کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوباما: لە نێوان هەڵوێستەکانی ئێمە و رێژیمی ئیسلامی ناکۆکییەکی زۆر هەیە

15:09 - 19 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: باراک ئوباما لە پێوەندی لەگەڵ دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ گومانی هەیە.

بەپێی راپۆرتی رادیۆ ئاڵمان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، باراک ئوباما، سەرکۆماری ئامریکا باسی لە بوونی ناکۆکیی قووڵی نێوان هەڵوێستی رێژیمی ئێران و ئامریکا کرد.

سەرکۆماری ئامریکا بە جەخت کردنەوە لە سەرناکۆکیی قووڵ لە نێوان هەڵوێستەکانی رێژیمی ئێران و ئامریکا لە دانوستانەکان، وتی کە وەک خۆی شک و گومانی لە دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی لە دانوستانەکانی وەزی ناوکی و کۆتایی هێنان بە کێشە و گرفتەکانی نێوان رێژیمی ئێران و گرووپی ١+٥ هەیە و ئەوەیشی رایگەیاند کە هەنووکە بۆشاییەکی گەوەرە هەیە و لەوانەیە بە ئاکام نەگەین.

باراک ئوباما لە قسەکانی خۆیدا، هەوڵی سەرەکیی دەوڵەتی ئامریکای پێشگیری لە دەستپێڕاگەیشتنی رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی راگەیاندووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، یوکیا ئامانۆ، سەرۆکی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نوێترین راپۆرتەکانی خۆیدا باسی لە هاوکاری نەکردن و وڵام نەدانەوەی رێژیمی ئێران بە پرسیارەکانی سەبارەت بە گوماناوی بوونی بەرنامەی ناوکی کردوە و جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە ئەو ناوەندە لە لایەنە نیزامییەکانی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئیسلامی نیگەرانە و تاران بە پێجەوانەی بەڵێنیەکانی خۆی هەتا ئێستا زانیاریی پێویستی سەبارەت بە دوو مەسەلەی دیار و تایبەت نەداوەتە ئاژانس و لە پێدانی زانیاری بەو ئاژانسە خۆی بوواردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئەنێستیتۆی زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی کە (اتاق فکر آمریکایی)ێکی ئامریکاییە بە پشت بەستن بە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزی ناوکی رایگەیاندووە کە رێژیمی ئێران، پێشکەوتووترین سانتریفیوژی خۆی بەرێخستوە.

لەم دواییانەدا، وەزیرانی خەزێنەداری و دارایی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا کە ٣ دامەزراوەی زانستی و بانکیی رێژیمی ئیسلامی وەک پێشترلە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکاندا بمێننەوە.
یەکیەتیی ئورووپا دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی زیاتر لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی پێش ئێستا ٤ کەسایەتیی حقوقی و حەقیقی وەکوو زانکۆی سەنعەتی شەریفی لە لیستەی گەمارۆ ئابوورییەکانی خۆیدا هێشتەوە.
دانوستانە ناوکییەکانی ئێران لەگەڵ گرووپی ١+٥ کە وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە، رووسیە، ئامریکا، چین و ئاڵمانی تێدا بەشدارە هەتا رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ئەمساڵ درێژ کرایەوە و دوو گرووپی دانوستانکار بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی کۆ دەبنەوە.