
تاهیر قاسمی
گەلی کورد مێژوویەکی سەدان ساڵەی لە خەبات و تێکۆشانی چەکدارانە بۆ ڕزگاریی خۆی و خاکەکەی لەدەست داگیرکاری و چەوسانەوەی نەتەوەیی تۆمار کردووە. لە مێژووی نیزیکدا ڕەنگە سەرەتای ئەو خەبات و تێکۆشانە بۆ بەرەنگاریی خانی لەپزێرین لەحاند زێدەخوازیی دەسەڵاتی مەزهەبیی سەفەوی و بەرخۆدانی قەڵای دمدم و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بەو بەرخۆدانە بگەڕێتەوە. خەبات و بەرخۆدانێک کە دواتر لە شێوەی شۆڕش و سەرهەڵدانی چەکداریدا بەردەوام بوو. شۆڕشی میرە کۆرەی ڕەواندز لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەی زایینیدا بە دەسپێکی ئەو سەرهەڵدان و بەگژداچوونەوانە هەژمار دەکرێ کە دواتر لە سەرهەڵدانی بەدرخان، ڕاپەڕینی یەزدانشێر، شۆڕشی شێخ عوبەیدوللای نەهری، شۆڕشی سمکۆ، بەرخودانی شێخ مەحموودی حەفید، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی ئارارات و پاشان ڕاپەڕینی سەید ڕەزای دێرسیم و شۆڕشی بارزاندا درێژەی کێشا. هەر کام لەو شۆڕش و ڕاپەڕینانە توانیان لە چەند مانگەوە تا چەند ساڵ درێژە بە شۆڕشەکەیان بدەن و لەو ماوەیەدا گەلێک قارەمانەتی دژ بە داگیرکەران بنوێنن. دیارە لەو مەودایەدا زۆر سەرهەڵدان و بەرەنگاریی دیکەی بە ژمارەی چەکدار کەمتر، بە ناوچەی سەرهەڵدان بەرتەسکتر و بە ئامانجی ڕاپەڕین بچووکتریش هاتوونە ئاراوە. خاڵێکی هاوبەشی هەمووی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، ڕێکخستنی هێزی چەکدار و بەرەنگاریی چەکدارانەیان بووە بەڵام ئەوەی کە کەمتر لێی کۆڵدراوەتەوە و بە دەگمەن باسی لێ کراوە، ناوی هێزی چەکداری ئەو شۆڕشانە یان هەر کام لەو ڕاپەڕینانەیە. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بە شێوەی نەریتی، چەکدارانی هەر شۆڕشێک بە ناوی سەرکردە و ڕێبەری شۆڕشەکە یان ناوچەی سەرهەڵدانەکە یا ئەو هۆزەی بەڕێوەبەری شۆڕشەکە بووە یاخود ئەو سەرۆکهۆزەی فەرماندەیی چەکدارەکانی کردوە پێناسە کراوە. بۆیەش ئەگەر لە پەناوە ناوێکی گشتیتریش بۆ ئەو چەکدارانە لەئارادا بووبێ، لێکۆڵەران زۆر خۆیان بەو بابەتەوە ماندوو نەکردوە. بۆ وێنە لە شۆڕشەکەی سمکۆدا هێزە چەکدارەکە بە ناوی لەشکری سمکۆ یان لەشکری شکاک کە هۆزی سەرەکیی پێکهێنەری لەشکرەکە بوو، ناوی دەبرا. دیارە هێندێک جار هێزە چەکدارەکە بە ناوێکی گشتیتریش ناوی بردراوە وەک لەشکری شەریعە بە بۆنەی بارە ئایینییەکەی شۆڕشی شێخ سەعید یان لەشکری مریدان بۆ شۆڕشەکەی بارزان بەڵام ناوی زاڵ هەر بە ناوی سەرۆک و ڕێبەری هۆز یان هێزەکە بووە. لەو نێوەدا هێندێک جار ناوی گشتیی وەک جوامێر، چریک، دلاوەر، فیدایی و هیتریش بەرگوێ کەوتوون بەڵام هەم جوغرافیا و ماوەی بەکاربردنیان سنووردار بووە و هەمیش مەرج نییە ئەوانە هەمیشە ناوی هێزی ئازادیخوازی کورد بووبن، چونکە هێندێک جار داگیرکەران بۆ ناوی ئەو هێزە بەکرێگیراوانەش بەکاریان بردوون کە بۆ سەرکوتی شۆڕشەکانی کورد ڕێکیان دەخستن. هەروەها ناوی "چەتە"ش هەبوو کە هەرچەند بریتی لە چریک و پارتیزانە و واتایەکی نێگەتیڤی نییە، بەڵام هەم بە هۆی هێندێک ئاکاری خراپی ئەو چەکدارە کوردانەی لە ڕابردوودا بەو ناوەوە تێکۆشانیان کردوە و هەمیش لەژێر بانگەشە و پڕوپاگەندەی داگیرکەردا، ناوەکە بێزرا و واتای دز و ڕێگر و جەردەی پێ درا. بە جۆرێک کە دواتریش ڕێژیمەکان وەک ناتۆرە دژ بە تێکۆشەرانی کورد بەکاریان دەبرد. هەروەها ناوی یاغی، حەرامی و هیتریش هەبوون کە ئەوانە ڕاستەوخۆ سازکراوی هزری دوژمنانن و لەلایەن دەسەڵاتە داگیرکەرەکانەوە دژ بە شۆڕشگێڕانی کورد بەکار دەبردرا.
