کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی و هاودەنگیی کۆمیتەی سۆرانی حیزبی دێموکرات و حیزبی شیوعیی کوردستان لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کورد

15:05 - 2 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: کۆمیتەکانی سۆرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی شیوعیی کوردستان بە بەڕێوەبردنی رێپێوانێک لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کورد و قوربانیانی شنگال هاوسۆزی و یەکدەنگیی خۆیان دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، ئەندامانی کۆمیتەتی سۆرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها حیزبی شیوعیی کوردستان لە بەردەم نوێنەرایەتیی حیزبی شیوعیی لە سۆران رێپێوانێکیان بەڕێوە برد.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو رێپێوانە لە سۆران لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا بە هەاڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: ئەو رێپێوانە بە مەبەستی هاودەنگیت لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کوردی و هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی شنگال، بەتایبەت کچان و ژنان کە هەنووکە ئەسیری گرووپی تێرۆریستیی داعشن، بەڕێوە چووە.

ئەو رێپێوانە لە دەفتەری حیزبی شیوعیی هەتا بەردەم نوێنەرایەتیی پارلمانی هەرێمی کوردستان لە سۆران درێژەی هەبوو.

لەو رێپێوانەدا بەیاننامەی هاوبەشی کۆمیتەکانی سۆرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی شیوعیی کوردستان بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی لە زیندانیانی سیاسی و هاودەردەی لە گەڵ قوربانیانی شنگال خوێندرایەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شوێنی بەڕێوەچوونی رێپێوانەکان رایگەیاند کە دوکتور رۆژان ئاشتاب چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی پێشکەش کردوە.

ئەو رێپێوانە لەلایەن تەلەفزیۆن و راگەیەندنەکانی هەرێمی کوردستان رووماڵ کرا.

بەشدارانی رێپێوانی هاودەنگیی لەگەڵ زیندانیانی سیاسیی کورد لە سۆران دروشمیان دژی رێژیمی ئێران و دەسەڵاتی رۆحانی بەرز کردەوە.

لەو پەیوەندییەدا رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستانی رۆژهەڵات کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی ومەدەنی کوردی کوردستانی رۆژهەڵات، تورکیە و عێراق لە بەردەم پارلمانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد.

کۆمیتەی بونیادی یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو.

مانگرتن لە خواردنی زیندانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە کە رێکەوتی ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی دەستی پێکرد هەتا رێکەوتی ١ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی بەردەوام درێژەی هەبووە بەڵام هەنووکە هەندێک لە میدیاکان رایانگەیاندووە کە زیندانیانی سیاسی مانگرتن لە خواردنیان شکاندووە کە هەتا ئێستا راستی ئەو هەواڵە پشت‌راست نەکراوەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە رێکەوتی ٢ی بەفرانباری ١٣٩٣ی هەتاوی دوای بڵاوبوونەوەی چەندین هەواڵ لەمەڕ کۆتایی بە مانگرتن، بنەماڵەی دوو کەس لە زیندانیانی سیاسیی مانگرتوو رایانگەیاندووە کە لە دۆخی منداڵەکانیان هیچ زانیاریەکیان لە بەردەستدا نییە و جەختیان کردووەتەوە کە هیچ هەواڵێکی راست لە کۆتایی هێنان بە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی کوردی زیندانی ناوەندیی ئورمیە لە بەر دەستدا نییە.