کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشوانێکی کورد پلەی یەکەمی قارەمانیەتی جیهانی بە دەست هێنا

14:42 - 24 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە کێبڕکێی جیهانیی بەرزکردنەوەی قورسایی لە وڵاتی قەزاقستان میداڵی زێری بەدەست هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کیانووش رۆستەمی، خەڵکی کرماشان، لە کێبڕکێی جیهانی بەرزکردنەوەی قورسایی کە لە ئاڵماتی وڵاتی قەزاقستان بەڕێوە دەچێت، توانی میداڵی زێڕ بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

کیانووش رۆستەمی، بە گشتی بە هەڵگرتنی قورسایی ٣٩١ کیلۆ گرەم لەدوو بەشی یەک زەرب و دوو زەرب، بە شکاندنی رێکۆردی جیهانی بە رێژەی ١ کیلۆ گرەم زیاتر، توانی دوو میداڵی زێر بەدەست بێنێت.

ئەو وەزنەبەردارە کوردە لە کێشی ٨٥ کیلۆ گرەمدا لەگەڵ ١٠ وەزنەبەرداری دیکە رکەبەری کرد و توانی بە هەڵگرتنی قورسایی ١٧٨ کیلۆ گرەم لە یەک زەربدا و ٢١٣ کیلۆ گرەم لە دوو زەربدا بە کۆی گشتی ٣١٩ کیلۆ گرەم میداڵی زێری بە دەست بێنێت.

کیانوش روستەمی رێکەوتی ١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی، لە ئیسلام ئاوای کرماشان لە دایک بووە.

ئەم وەزنەبەردارە کوردە لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ی زایینی توانی میداڵی زیو لە کێبڕکێی ئاسیایی بە دەست بێنێت و هەروەها لە کێبڕکێی وەزنەبەرداریی جیهان لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی لە شاری پاریس میداڵی زێڕی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و میداڵی بۆرونزی لە ئۆلەمپیکی لەندەن بە دەست هێناوە.

کیانوش روستەمی، رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە کێبڕکێی ئاسیایی کورەی باشووربە هەڵگرتنی قورسایی ١٧٢ کیلۆیی لە یەک زەرب و ٢٠٨ کیلۆیی لە دوو زەربدا و بە گشتی بە بەرزکردنەوەی ٣٨٠ کیلۆ گرەم میداڵی زیوی بە دەست هێنا.

هەر لەم پێوەندییەدا چەند رۆژ پێشتریش، خەڵاتی چاکترین وەرزشوان لەلایەن کۆمیتەی نێودەوڵەتی بە سیامەند رەحمان، وەزنەبەردارێکی کوردی خەڵكی شنۆ بەخشرا.

سیامەند رەحمان، لە رکابەرایەتیی پارئاسیایی ئینچیئون لە کورەی باشوور کە لە مانگی ئۆکتۆبری زایینی بەڕێوەچوو، بۆ سێیەمین جار رێکوردی جیهانی شکاند و میداڵی زێڕی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.