لەنێو شۆڕشەکانی کورددا، شۆڕشی ئارارات بە ڕێبەریی کۆمەڵی خۆیبوون و بە فەرماندەیی ئیحسان نووری پاشا کە بە ناوی کۆماری ئاراراتیش ناو دەبرێ، توانی تا ڕادەیەک نەریتەکان بشکێنێ و بەجێی جێگیرکردنی ناوی فەرماندە و سەرکردە یان ناوی هۆزێک بەسەر چەکدار و هێزە چەکدارەکەیدا، ناوی لەشکری ئاراراتی دانا. دیارە ئەوە تاکە هەنگاوی شۆڕشی ئارارات یان ئاگری بۆ گۆڕینی چییەتیی شۆڕشی کورد نەبوو و کۆمەڵێک گۆڕانکاری و داهێنانی دیکەشی هێنایە ئاراوە کە بوون بە بنەما بۆ ئەو کۆمارەی کە پازدە ساڵ دواتر بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری مەهاباد ڕاگەیەندرا.
بەو جۆرەی لە ژمارەکانی سەرەتای ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و زمانحاڵی کۆماری کوردستاندا دەردەکەوێ، کۆمار بە پێڕەوی لە تاران و دواتر تەورێز، لە سەرەتادا ناوی چەکداری خۆی بە سەرباز، فیدایی و فیداکار ناو هێناوە و دواتر وەک دەگوترێ لەسەر پێشنیاری پیرەپیاوێکی دنیادیتە، ناوی "پێشمەرگە"ی هەڵبژارد. سەبارەت بە بنەمای ئەو ناوە بۆچوونی جیاواز هەیە؛ هێندێک بۆ نەریتێکی نێو دەرباری پاشاکانی دەگەڕێننەوە کە لەوێ کەسێک بە ناوی "پیشمەرگ" هەبووە و هەموو ژەمان دەبوو لە پێشدا ئەو خواردنە تاقی بکاتەوە کە قەرار بوو پاشا لێی بخوا. دیارە ئەوە دابێکی گشتی و باوی نێو خەڵک نەبووە و ئاستەمە ناو و پیشەیەکی ئاوا لە کۆشکی پاشایەتییەوە تا نێو کۆڵان و ماڵانی کوردستانی ئەو سەردەم شۆڕ بووبێتەوە. بە تایبەت کە کۆماری کوردستان لە لایەک هەوڵی داوە وشەی کوردیی ڕەسەن لەسەر بوار و پیشە و کاراکتەرە جۆراوجۆرەکان دابنێ و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە بە دوای ئیلهاموەرگرتن لە سیستمی پاشایەتی و ژیاندنەوەی داب و نەریتەکانی نێو کۆشک و سەرسەرای پاشایەتیدا بووبێ. بەڵام ئەگەر وتەی پیرەپیاوە دنیادیتەکە بە بنەما وەربگرین کە وا دیارە پێشنیارەکەی لە ناخی کۆمەڵگە و لە قووڵایی مێژووی کوردستانەوە هاتووە، ڕەنگە مێژووی بەکارهێنانی ناوی پێشمەرگە وەک چەکداری ئازا بۆ زۆر کۆنتر بمانگەڕێنێتەوە. لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لە کەوناردا کوردستان کانگایەکی گرینگ و سەرەکیی ئایینی مێهری یان میترایی بووە. لە دابەشکاریی پلەکانی ئەو ئایینەدا، پلەی سێهەم بە سەربازانی میترا دراوە کە لەنێو چوار ماکەکەدا، پلەی خاک هی ئەوە و ئەرکە سەرەکییەکەی