
شەماڵ تەرغیبی
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، خەڵک ساڵانە بە ڕێزەوە لە کۆتاشەوی وەرزی پاییز کە پێی دەوترێت شەوی یەڵدا یان شەوچلە، یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەورە و مێژوویی شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات، دوکتور قاسملووی مەزن دەکەنەوە و بە ڕێگای جۆراوجۆر ئەو یادە بەرز دەنرخێنن.
"یەڵدا" کە درێژترین شەوی ساڵە، لەڕووی سیاسی و هزرییەوە بەتەواوی بووەتە بۆنەیەکی "گرینگی سیاسی و نەتەوەیی" کە داگیرکەری تارانی بەتەواوی نیگەران و پەشۆکاو کردووە.
گەلی کورد لەو بەشەی وڵاتدا، ئەو شەوە وەک دەرفەتێک کە تێیدا وەفاداری بۆ ڕێبەرەکەیان دەردەبڕن و بەڵێن لەگەڵ ئامانج و خەباتە ڕەواکەی نوێ دەکەنەوە، دەبینن و دەڵێن: تا سەرکەوتن، بەو ڕێگا و ڕێبازە نیشتمانییە وەفادار دەمێننەوە و دژی ستەمی سیاسی و نەتەوەیی بەردەوام دەبن لە خەبات و تێکۆشان و پشتیوانی لە هەنگاوە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانی حیزبەکەی قاسملوو دەکەن کە بە درێژایی تەمەنی سیاسی و مێژوویی خۆی، پێشڕەویی خەباتێکی ڕەوا و دێموکراتیکی نەتەوەیی کردووە.
شەوی یەڵدا جیا لەوەی کە بووەتە هەوێنی بەڵێن نوێکردنەوەی گەلی کورد لەگەڵ هزر و ڕێبازی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو، بەلای خەڵکی کوردستانیشەوە گرینگی و تایبەتمەندیی سیاسیی ئەوتۆی وەرگرتووە کە دەرفەتێکە بۆ هاوخەباتی و یەکگرتوویی سیاسی و هەوڵدان بۆ ڕووخانی حکوومەتی ئاخوندی کە بووەتە هۆکاری گەورەی قەیرانی سیاسی و بەسەریەکداڕووخانی ژێرخانی ئابووری و تێکچوونی هاوسەنگیی سیاسی و لێکترازانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی گەلانی وڵات بەهۆی هەژاری و بێدەرەتانییەوە.
شەوی یەڵدا بووەتە بۆنەیەکی بەتەواوی سیاسی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بەشێکی بەرچاو لە ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانە، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی ڕاست لەو شەوەی ساڵدا د.قاسملوو کە پاشان بوو بەو سیما دیار و تێکۆشەرەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە دنیا هەڵێناوە و وەک ڕێبەرێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی توانی بزووتنەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان بەهێز و بەربڵاو بکات و بەشێکی بەرچاوی ئازادیخوازانی کورد و ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی سیاسی و سەربەستیی کوردستان لە دەوری بەرنامەی ڕوونی سیاسیی حیزبدا کۆ بکاتەوە.
د.قاسملوو سەرەڕای ئەو هەموو کەندوکۆسپەی کە لە نێو بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا دەهاتە سەر ڕێگای تێکۆشانی، کۆڵی نەدا و سەرەنجام جگە لە بەهێزکردن و وەسەریەکخستنی جووڵانەوەی سیاسیی کوردستان، هەنگاوی گەورەی لە بواری وشیاریی سیاسی و نەتەوەییدا هەڵگرت و بە جۆرێک خەباتی کرد کە "حدکا"ی کردە هێزێکی کرداری و بەتەواوی سەربەخۆ و لە وابەستەییی سیاسی و تەشکیلاتی بە لایەنی تری کوردستانی و ئێرانی بەتەواوی پاراستی و خستییە سەر ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی لەپێناو ئامانجە سیاسی و نیشتمانییەکاندا.
دژواری و ڕۆژە سەختەکانی تێکۆشان نەیانتوانی شوێن لەسەر ئیرادە و خۆڕاگری و ئەو باوەڕە قووڵەی بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی هەیبوو دابنێن و لە بەرخۆدانی نەتەوەیی و لە حیزب دایبڕێنن. بەداخەوە زۆر جار لە نێوخۆی حیزبیشدا هێرش دەکرایە سەری و لەژێر بیانووی جیاجیادا هەوڵیان دەدا لە حیزب دووری بخەنەوە، بەڵام وشیاری و بەرچاوڕوونیی تەشکیلاتیی حیزب و تێکۆشەرانی حدکا، ڕێگرییان لەو گەلەکۆمەیە دەکرد و بەردەوام پشتیوانییان لە هەنگاوە سیاسی و تەشکیلاتییەکانی د.قاسملوو دەکرد و پێگەیان زیاتر بەهێز دەکرد.
د.قاسملوو سیمایەکی کاریگەر و تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە و خاکی و کرداری و بوێر بوو لە دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی و نەتەوەییدا و هەر لەو کاتەشدا دیپلۆماتکارێکی بەئەزموونی سیاسی و ناسراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بوو؛ دۆستەکانی بەگشتی بایەخی زۆریان بە سەرنج و بیروڕاکانی دەدا و بە مرۆڤێکی شایستە و شیاوی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانی لێکردنێکیان دەزانی. هەر لەبەر ئەوەشە کە لە گەرمەی خەباتی سیاسی و چەکداریی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ڕێکخراوە سیاسی و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوە بە بەردەوامی پێیان لە کوردستان بوو.
گەلی کورد وەک وەفایەک بۆ گەورەپیاوێکی مێژووی هاوچەرخی سیاسیی خۆی، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو شەوە و بەڕێزەوە چاو بە وێستگە گرنگ و جەوهەرییەکانی قۆناغە جۆراوجۆرەکانی بەرخۆدانی نەتەوەیی ڕێبەری گەورە د.قاسملوودا دەگێڕێت. دەمێکە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بڕیاری خۆی داوە کە بە کردار درێژەدەری ئەو ڕێچکە سیاسی و نەتەوەییە بێت کە لەسەر بنەمای جەوهەری هزری ڕێبەرانمان خەمڵێندراوە.
هەر ئەمەشە کە وای کردووە ساڵانە لە کوردستانی بندەست و لە سەختترین کەشی زاڵدا، کوردانی دەروەست و وەفادار بە ڕێبازی ئەم گەورەپیاوەی مێژوو، یەڵدا دەکەنە هەوێنی لێکنزیکبوونەوە و کۆدەنگیی نەتەوەیی؛ ئەمە ئەو کەتوارەیە کە دوژمنانی کورد لێی تۆقیون، کەتوارێک بەناوی یەکبوون و لێکنزیکبوونەوە.
سڵاو لە سەردار و هزری ڕزگاریی نەتەوەیی، دوکتور قاسملووی هەردەم لە ڕێبازدا زیندوو.