کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد

23:04 - 18 بانەمەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی پایەبەرزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری، سەردانی بنکەی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لە لایەن بەڕێز نەوشیروان مستەفاوە بە گەرمی پێشوازییان لێ‌ کرا.

ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە درێژەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، وەفدێکی پایەبەرزی حیزب سەردانی بزووتنەوەی گۆرانیان لە شاری سلێمانی کرد، کە بە گەرمی لە لایەن هەیئەتی خانەخوێوە پێشوازییان لێ کرا.

لەم دیدارەدا بەڕێز هیجری وێڕای بەخێر هاتنەوە کردن لە بەڕێز نەوشیروان مستەفا، هیوای لەش ساخی و سڵامەتی بۆ بەئاوات خواست و هیواداری دەربڕی کە بە گەڕانەوەی بەڕێزیان هەنگاوی زیاتر و جیددیتر بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت و هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیری و پێشکەوتنی زیاتر هەنگاو هەڵبگرێت.

لە بەرانبەریشدا بەڕێز نەوشیروان مستەفا، وێڕای بەخێرهاتن و خۆشحاڵی دەربڕینی لەو دیدارە، بە كورتی باسێكی سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی كوردستانی باشوور كرد و گەشبین بوو بەوەی كە دەتوانرێت بە دیالۆگ و یەكتر قەبووڵ كردن بە سەر تەنگژەكاندا زاڵ بن.

لەو دیدارە دۆستانەیەدا وێڕای باسە سیاسییە پەیوەندیدارەكان، هەردوولایەن لە سەر پەیوەندی دۆستانە و بەردەوامی نێوانیان پیداگرییان كردەوە و دواتر هەیئەتی میوان لە لایەن هەیئەتی خانەخوێ‌وە بەڕێزەوە بەڕێ‌ كران.

14689.jpg

14691.jpg

14693.jpg

14692.jpg