کوردستان میدیا

هەینی 22ی خاکەلێوه 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

16:00 - 24 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ١١ـەمین ساڵـڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

خوێندكارانی ئازادیخواز ‌و ماڤخوازی كوردستان!
بەڕێزان، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران!
ئامادەبوانی هێژا!


بە ناوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە و یازدەهەمین ساڵی تێكۆشانی مافخوازنەی خوێندكارانی ئازادیخوازی وڵاتەكەمان لە یەكیەتیی خوێندكاراندا ئاراستەی سەرجەم لایەنگران، ئەندامان و دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێكخراوە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای سەركەوتنتان لە ئەركی پیرۆزی ڕێكخستن و هاندانی خوێندكارانی وڵاتەكەماندا بۆ پەرەپێدانی خەباتی مافخوازانە و بەشداریی چالاكانە لە ڕەوتی خەباتی نەتەوەیی دێموكراتیكی گەلەكەمان لە كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بۆ بە ئاوات دەخوازم.

بەڕێزان!

خەباتی ڕەوای گەلی كورد لە كوردستانی ئێراندا بە پێشەنگایەتیی حیٍزبی دێموكرات، بۆ دابینبوونی مافە ڕەواكانی خۆی وەكوو نەتەوەیەكی ستەم لێكراو، خەباتێكی پڕ هەوراز و نشێو و خاوەنی مێژوویەكی پڕاوپڕ لە سەروەری و شانازی و چیایەک قوربانیدان و ڕەنج و تێكۆشانە، كە بەهۆی بەشداریی چالاكانەی ڕۆڵە خەباتگێڕەكانی گەلەكەمان لە چین و توێژە جۆراوجۆرەكانی ئەم گەلە لە ڕیزی ئەو خەباتەدا، توانیویە بە درێژایی چەندین دەیە لە بەرانبەر هەر دوو ڕێژیمی سەرەڕۆ و كۆنەپەرستی پاشایەتی و ویلایەتی فەقیهدا وەكوو قەڵایەكی لە گیراننەهاتوو خۆڕاگری بكات، و سەرەڕای هەموو كاولكارییەكانی هێزەكانی ئەو دوو ڕێژیمە دژی گەلییە، مان و مەجوودییەتی خۆی و شوناسی نەتەوەكەی و زیندوویەتی و شكۆی خەباتەكەی بە سەربەرزییەوە بپارێزێت.

لەم نێوانەدا توێژی خوێندكار و نوخبەی ئاكادێمیكی پێگەیشتووی وڵاتەكەمان ڕۆڵێكی بەرچاویان لە بەرەوپێشبردنی ئەو خەباتەدا گێڕاوە و بە هێزی زانست و ئەزموونی سیاسی و ڕۆشنبیریی خۆیان پاشخانێكی دەوڵەمەندیان بۆ تەیاركردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی مۆدێڕنی كورد بە چەكی زانستی سەردەمیانە وە سەر یەک ناوە كە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی ئەو كاروانەدا ناوی شەهیدانی هەمیشە ڕێبەرمان دوكتور قاسملوو و دوكتور شەرەفكەندی وەكوو دوو ئەستێرەی پڕشنگدار تا هەتایە دەدرەوشێتەوە.

حیزبی دێموكرات هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە بە هەستكردن بە پێویستیی كەڵک وەرگرتن لە زانست و ڕۆشنبیری و تەكنیكی سەردەم بۆ بنبڕ كردنی ئاسەوارەكانی دواكەوتوویی لە كۆمەڵگای كوردستاندا هەنگاوی هەڵگرت. یەكێک لەو هەنگاوانە ناردنی كۆمەڵێک لە لاوانی كورد لە سەردەمی كۆماری كوردستاندا بۆ یەكیەتیی سۆڤیت. بە مەبەستی خوێندن لە زانكۆدا بوو تاكوو لە گەڕانەوەدا بناغەكانی پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردستان و بنیاتنانی داهاتوویەكی گەش بۆ گەلەكەمان دابڕێژن كە بە داخەوە بە هۆی تەمەنی كورتی كۆمار و ڕووخانی بە پیلانێكی نەیارانی كورد، ئەو هەنگاوە پێشكەوتنخوازانەیە بە نیوەچڵی لە بار برا و نەیتوانی ئامانجەكانی وەدی بێنێ. بەڵام حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە درێژەی خەباتی خۆیدا لە بەشداركردن و هاندان بۆ خەبات و ڕێكخستنی توێژی خوێندەواری كوردستان لە نێو ڕیزەكانی خۆیدا لە نێوخۆی زانكۆكانی ئێران و دەرەوەی وڵات ڕانەوەستا. بەشداریی چالاكانەی نوخبەكانی ئەم توێژە لە ڕاپەڕینی شكۆداری ساڵەكانی ٤٦ـ٤٧ی حیزبی دێموكراتی كوردستاندا كە شەهید ئەندازیار ئیسمایل شەریفزادە لە سیما هەرە ناسراوەكانیان بوو، چڵەپۆپەی ئەو هاوپێوەندییە شۆڕشگێڕانەیە بوو.

