کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كوژراو و بریندارانی بوومەلەرزەی پارێزگای بووشێهر سنووری ٨٠٠ كەسی تێپەڕاند

02:20 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لەئەنجامی بوومەلەرزەیەك بە گوژمی ٦،١ پلەی ریشتەر ٣٥ هاووڵاتیی لە پارێزگای بووشێهر گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٨٠٠ كەسیش بریندار بوون.
دوانیوەڕۆی رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ٢٠‌ی خاكەلێوە بوومەلەرزەیەك بە گوژمی ٦،١بە پلەی ریشتەر پارێزگای بووشێهری لە ئێران هەژاند و بەپێی زانیارییەكانی ناوەندی ژئۆفیزیكی زانكۆی تاران ناوەندی بوومەلەرزەكە شاری كاكی كە دانیشتوانەكەی ٦٠ هەزار كەسە، بووە.
بەوتەی بەرپرسانی پارێزگای بووشێهر زیاتر لە ٧٠٠ بینا بە تەواوەتی لە ناو چوون و لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی BBC بڵاوی كردەوە، تەنیا لە نەخۆشخانەی زینبیەی شاری خورموج لەو پارێزگایە ٤٠ كەس گیانیان لەدەست داوە.
لێقەوماوانی بوومەلەرزەكە رایانگەیاندووە، بە شێوەی پێویست تیمەكانی فریاگوزاری چالاك نین و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی بە كوژراوی و برینداری لەژێر بینا رووخاوەكاندا ماونەتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان زۆرترین خەسار وەبەر ئاواییەكانی شەنبە، باغان و سنا كەوتووە.
لەلایەكی دیكەوە ناوەندی زەمین ناسی ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەو بوومەلەرزەیە بە گوژمی ٦،٣ و لە قوولایی ١٢ میتری زەوی رووی داوە.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە ١٢ پس لرزە بە گوژمی ٤ پلەی ریشتەر پارێزگای بووشێهری لەرزاندووە.
بەپێی دوایین هەواڵەكان ئەگەری ئەوە لە ئارادایە ئەو بوومەلەرزەیە خەساری بە نیرووگای ئەتۆمیی بووشێهر گەیاندبێت، هەر چەندە بەرپرسانی ئەو ناوەندە وتوویانە: بوومەلەرزەكە بیناكانی ئەو بنكە ئەتۆمییەی لەرزاند، بەڵام خەسارێكی ئەتۆی پێ‌ نەگەیاندووە.
ئەو بوومەلەرزەیە لە باشووری وڵاتانی كەنداویش هەستی پێكراوە.