کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ دووهەمین پارێزگای ئێران لە بواری کوژرانی هاووڵاتییان لە رووداوەکانی هاتوچۆ

21:04 - 23 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: جاددە و رێگای ناستاندارد، ساڵانە دەبێتە هۆی ئەوەیکە لانیکەم ٥٠٠ هاووڵاتیی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئورمیە گیانیان لە دەست بدەن.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان،ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ لە جاددە و رێگاکانی پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەست دەدەن و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو پارێزگایە لە ئێراندا دووهەمین پلەی لە بواری کوژراوانی رووداوەکانی هاتوچۆ هەبێت.

بەپێی ئەو راپۆرتە پارێزگای ئورمیە لە بواری رێژەی رووداوەکانی هاتوچۆ کە گیان لە دەست دانی هاووڵاتییانی لێ دەکەوێتەوە پلەی دووهەمی لە نێو پارێزگاکانی ئێراندا بۆخۆی مسۆگەر کردووە.

تەسک بوونی جاددەکان، پرتووکاوی قیرەتاوی جاددەکان و ناستانداردی رێگەوبانەکان، نەبوونی ستانداردی ئیمەنی لە ماشینەکانی ئێران و لە بەرچاو نەگرتنی موهەندیسی جاددەسازی بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی کوردستانی ئێران (ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە) بەردەوام بووەتە هۆی ئەوەیکە رووداوەکانی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا روو لە زیادبوون بکات.

ئەو هۆکارانەی کە ئاماژەی پێکرا لە سەرتاسەری ئێراندا بەرچاو دەکەوێت و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەیکە رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران روو لە زیادبوون بکات.

ئەمڕۆکە رووداەکانی هاتوچۆ نۆهەمین هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵک لە جیهان دایە، بەڵام بەهۆی بایەخ نەدان بە ستانداردەکانی جاددەسازی لە ئێران رووداوەکانی هاتوچۆ یەکێک لە سێ هۆکاری سەرەکیی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییان هەژمار دەکرێت.

بەپێی راپۆرتێک کە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو بووتەوە، پاش شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران لە ساڵەکانی ١٣٥٧ی هەتاوی لانیکەم ١٠ میلیۆن کەس لە ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە کە ئەوەش بۆ ناستانداری جاددەکان، ماشێنی ناستاندارد و نەبوونی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە.
قیرەتاوی ناستاندارد بەرزی و نزمی رێگەوبانەکانی ئێران هۆکاری لەسەدا ٣٠ی رووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە دایە و ئەو قیرەی کە لە ئێران بۆ قیرەتاو کردنی جاددەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، تەنانەت لە وڵاتانی سریلانکا و تانزانیا قەدەغە کراوە و هیچ کڕیارێکی لە جیهاندا نییە.