لە پاش سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێرانیش ڕۆڵی خوێندكارانی كورد لە ڕیزەكانی حیزبی دێموكرات و بزووتنەوەی كورددا و خەباتی ئەوان شانبەشانی چین و توێژەكانی دیكەی خەڵكی كوردستان یەكێك لە حەماسە هەتاهەتاییەكانی مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵكی كوردی خولقاند و هۆكارێكی گرینگ بۆ جێگیربوونی هەرچی زیاتری بەها مرۆییەكان و زانست و هەڵسوكەوتی سەردەمیانە لە كۆمەڵگا و بزووتنەوەی كوردستاندا بوو كە پێگەیەكی تایبەتی و جێگای ڕێزی لە نێو هەموو لایەن و پێكهاتەكانی كۆمەڵگای سیاسیی ئێراندا بۆ فەرهەنگی سیاسی و ڕۆشنبیریی بزووتنەوەی كوردستان بە دیاری هێنا.

لەم ساڵانەی دواییدا شاهیدی ئەوە بووین كە خوێندكارانی كوردیش لە زانكۆكانی سەرتاسەری ئێران و لە نێو بزووتنەوە ئیعترازییەكانی ئەو وڵاتەدا وەك خەسڵەتی هەمیشەیی بزووتنەوەی ڕەوای گەلەكەیان، ڕۆڵی پێشەنگ و خەباتكاری ڕاستەقینە و لێبڕاویان گێڕاوە و بە شوناسی نەتەوەیی خۆیانەوە گیانێكی تازەیان بە بەر خەباتی گەلانی ئێراندا بە پێشكەش كردنی گیانی پاكی چەند كەس لە خوێندكارە ئازاو بوێرەكانی كورد كردووە.

هەر لە درێژەی ئەو ڕەوتەشدا كاتێك كە كۆمەڵێك لە خوێندكارانی ماڤخواز و شۆڕشگێڕی كورد بڕیاریان دا، بۆ بە ڕێكخراوەییكردنی خەباتی خۆیان لە زانكۆ و كۆمەڵگادا، ڕێكخستنێک لەژێر ناوی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران دابمەزرێنن، حیزبی دێموكرات بە سەرنجدان بە ئامانج و بەرنامەی پێشكەوتووی ئەو ڕێكخراوەیە، لە ڕێنوێنیدان و هاوكاریكردنیان خۆی نەبوارد و هەتا ئێستاش هەردەم پاڵپشتی كار و چالاكییەكانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بووە و لە داهاتووشدا ئامادەیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواكانی ئەوان و هەموو خوێندكارانی خەباتكاری نێو ڕیزی بزووتنەوەی ڕەوای هەقخوازانەی گەلی كورد لە كوردستانی ئێران یارمەتیدەریان بێت.

لە كۆتاییدا جارێكی دیكە وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزرانی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سەركەوتنی ئەو ڕێكخراوە لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواكانیدا بە ئاوات دەخوازین و سڵاو دەنێرین بۆ هەموو ئەو خوێندكارە بە هڵوێستانەی گەلەكەمان كە لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بوێرانە بەرەنگاری سیاسەتە دژی گەلییەكانی ڕێژمی كۆنەپرەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە و لێرەوە دەستی خەبات و تێكۆشانیان بە گەرمی دەگوشین.

سەركەوێ خەباتی ماڤخوازانەی خوێندكارانی ئازادیخوازی كورد لە كوردستانی ئێران

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
محەممەد نەزیف قادری
٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی