کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیە: پێویستە ئێران بە شەرمەزارییەوە بێدەنگ بێت

15:41 - 27 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: تورکیە لە پەرچەکردار بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی رێژیمی ئێران، عەلیڕەزا بیگدلی باڵوێزی رێژیمی ئێرانی بانگهێشت کرد.
بە پێی راپۆرتی ئەلعەڕەبیە، ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری کاروباری دەرەوەی رێژیمی ئێران، رۆژی شەممە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پێک هێنانی سەرلەنوێی ئێمپراتوریی عوسمانیخستۆەتە پاڵ دەوڵەتی تورکیە.

تانگۆ بیلگیج، وتەوێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیە لەم بارەیەوە رایگەیاند: تورکیە قسەی کاربەدەستانی ئێرانی مەحکووم دەکات و لە رێژیمی ئێران داوا دەکات کە بە شەرمەزارییەوە بێدەنگ ببێت، چونکە زۆر جار لە پشتیوانە سەرەکییەکانی بەشار ئەسەد بووە کە بووەتە هۆی کێشەی تیرۆریزم لە ناوچەدا.

ماڵپەڕی ئاناتولی لەزاری کاربەدەستانی تورکیەوە بڵاویان کردووەتەوە: لەپێش‌گرتنی هەوڵ و کردەوە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لە بەرەنگاریی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش، پێویست بە مۆلەتی هیچ وڵاتێک ناکات.

دژبەرانی بەشار ئەسەد کە بە پشتیوانیی وڵاتی تورکیە دژی ئەم رێژیمە لە شەڕدان و رێژیمی ئێران به کوشتاری ٢٠٠ هەزار سووری تۆمەتبار دەکەن.

دەوڵەتی تورکیە بەپێچەوانەی رێژیمی ئێران لە ریزی وڵاتانێکدا بووە کە لە کاتی دەستپێکی نائارامی و قەیرانەکان لە وڵاتی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ بە شێوەی ئاشکرا لە شوڕشی خەڵکی سووریە پشتیوانی کردووە. ئەم وڵاتە نە تەنیا لە ئوپوزوسیونی میانەڕەوی سووریە پشتیوانی دەکات بەڵکوو زۆرترین پەنابەری سووریشی لە وڵاتی تورکیە جێگیر کردووە.