کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشێنگتۆن پۆست: دوورەدیمەنی گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی ناڕوونتر دەبێت

15:00 - 15 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە دەرفەتی رێکەوتنی ناوکی رێژیمی ئێران و شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی بەرەو کۆتایی دەچێت، دوورەدیمەنی گەیشتن بە رێکەوتنێکی ناوکی یەکجاری ناڕوونتر بووە.

بەپێی راپۆرتی واشێنگتۆن پۆست، دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای ئاشکرابوونی چالاکییە شاراوەکانی ناوکی لەو وڵاتە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی، بەردەوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی بەرنامەیەکی دژبەیەک بووە.
رێژیمی ئیسلامی لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا لەلایەک بەردەوام هەوڵی داوە کە ژێرخانی دامەزراوە ناوکییەکانی خۆی پەرە پێ بدات و لەلایەکی دیکەشەوە ویستوویە گەشەی ئابووری وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات.
دوای گۆڕانی ٣ سەرکۆماری وڵاتی ئێران لە کاتی ئاشکرابوونی بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئێرانەوە تا ئێستا، سیاسەتی سەرەکیی ئەو رێژیمە لە بواری بەرنامەی ناوکی کە لەلایەن رێبەری رێژیمەوە دادەڕێژرێت بەردەوام لە هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی بووە.
واشێنگتۆن پۆست لە درێژەدا نووسیویەتی، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣ هەتا ٢٠٠٥ کە ئورووپا توانی بە رێکەوتنێک بۆ هەڵپەساردنی چالاکییە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران بگات و محەممەد خاتمی سەرکۆماری ئەو کاتی ئێران بە راگرتنی چالاکییە ناوکییەکان توانی پێش بە سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان بگرێت بەڵام تاران بەردەوام درێژەی بە پاشکەوت کردنی مەوادی ناوکی و بە کار هاتوویی لەو بوارە داوە و دواتر بەڵێنییەکانی پێشێل کردووە.
بە سەرنجدان بە هێڵە سوورە دیاریکراوەکان لەلایەن رێژیمی ئیسلامییەوە بۆ تیمی دانوستانکاری رێژیمی ئێران زۆربەی دیپلۆماتە رۆژئاواییەکان گەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی بە دژوار وەسف دەکەن.
زۆربەی کارناسانی پرسە سیاسییەکان لەو باوەڕەدان کە لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە کەرەستەکانی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی ، بەرنامەی کردەوەی هاوبەش (رێکەوتنی کاتیی رێژیمی ئێران لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهان) وەکوو هەموو رێکەوتنەکانی دیکەی تاران لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی لەلایەن ئەو رێژیمەوە پێشێل دەکرێت.