کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلاماردانی کوردستان نیشانەیەکی تری نیزیکبوونەوەی ڕووخانە

23:46 - 22 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

ڕۆژی ڕابردوو واتە ٢١ی بانەمەڕ سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە کردەوەیەکی تێرۆریستییانەی دیکەیدا پەلاماری ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانی دا و بووە مایەی زیانگەیاندن بە ژینگەی ناوچەکە و چێکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو خەڵکی سڤیل و مەدەنی.

ئەم کردەوە هیستریاییەی ڕێژیم هاوکاتە لەگەڵ دوو مژاری گرینگی نێوخۆیی و مژارێکی دەرەکی کە بووەتە مانشێتی زۆرێک لە میدیا  و ڕۆژنامەکان؛ مژارە نێوخۆییەکان بریتین لە گرانبوونی پەیتاپەیتا و سەرسوووڕهێنەری کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان و هەروەها بەردەوامی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە نێو چینە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگا و مژارە دەرەکییەکەش بریتییە لە بێئاکاممانەوەی دانیشتنەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام کە پێکەوە کۆماری ئیسلامییان لە ئاستی هەرەبەرزدا تۆقاندووە.

بەڵام پرسیاری سەرەکی کە وڵامەکەی لەڕاستیدا مژاری کەتواری ئەمجارەشە ئەوەیە کە چ پێوەندییەک هەیە لە نێوان ئەو ڕووداوانەی کە لە ئێراندا تێدەپەڕن لەگەڵ هەوڵی تێرۆریستیی سپا؟

ئەوەیکە ڕوونە سەرەکیترین ئامرازی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ بەردەوامیی ژیان ئامرازی سەرکوت و داپڵۆسینە و لانیکەم لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئەم هەقێقەتە بۆ هەمووان و بەتایبەت بۆ خەڵکانی نیشتەجێ لەو جوغرافیایە کە بە ئێران دەناسرێ ڕوون و ئاشکرا بووەتەوە؛ واتە لە کرداردا دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستەدا خاوەنی هیچ چەشنە ڕەواییەکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی نییە و لەدەس دەرچوون و لێکترازانی ئەو نەزمەی کە بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندبووی زیاتر ئەم کەتوارەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆ خەڵک گرینگ نییە ڕێژیم چی دەوێ؟ بەڵکوو ئەوەی بەلایانەوە لە سەرەتیدایە هەوڵدانە بۆ مان و ژیانکردن.

کاتێک کە ئەمە بووە سەرەتیی ژیان، ئیتر خەڵك لە داپڵۆسین و هەڕەشە و چاوسورکردنەوەی سپا یان هێزی ئینتزامی یان هەر ئۆرگانێکی سەرکوتکەری دیکەی ڕێژیم ناسڵەمێتەوە و لەو شوێنەدا کە حکومەت پێی وایە "اقتدار"ی هەیە لە ڕەوایی دەخات؛ دەڕژێتە سەر شەقام، دروشم دەدا، مان دەگرێ، بەگژ داگیرکەردا دەچێت و دەشکوژرێ! بەڵام دیسانەوە دێتەوە و ڕادیکاڵتر دروشم دەدات.

لەم ماوەیەشدا کە دۆخی ژیان ئەستەمتر لە هەر کاتێک بووەتەوە و چینی مامناوەند و لەو نێوانەشدا توێژی مامۆستایان، کە لە سەر شەقام بوون و هەن، سەلماندیان کە جگە لە تاقمێکی سەر بە دەسەڵات کە مشەخۆری دەکەن بۆ مانەوەی خۆیان، کەسێکی تر لەو چوارچێوە جوغرافیاییەدا نییە تاکوو پشتگیری حکومەتی خۆسەپینی تاران بکات، دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی ڕێڕەوی فەوتان و نەمانی خۆی دەپێوێ. ئەم ڕاستییە وەک چۆن بۆ ئێمە ڕوون و ئاشکرایە بەهەمان ڕێژە و بگرە زیاتریش بۆ چەکدار و تاقمە نیزیکەکانی دەسەڵاتیش ئاشکرایە. لێرەدایە کە ترس تەوقی سەری دیکتاتۆر دەتەزێنێ و دەیخاتە کەشێکەوە کە وڵام بۆ ئەم پرسیارە بدۆزێتەوە: ئێستە کە نە خەڵکم لەگەڵە و نە مشەخۆرەکانم باوەڕیان پێم ماوە، دەبێ چی بکەم؟

لە وەها دۆخێکدایە کە ترس بەسەر لۆژیک و مەنتقدا زاڵ دەبێت و بڕیاری هیستریایی پەلاماردان دەدات جا چ بۆ سەر ناڕازییان بێت لە سەر شەقام، وەک ئەوەی لە خوزستان دەیبینین، چ پەلاماردان بێت بۆ سەر دژبەران کە ئەو وەک دژمن دەیناسێ، وەک ئەوەیکە لە ڕۆژی ڕابردوو بۆسەر کوێستانەکانی کوردستان دیتمان.

کەواتە دەتوانین ئاوها کورتی بکەینەوە کە ڕێژیم لە ئێستەدا کە ناتوانێ گرانی هەوسارپچڕاو کۆنترۆڵ بکات، ناتوانێ خەڵک ئۆمیدەوار بکات بە داهاتوو، ناتوانێ قەیران و مەزنەقەیرانە جۆربەجۆرەکان چارەسەر بکات، ناتوانێ گەرەنتی ئەوە بدات بە دەستەوە کە لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە تا ئەرخەیانی ببەخشێتە تاقمە نیزیکەکانی خۆی و دەشبینێ کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەڵک سوورتر دەبن لەسەر خواست و داواکانیان، بۆ مەسرەفی ناوخۆیی هێزەکانی، دەس دەبات بۆ پەلاماردان تا دواتر بتوانێ بە فریوخواردووانی بڵێ: ئەوەتا من هەر ماوم! غافڵ لەوەیکە ئەو مانە خەیاڵییە و ئەمڕۆ بێ یان سبەی خۆی لە زبڵدانی مێژوودا دەبینێتەوە؛ جا ئەمە بەستراوەتەوە بە ئیرادەی ئازادیخوازان بۆ بەردەوامی لە خەبات و  ئامادەبوون بۆ دانی نرخ.