کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرسی بێکاری و بێ ئیمکاناتیی خەڵکی پارێزگای ئیلام بەبێ چارەسەری ماوەتەوە

14:55 - 25 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری شاری دێهلۆڕان لە مەجلیس وتوویەتی، زۆربەی گوندەکانی پارێزگای ئیلام و بەتایبەت بەشی باکووری ئەو پارێزگایە بە دەستی بێ ئیمکاناتییەوە دەناڵێنن.


هەواڵدەریی مێهر لە زاری \'\'عەلی محەممەد ئەحمەدی\'\'یەوە بڵاوی کردەوە، کۆچ کردن، کێشەی ئاوی خواردنەوە و پرسی تەندروستی لە کێشە سەرەکییەکانی گوندەکانی پارێزگای ئیلامن و پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای ئەو کێشەگەلە لە نیازە خێراکانی ئەو گوندانە دێنە ئەژمار.
ناوبراو وتیشی: \'\'هەتا ئیستا چەندین جار لە مەجلیسدا سەبارەت به کۆچی گوندشینانی پارێزگای ئیلام بۆ پاریزگاکانی دیکەی ئێران و شارە گەورەکان هوشداری جیددیم داوە، بەڵام هیچ گرینگییەک بەم پرسە لەلایەن مەجلیسی ئێرانەوە نەدراوە\'\'.
پارێزگای ئیلام پلەی یەکەمی لە کۆچ کردندا هەیە و گوندنشینەکانی ناوچە مەحروومەکانی ئیلام بۆ ناوەندی شارەکان و لە شارەکانەوە بۆ ناوەندی پارێزگاکان و لە ناوەندی پارێزگاکانەوە بۆ شارە گەورەکان کۆچ دەکەن.

7261.jpg

چەندین ساڵە بە شێوەی بەردەوام لە مەجلیسی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بگرە هەتا ناوەندەکانی دیکەی بڕیاردان، بەڵێنیی چارەسەرکردنی پرسە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای ئیلام دەدرێت، بەڵام ئەو بەڵێنییانە لە ئاستی قسەیەکدا ماونەتەوە و هیچ هەنگاویکی کردەیی‌یان لەلایەن بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ هەڵنەگیراوە.

پارێزگای ئیلام پلەی یەکەمی لە ئاستی کۆچکردندا هەیە و لە هەندێ بواریشدا وەکوو هەژاری لە پلەی یەکەم لە ئاستی ئێران دایە.
بێکاری و نەبوونی سەرماگوزاری، پرس‌گەلێکی دیکەن کە بەرۆکی ئەو پارێزگا کوردنشینەی گرتووەتەوە و بە وتەی نوێنەری شارەکانی دێهلۆڕان و دەرەشار و ئابدانان، دابین نەکردنی بوودجەی پێویست لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەکان لەو پارێزگایە کۆمەڵێک کێشەی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
پاریزگای ئیلام یەک لەسەر سەدی (٠١%) حەشیمی ئێرانی لە خۆ گرتووە کە بەپێی یاسا دەبێ لەسەدا یەکی بوودجەی ئێران بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان بکرێت، بەڵام هەمیشە بەشێکی زۆر کەم لە پشکی پارێزگای ئیلام بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان کراوە.

7262.jpg

هەرچەندە چەندین پاڵاوگەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە پارێزگای ئیلامدا بوونی هەیە، بەڵام بەپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هێزە بوومەییەکانی ئەو پارێزگایە کەڵک وەرناگرن و لە پارێزگا فارس‌نشینەکانی ئێرانەوە هێزی کار رەوانەی ئەو پاڵاوگە نەوتییانە دەکەن، لە کاتێکدا لە پارێزگای ئیلامدا هێزە کارامە و خوێندەوار و پسپۆر، بوونی هەیە کە هەنووکە بە بێکاری ماونەتەوە، یان لە شارەکانی دیکەی ئێراندا بە کارگەلێکی دیکەی جیا لە پسپۆریی خۆیان سەرقاڵ بوون.
پێشتر ماڵپەڕی کوردستان میدیا هەواڵە پێوەندییەدارەکانی بێبەشی و بێ ئیمکاناتی ژمارەیەک لە گوندەکانی پارێزگای ئیلامی وەکوو مێهدی ئاوا، حەسەن قەندی، چەم هیندی و کۆمەڵێکی دیکە لە گوندەکانی ناوچەی دەشتی عەباس سەربە بەخشی \'\'مووسیان\'\'ی شارستانی دێهلۆڕان بڵاو کردبووەوە.