کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی زیندانییانی سیاسیی کورد سەبارەت بە کۆبانێ

14:51 - 20 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: زیندانییانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئێران، بە مانگرتن لە خواردن و دەرکردنی بەیاننامە پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش گۆڕینی ئاراستەی هێرشەکانی داعش و بەرە و پێش چوونی هێزە تیرۆریستەکانی داعش بۆ کوردستان و گەمارۆدانی کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە، زیندانییانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی رێژیم، پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کوردستانی رۆژئاوا و بە تایبەت کۆبانێ، راگەیاند.

زیندانییانی سیاسیی کورد لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئیسلامیدا بەسەر دەبەن بە مانگرتن لە خواردن و دەرکردنی بەیاننامە پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی و کرددەوە تیرۆریستییەکانی داعشیان مەحکووم کرد.

دەرکردنی بەیاننامە لەلایەن بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە گرتووخانەی ئێڤین سەبارەت بە کۆبانێ

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، محەممەد سەدیق کەبودوەند، بەرپرسی رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەک لە گرتووخانەی ئێڤینەوە، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد بۆ بەرگری لە خولقانی کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ و رزگاری خەڵک رێگە چارەیەک بگرنە بەر.

لە بەشێکی دیکەدا ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ویژدانە زیندوویەکانی جیهان؛ گرووپی تیرۆریستی داعش کە ئێستا لە حاڵی کوشتن و جەنایەتی تازە لە کۆبانێ‌دایە، پێش ئەوەی کە ئەم ناوچە بکەوێتە ژێر دەستیان و کارەساتێکی دیکەی مرۆیی رووبدات، بە هانای خەڵکی گەمارۆدراوی ئەو شارە بچن و هەر کارێک کە بۆ رزگاریی ئەم خەڵکە لە دەستیان دێت، بگرنەبەر.

پاش دوو دەیە زیندانی، زیندانیانی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی یەزد پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی

پاش هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعش و ئاوارە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئەو شارە و گرتنی کۆبانێ لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە، زیندانییانی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی یەزد، بە مەبەستی هاودەردی لەگەڵ خەڵکی کۆبانی و پشتیوانی لەو شارە و خەبات و خۆڕاگری خەڵک ، مانیان لە خوارن گرت.

محەممەد مورادی، عەلی ساڵحی، واڵی درودی و عومەر ئیمامی، چوار زیندانی سیاسیی کوردن کە هەر کامیان زیاتر لە ١٨ ساڵە بێ مولاقات و مەرەخەسی لە زیندان ‌دان، بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

زیندانییانی سیاسیی کورد لە ٨ زیندانی رێژیمی ئیسلامی بە دروشمی کۆبانی تەنیا نییە مانیان لە خواردن گرت

زیندانییانیی سیاسیی کورد لە هەڵوێستێکی هاوبەش و بەشێوەیەکی سەمبۆڵیک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانێ، لەگەڵ دروشمی کۆبانی تەنیا نییە لە ٨ زیندانی ئێران وەکوو زیندانەکانی ئورمیە، بەندەر عەباس، بەندەر لنگە، میاندواو، قوڕوە، رەجایی‌شار و سنە مانیان لە خواردن گرت.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی سیاسیی کورد لەو زیندانانە لە رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکرد و هەتا ئێوارەی رۆژی هەینی ١٨ی رەزبەر درێژەی پێدرا.

ئەو زیندانییە سیاسییانە رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەزبەر، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای دووپات کردنەوەی پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ و کوردستانی رۆژئاوا کۆتاییان بە مانگرتنەکانیان هێنا.

دەرکردنی بەیاننامەیەک لەلایەن زیندانییانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ئورمیە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ

رۆژی هەینی، رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، ژمارەیەک لە زیندانییانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی ئورمیە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای داواکاری بۆ پشتیوانی هەموو لایەنە لە خەڵکی کۆبانێ، پشتیوانیی خۆیان لە کۆبانێ دەربڕی.

واژۆکارانی بەیاننامەکە داوایان لە تەواوی کوردستانییان کرد کە بە هەر شێوەیەک لە کۆبانێ پشتیوانی بکەن و داوایان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤ لە ئێران و دەرەوەی ئێران کرد لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش لە کۆبانێ پشتیوانی بکەن.