کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵێوراوانی سەركۆماریی سەرقاڵی چەواشەكارین و هانایان بردۆتە بەر ناودارانی كورد

17:16 - 14 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: پاڵێوراوانی شانۆی سەركۆماریی رێژیمی ئێران لەشاری پاوە لەرێگای بڵاو كردنەوەی سی‌دی، دەستیان بە تەبلیغات كردووە و لەوتەكانیاندا باسیان لەكەسایەتیی و ناودارانی كورد كردووە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، یەكێك لەپاڵێوراوان لەرێگای ئەندامێكی شۆرای شاری پاوەوە بە ناوی سین . الف لە فەلەكەی د.قاسملوو ستادێكی كردۆتەوە و بە زەبری پارە چەند كەسێكی لەوێ‌داناوە و سەرقاڵی ساندیس بەخشینەوە بەخەڵكین.
ئەو پاڵێوراوە تایبەتنامەیەكی تەبلیغاتی لە شارستانی پاوە و بەخشی باینگان بڵاو كردۆتەوە و تێیدا باسی لە اقوام و مەزهەبی سوننە كردووە.
هاووڵاتیانی ئەو دوو شارستانە لەو باوەڕەدان هێنانی ناوی ئەقوام، بێ‌حورمەتی و بێ‌رێزی كردن بەنەتەوەی كوردە و هەروەها هاووڵاتییەكی شاری پاوە بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رێژیمی كۆماری ئیسلامیی لەرۆژی یەكەمی هاتنە سەركاریی دژایەتیی لەگەڵ كوردەكان هەبووە و هێنانی ناوی كوردەكان لەو قۆناغەدا تەنیا چەواشەكارییە.
هەر لەو تایبەتنامە تەبلیغاتییەدا باس لە قارەمان و رۆڵەكانی نەتەوەی كورد كراوە و ناوی خالۆ حوسێنیان هێناوە و بەجۆرێك لەجۆرەكان ویستوویانە وەكوو كەسێكی كوردی ناودار و لایەنگری رێژیمی ئێران لەقەڵەمی بدەن.
ئەو هاووڵاتییە پاوەیە كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت وتیشی: خاڵۆ حوسێن كەسێك بووە كە لەناودڵی چیایەكدا دیوێكی دروست كردبوو و كاتێك كە ویستبووتی قاتی دووهەمیش دروست بكات لێیان پرسیبو ئەو خانوویەت بۆ كێیە؟ لە وڵامدا وتبووی بۆ پێشمەرگەكانی حیزبی دێمۆكراتمە.

لەلایەكی دیكەوە لەو تایبەتنامەیەدا وتووێژ لەگەڵ مەلا قادر قادری پێش نوێژی شاری پاوەش كراوە و ئەو مەلایە تەبلیغی بۆ ئەو كاندیدایە كردووە.