کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکاریی رێکەوتننامەی کاتیی ژنێڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

15:41 - 18 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانە ناوکییەکان لەگەل شەش وڵاتی زلهێزی جیهان، بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکانی خۆی کەرەستەی زیاتری کڕیوە

بڵاڤۆکی ئامریکایی فارن پالیسی لە وتارێکدا لە زاری کارناسانی ئامریکاییەوە هەوڵی لە پێشێلکاریی رێکەوتننامەی کاتی ژنێڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە بڵاو کردەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە راپۆرتێکدا بۆ شاندی کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران کە چاوەدێری بەڕێوەبەرایەتی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی داسەپاو بە دژی رێژیمی ئێران دەکات، رایگەیاند کە رێژیمی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا کە لە وتووێژ و دانوستانەکان لەگەڵ گرووپی ١+٥ بووە، لە هەوڵی پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئاوی قورسی ئەراکدا بووە.

رێژیمی ئێران لە حاڵێکدا بۆ پەرەپێدانی دامەزراوە ناوکییەکانی خۆی و چالاکی ئاوی قورسی ئەراک کەرەستەی زیاتری کڕیوە کە یەکێک لە بەرچاوترین کێشە و گرفتەکانی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان کەرەستەی ئاوی قورسی ئەراک بووە.

بەرهەمی چالاکیی نیروگای ئاوی قورسی ئەراک پلوتونیۆمە و گرووپی ١+٥ لە سەر ئەو بڕوایەدایە کە رێژیمی ئێران هیچ پێویستێکی بە بەرهەمهێنانی ئەو ماددە نییە و لە ئەو بەرهەمە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی کەڵك وەردەگرێت.