسیە و فەڕانسەیە کە مافی وێتۆیان هەیە و ١٠ ئەندامی کاتیشی هەیە.

ئێستا جگە لە ئەندامانی هەمیشەیی و ئەندامی هەلبژێردراوی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی، وڵاتانی چاد، شیلی، نیجریە و لیتوانیش کەلە ساڵی رابردوودا وەک ئەندامی کاتی هەڵبژێردرابوون، لە کۆبوونەوەکانی شوورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارییان هەیە.

شورای ئەمنییەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە یەکێک لە ناوەندەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە رێکەوتی ١٧ی ژانویەی ساڵی ١٩٤٦، لە لەندەن بەڕێوە برد.

کۆمیتەی ستادی نیزامی، کۆمیسیونی خەلعی سیلاح، کۆمیتەی کارناسان، کۆمیتەی وەرگرتنی ئەندامی نوێ، بەڕێوبەری غەرامەتی شەڕی عێراق دژی کوەیت، کۆمیتەی دژی تیرۆریزم، عەمەلیات و شاندی پاراستنی ئاشتی، دیوانی کەیفەری نێونەتەوەیی یوگسلاوی پێشوو، دیوانی کەیفەری نێونەتەوەیی بۆ رۆئاندا و کۆمیسیۆنی سانترالیزەکردنی ئاشتی وەک ناوەندەکانی سەر بە شورای ئەمنییەتی رێکخراوە نەتەوەییەکانن.

لە کار و ئەرکەکانی شورای ئەمنییەتی رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسی سەرەکیی دابین‌کردنی ئەمنییەت و ئاشتیی نەتەوەییە، دەتوانین بە راسپێری رەوشە ئاشتیخوازەانەی چارەسەری ناکۆکی نەتەوەیی و دانانی بەرنامە و پڕۆگرام بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئامانجدار بۆ بەکارهێنانی سیلاح و چاوەدێریی ئەو بەرنامەیە، ئاماژە بکەین.