کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاوە/ بەڕێوەچوونی کۆڕیادی شاعیری کورد و ئەندامی حیزبی دێموکرات

20:16 - 22 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی شاعیری کورد و ئەندامی حیزبی دێموکرات مەجید بەگ هیدایەتی لە گوندی داریان، بە بەشداری شاعیران و چالاکانی فەرهەنگی بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بەرانبەر لەگەڵ دووهەمین رۆژی پرسەی شاعیری کورد و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداری شاعیران، نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی کورد لە گوندی داریان کۆڕیادێک بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا، شاعیران، نووسەران و چالاکانی فەرهەنگی وەکوو ئەحسەن رەشیدی، کەیهان عەزیزی، مۆختار هیدایەت‌بەخش، عێرفان زومۆڕۆدی، نیعمەت رەحمانی، جەماڵ جەباری، دوکتور جەزا راهگان و مۆئمێن یەزدان بەخش لە پێوەندیی لەگەڵ کەسایەتیی ئەو شاعیرە کوردە چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و هیوایان خواست کە جیلی نوێ ژیانی مەجید بەگ هیدایەتی بکەنە سەر مەشقی ژیانی خۆیان.

11381.jpg
مەجید بەگ هیدایەتی، شاعیری کورد و ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نێوئاخنی ئەو رێوڕەسمەدا، پەیامی کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبیی شاری پاوە و ناوچەی هەورامان لەلایەن داوود غەفارییەوە پێشکەش کرا.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی مەجید بەگ هیدایەتی کوڕی عەباس قولی بەگ شاعیر و ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

مەجید بەگ هیدایەتی ساڵی ١٣٠٩ی هەتاوی لە گوندی داریان سەر بە شاری پاوە چاوی بە دنیا هەڵێنا، لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی باوکی مەجید بەگ کە لە بەگزادە خۆشناوەکانی ناوچەی هەورامان بووە هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێکی‌تری بەگزادەکان کە دژ بە رێژیمی پاشایەتی جوولابوونەوە دەستبەسەر دەکرێت و هەتا ساڵی ١٣٢٠ لە زیندانەکانی دامغان و ئیسفەهان زیندانی دەکرێت.

مەجید بەگ هیدایەتی لە تەمەنی منداڵیدا لە خزمەت مامۆستایانێکی بە ناوبانگ وەک مەلا فەرەجۆڵڵای هیدایەتی، مەلا ئەحمەدی نۆدشی قۆرئانی پیرۆز خەتم دەکات و دواتر کتێبە شێعرەکانی مەلا خدری رواریش لەبەر دەکات و هەر لەو کاتەوە ئۆگری خولیای شیعر و ئەدەبی کوردی دەبێت.

چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لالۆ مەجید بەگی هیدایەتی لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی لە کاتی هەڵبژاردنی خانەی ئەسناف لە شاری پاوە دەست پێدەکات کە هەر لەو ساڵە بۆ ئەندامەتی خانەی ئەسناف هەڵدەبژێردرێت.

لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە دەگرێت و لەو ساڵانەدا بە شێوەیەکی چالاک و هەڵسوڕ لە ناوچەی هەورامان ئەرکی حیزبی و نیشتیمان پەروەرانەکانی جێبەجێ دەکات.

پەیوەندی و چالاکیەکانی لالۆ مەجید هەرچەند بە هۆی بارودۆخی ئەوکاتی حیزب تووشی پچڕان دەبێت بەڵام دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی جارێکی تر پەیوەندی بە حیزبەوە دەگرێت و ئەمجارە وەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هێزی شاهۆ ژمارەی دوو سازمان دەدرێت و هەتا ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە ریزی پێشمەرگەکانی حدکا درێژە بە خەبات دەدات.

لالۆ مەجید دواتر بە هۆی دۆخی بنەماڵەکەی و لەسەر داوای حیزب دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی لە گوندی داریان، بەڵام بەو حاڵەش پەیوەندی لەگەڵ حیزب بەردەوام دەبێت و وەکوو مرۆڤێکی جێگای بڕوا بۆ خەڵک و پێشمەرگە لە ناوچەکە دەناسرێ و وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و بە وەفای حیزب هەتا دوایین رۆژی ژیانی بە رێبازی دێموکرات وەفادار دەمێنێتەوە.

مەجید بەگ هیدایەتی لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی دەستی بە هۆنینەوە و نووسینی شیعر کردووە کە لەسەر ماندوو بوونی کۆمەڵێک لە هەڵسووڕاوانی فەرهەنگیی شاری پاوە و گوندی داریان لە ساڵی ١٣٩١ کۆمەڵە شیعری لالۆ مەجید لە ژێر ناوی دیوانی عەدەمی چاپ کرا.