پاراستنی مەرگە (مێهرگە، مێهرکەدە، ماڵی پیرۆزی میترایییان) و نیشتمانی میترا بووە. بەو پێیە پێشمەرگە ئەو چەکدارە ئازایە بووە کە لە پێش "مەرگە"ی میترایی ڕاوەستاوە و ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لەو شوێنە پیرۆزە و لە وڵاتی پیرۆزی میترای لە ئەستۆ بووە. ئەگەرچی بە کاڵبوونەوەی ئایینی مێهری (مەری، مێری، میترایی) لەنێو کۆمەڵگەدا سرووشتییە ناوی پێشمەرگەش بەو واتایە کاڵ بووبێتەوە بەڵام وا دیارە لە هزری پیرانی ناوچەکەدا ماوەتەوە تا سەرەنجام لە کۆماری کوردستاندا جارێکی دیکە ژیایەوە و واتایەکی نوێی پێ درایەوە.
کۆماری کوردستان تەنیا حکوومەتێکی کورتخایەنی یازدە مانگە لە ناوچەیەکی بەرتەسکی کوردستاندا نەبوو بەڵکوو ڕاستەڕێگای ڕزگاریی بە کورد نیشان دا و لە زۆر بارەوە نەخشەی دەسەڵات و خۆ بەڕێوەبەریی بۆ گەل داڕشت. یەک لەوانە بڕیاری دانانی ناوی پێشمەرگە و دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو. کۆماری کوردستان بەو بڕیارە نەک هەر ناوی پێشمەرگەی بە نەتەوەیی کرد بەڵکو شوناس و پێناس و ئامانجی پێشمەرگەشی گۆڕی و کۆتایی بەو نەریتە هێنا کە تێکۆشەری شۆڕشگێڕی کورد بەناوی چەکدار، تفەنگچی یان پیاوی فڵان سەرکردە و فیسار هۆز، خۆی و ئامانجە نەتەوەییەکەی بچووک بکرێتەوە. لەوە بەدوا پێشمەرگە لە چەکداری سەرۆک و هۆز تێپەڕی و بوو بە پێشمەرگەی کوردستان. کوردستانێک کە داگیر کراوە و مافی ژیانی ئازاد لە گەلەکەی و سەربەستی لە نیشتمانەکەی ئەستێندراوە. بەوەش پێناسەی پێشمەرگە لە چەکدارێکی ئاسایی جیا کرایەوە. پێشمەرگە ئیدی تەنیا لە پێوەندیی چەکەکەیدا تەعریف وەرناگرێ بەڵکو مرۆڤێکی تێکۆشەری کوردە کە بۆ لابردنی هەڵاواردن و سڕینەوەی ستەم بە تایبەت ستەمی نەتەوەیی تێدەکۆشێ و هەوڵ دەدا نەتەوەکەی ئەویش وەک هەموو نەتەوەکانی دنیا، نە زیاتر و نە کەمتر، مافی بەرابەر و یەکسانی هەبێ. لەم پێناوەشدا خۆبەخشانە و بێ هیچ چاوەڕوانییەکی مادی، لە ژیان و گیانی خۆی مایە دادەنێ. وێڕای ئەوە، ئەگەرچی وشەی مەرگ لە پێکهێنانی ناوی پێشمەرگەدا دەوری هەیە، بەڵام پێشمەرگە لەپێناو ژیانێکی نادیاری دواڕۆژدا، بۆ مردن و شەهیدبوون ناجەنگێ بەڵکو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد بۆ خۆی و گەلەکەی و لەپێناو ڕزگاریی خاکەکەیدا، بۆ نەهێشتنی سیاسەتی قەڵاچۆکردنی نەتەوەکەی خەبات دەکا و پێش بە مەرگی گەلێک دەگرێ.
دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، وەستان و بێدەنگییەکی پازدە ساڵە بەسەر خەباتی چەکدارانەی پێشمەرگەدا هات، لێ کۆماری کوردستان یادگارییەکی لەوە زۆر گەورەتر و بە نرختر بوو کە بەو وەستان و بێدەنگییە ناوی پێشمەرگە لەبیر بچێتەوە یان ئامانجەکانی کاڵ ببنەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی سی و سەرەتای دەیەی چلی هەتاویدا تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە جێگیربوونیان لە دیوی گەرمێن و بەشی باشووری کوردستان توانیان جارێکی دیکە خۆیان وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێک بخەنەوە و خەباتی پێشمەرگانەیان بە شێوەی چەکدارانە دەست پێ کردەوە. بە تایبەتیش لە نێوەڕاستەکانی دەیەی چلی هەتاویدا خەباتێکی خوێناوییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ خست. هاوکات لە باشووری کوردستانیش شۆڕشی ئەیلوول تا ڕادەیەکی زۆر بە بنەماکانی کۆماری کوردستان وەفادار مایەوە و ناوی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لەسەر هێزە چەکدارەکەی خۆی دانا. لە باکووری کوردستانیش هێندێک جموجۆڵی پێشمەرگانە و بە ناوی پێشمەرگە هاتنە ئاراوە و هەمووی ئەوانە لە بووژاندنەوە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگەدا کاریگەریی گرینگیان دانا. وێڕای ئەوانە زیندوویی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان کە هەمیشە خواستی خەڵکی کوردستان و، وەدیهێنانیان مەبەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، ئیخلاقی سیاسی و هەڵسوکەوتی درووستی زۆرینەی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ خەڵک و ئەوە کە پێشمەرگە لە ناخی ئەو خەڵکەوە هەڵقوڵاوە و، ئاستی فیداکاری، گیانبازی و ئازایەتیی پێشمەرگە لە هۆکارە گرینگەکانی خۆشەویستیی زۆری خەڵک بۆ پێشمەرگە و پەرەگرتنی ناو و شوناسی پێشمەرگە لەلای دۆست و دوژمنە. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، هێزی پێشمەرگەی کوردستان جارێکی دیکە لە سەر جوغرافیای کۆمار و بە پانتاییەکی زۆر بەرینتر ڕێک خرایەوە و گەلێک قارەمانەتی نواند کە دەورێکی گرینگ و کاریگەری دیکەی لەسەر پەرەگرتن و خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگە دانایەوە. بە جۆرێک کە چەندان هێزی چەکداری غەیرەکورد لە ئێران و عێراقیش هەر بە ناوی پێشمەرگە لە کوردستان خەباتی خۆیان دەست پێ کرد. هەمووی ئەوانە و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی دواتر وایان کرد کە ناوی پێشمەرگە لە ئاستی نێونەتەوەییشدا ببێ بە ناوی کاراکتەرێکی ڕزگاریخواز و جێگای ڕێز و ستایش بۆ هەموو جیهان. لەم نێوەدا دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستانیش بێکار دانەنیشتن و سەرەڕای هێرش و پەلاماری ڕاستەوخۆیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هەوڵیان دا ناوی پێشمەرگەش بزڕێنن و پێناسەی پێشمەرگە لە هزری خەڵکی کوردستان و بێگانەدا بشێوێنن بەڵام سەریان لە بەرد درا و بۆیان نەکرا. ئەوە بوو کە کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا بە دامەزراندنی "ڕێکخراوی پێشمەرگە موسوڵمانەکان" کەوتە پیلان و چەواشەکارییەوە و ویستی کڵاوێک لەو لبادە بۆخۆی بدروێ و سەرنجی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگەی خۆیەوە بۆ لای ئەو هێزە بەکرێگیراوە ڕابکێشێ. لەوە بێخەبەر بوو کە خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ژیر و وریاتر بوون کە بە شتی ئاوا فریو بخۆن. کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی فرەئایینە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش هەر لە کۆماری کوردستانەوە بەجێی هەڵگرتنی پێناسەی ئایینێکی تایبەت، بۆ پاراستنی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دامەزرا و تێکۆشا. سازمانی پێشمەرگە موسوڵمانەکانی کۆماری ئیسلامییش لە هزر و ڕوانینی خەڵکی کوردستاندا هەر لە سەرەتاوە بە ناوی جاش لەدایک بوون و هەر بە جاشیش مانەوە.