ڕێژیمی ئێران بەپێچەوانەی بەڵێنە نێونەتەوەییەکانی خۆی لەبواری مافی منداڵاندا، ژمارەیەک لە قوتابییانی شاری ئیلامی لە چوارچێوەی سەفەرەکانی ڕاهییانی نووردا، ڕەوانەی ئەو ناوچانەی ئێران کردووە کە شەڕیان تێدا کراوە.
ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەز، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی بەرنامە نیزامی و ئیدئۆلۆژیکەکانی خۆیدا، ٢٥٠ قوتابیی لە شاری ئیلامەوە بۆ ناوچەکانی شەڕ ناردووە.
بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە ئیلام ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە، ٧٥٠٠ قوتابیی کچ و کوڕ لە سەرتاسەری پارێزگای ئیلامەوە و لە چوارچێوەی کاروانەکانی ڕاهییانی نووردا ڕەوانەی ئەو ناوچانەی ئێران کراون کە شەڕیان تێدا کراوە.
ئەم کاروانانە سەردان و بینینی ناوچەکانی شەڕ، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ناوەرۆکی توندوتیژ و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیک لەخۆ دەگرن کە ئەمە کەڵکوەرگرتن لە منداڵان وەکوو کاڵا و هەروەها پێشێلکردنی ئاشکرای پەیماننامەی مافی منداڵانە.
بەپێی پەیماننامەی مافی منداڵان، کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ وەکوو منداڵ بەئەژمار دێن و کەڵکوەرگرتن لێیان لە چالاکییە نیزامییەکاندا قەدەغەیە.
ڕێژیمی ئێران کە لە ساڵی ١٣٧٣دا پەیوەستی ئەم پەیماننامەیە بووە، چەندین جار لە بواری پەروەردەی نیزامیی منداڵان، هاوسەرگیری و باقی حاڵەتەکانی دیکە بەڵێنەکانی خۆی پێشێل کردوون و ناردنی قوتابییان بۆ ئەم سەفەرانە نموونەیەکی ئاشکرا لە بەردەوامیی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.