کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پارێزگای سنه/ بێکاری هۆکاری سەرەکیی کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکان

19:47 - 18 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: کۆچی دانیشتوانی گوندەکانی پاریزگای کوردستان بۆ شارەکان رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بوون دایە.
بەگوێرەی سەرژمێرییەکان، دانێشتوانی گوندەکانی پارێزگای کوردستان لە ساڵەکانی ١٣٨٥ هەتا ١٣٩٠ی هەتاوی، ٧،٣% کەمی کردووە.
هەر بەپێی ئەو سەرژمێرییانە لە ساڵی ١٣٨٥، زیاتر لە ٤١%ی حەشیمەتی پارێزگای سنە گوندنشین بوون کە ئەو ژمارەیە لە ماوەی ٥ ساڵدا بۆ ٣٤% دابەزیوە.
ئەو سەرژمێریانە دەرخەری ئەوەن کە ٥٠٥ هەزار نەفەر لە حەشیمەتی یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار کەسیی پاریزگای سنە لە گوندەکاندا نیشتەجێن و ئەم رێژەیەش هەنووکە لە کەمبوونەوە دایە.
بێکاری یەکێک لە گرنگرین هۆکارەکانی کۆچی گوندنشینان لەم ساڵانەی دواییدا بووە کە لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمەوە هیچ هەوڵێک بۆ راگیرانی ئەو دیاردەیە نەهاتووەتە ئاراوە.
نرخی بێکاری لە پارێزگای کوردستان لە پاییزی ١٣٩٢ی هەتاوی، ١٤.٢% بووە و ئەمەش ئەو پارێزگای کردووەتە چوارەم پارێزگای ئێران لە بواری بێکارییەوە.
سەرەڕای بێکاری و نەبوونی کار لە گوندەکان، نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایی‌یەکانیش لە هۆکارەکانی دیکەی کۆچی گوندنشینان بۆ شارەکانه.