قەسری شیرین وەکوو یەکێک لە گرینگترین شارە سنوورییەکانی کوردستان سەرەڕای گرینگیی هەڵکەوتەکەی، هەبوونی سنوورەکانی خوسرەوی و پەرویزخان و هاتوچۆی شۆفێر و چالاکانی ئابووری، لەگەڵ کەمیی ئیمکاناتی فریاکەوتنی خێرای دەرمانی و پزیشکی بەرەوڕوویە.
ئەم شارە بە زیاتر لە ٢٧ هەزار کەس حەشیمەتی نەگۆڕەوە تەنیا دوو ناوەندی فریاکەوتنی خێرای ١١٥ و دوو ئامبولانسی چالاکی هەیە.
ئەم دوو ئامبولانسەش دەبێ هاوکات خزمەت بە شارەکانی قەسری شیرین، سنوورەکانی خوسرەوی و پەرویزخان، سەرپێڵ، گیەڵان و باقی ناوچەکانی سووماریش بکەن.
لەم دۆخەدا، ناردنی ئامبولانسێک بۆ مەئمووریەتی درێژخایەن، هەموو شارەکە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر تووشی کێشە و کەمیی لانیکەمی ئیمکانات دەکات و گیانی هەزاران کەس دەخاتە مەترسییەوە.
کەمیی بنکەی فریاکەوتن لە سنووری فەرمیی پەرویزخان، جێگایەک کە ڕۆژانە هەزاران بارهەڵگر، شۆفێر و کرێکار هاتوچۆی پێدا دەکەن، یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکانی خەڵکە.
نەبوونی ناوەندی جێگیری فریاکەوتنی خێرای پزیشکی لەم سنوورە، لە ئەگەری ڕوودانی ڕوووداودا دەتوانێ ئاسەواری قەرەبوونەکراوی بەدواوە بێت.
لەپاڵ قەیرانی فریاکەوتن، کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و کەرەستەی تەیاری پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئەم شارەدا نیگەرانییەکانی زیاتر کردوون.
نەخۆشخانەی ٩٦ تەختیی قەسری شیرین کە تەنیا ٦٠ تەختی بەکەڵکی تێدایە، لەگەڵ نەبوونی پسپۆڕی بێهۆشی، ژنان و منداڵبوون و منداڵان بەرەوڕوویە؛ دۆخێک کە جارجار نەخۆشەکان ناچار بە ڕاگوێزران بۆ ناوەندەکانی دیکەدا دەکات و گیانی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.
ڕوانینی ئەمنییەتی و تێکەڵ بە هەڵاواردنی ڕێژیم بەرانبەر بە کوردستان بووەتە هۆی ئەوەی کە قەسری شیرین و باقی شارە سنوورییەکانی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی ڕۆڵی گرینگ لە ئابووری، لە ئیمکاناتی خۆشبژێوی و دەرمانی بێبەری بکرێن.