کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش ٩ رۆژ خۆپێشاندانی کوردانی دانمارک کۆتایی پێ هات

13:15 - 19 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: لە سێدارەدانی زیندانییانی کورد بە دەستی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لەلایەن کوردانی دانیشتووی دانمارک بە چالاکییەکی ٩ رۆژە لەبەردەم پارلمانی ئەو وڵاتە مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی پاش ٩ رۆژ ناڕەزایەتیی کوردانی دانیشتووی دانمارک کە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان و بە هاوکاریی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە کوردییەکان پێکهاتبوو، بە بەڕێوەبردنی رێپێوانێکی هێمنانە بۆ بەردەم هەرکام لە باڵوێزخانە و کونسووڵخانەی رێژیمی ئێران لەو وڵاتە کۆتایی پێ هات.
ناڕازییان لەهەمبەر لە سێدارەدانی لاوانی کورد بە دەستی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو خۆپیشاندانەیان بە هەڵدانی چادرێک بۆ ماوەی ٩ رۆژ لە بەردەم پارلمانی دانمارک ناڕەزایەتیی خۆیان لەو رێژیمە دەربڕی و لە روژی کۆتاییشدا بەرەو باڵوێزخانە و کونسوڵگەریی رێژیمی ئێران رێپێوانیان ئەنجام دا.
لەو رێپێوانەدا خۆپیشاندەران سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\'یان خوێندەوە و بە دانی دروشمگەلێک لەدژی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سێدارەدانی زیندانییانی سیاسیی کوردیان مەحکووم کرد.
لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی دانمارک و کۆمیتەی هاوکاری بە دوو زمانی کوردی و دانمارکی خوێندرایەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بوون.