کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی زۆرینەی سینای ئامریکا لە گەڵاڵەی قورسترکردنی گەمارۆکان

14:35 - 12 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: گەڵاڵەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران، هەتا ئێستا بە شێوەی نافەرمی پاڵپشتیی لە سەدا ٦٠ی ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکای وەرگرتووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مارک ئیستیون کرێک، سیناتۆری کۆماریخوازی ئامریکا رایگەیاندووە کە ٦٠ کەس لە سیناتۆرە ئامریکاییەکان لەگەڵ پەسەند کردنی گەڵاڵەی نوێی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران، هاوڕان.

دوای دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لە دانیشتنەکانی ڤییەن کە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ کۆتایی پێهات، کۆماریخوازان کە هەتا یەک مانگی دیکە زۆرینەی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە دەستەوە دەگرن، هەواڵی قورستر بوونی گەمارۆ ئابوورییەکانیان بڵاو کردەوە.

لەم پێوەندییەدا، مارک ئیستیون کرێک، گەڵاڵەیەکی نوێی بۆ سەپاندنی گەمارۆی قورستر بە دژی رێژیمی ئێران داڕشتووە.

ئەم سیناتۆرە کۆماریخوازە کە سێ ساڵ لەمەوبەر گەڵاڵەی گەمارۆ ئابوورییەکانی بانکی ناوەندی و شیرکەتی نەوتی ئێرانی داڕشت و لەلایەن کۆنگرەوە پەسند کرا، رایگەیاندووە کە گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن ٦٠ کەس سیناتۆرەوە پەسند کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هەتا ئێستا ١٧ کەس لە سیناتۆرە دێموکراتەکانیش، لە گەڵاڵەی قورستر کردنی گەمارۆی دژی رێژیمی ئێران پاڵپشتییان کردوە.
مارک کرێک پاش داسەپاندنی خولی یەکەمی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١١ رایگەیاندبوو کە: دەبێ گەمارۆکانی دژی رێژیمی ئێران تا رادەیەک قورس بکرێت کە نان لە دەم خەڵک بگرێتەوە.

بە راگەیاندنی هەواڵی قورستر بوونی گەمارۆئابوورییەکانی دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکاوە، نرخی دراوی ئێران لە نێو دراوەکانی جیهاندا رەوتێکی دابەزینی بە خۆیەوە گرتووە و نرخی بژێوی ژیانی رۆژانەی خەڵک لە ئێران بە توندی هەڵکشاوە.