کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان

21:46 - 20 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان، پەیامیکی پیرۆزبایی ئاراستەی لاوانی کوردستان کرد.
دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانانی بەڕێز
لاوانی دەروەست و هێژا

١٧ی دێسامبری ساڵی ١٩٩٩ی زایینی، کۆبونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی ژمارە ١٢٠/٥٤ی خۆیدا، بە هێند وەرگرتن لە راسپاردەکانی وەزیرانی کاروباری لاوانی زۆربەی وڵاتانی دونیا کەلە رێکەوتی ١٢ بۆ ٨ی ئاگۆستی ١٩٩٨ کەلە لیسبۆن بەڕێوەچوو، رۆژی ١٢ی ئاگۆستی وەک رۆژی جیهانیی لاوان دەستنیشان کرد.

ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لاوان لە سەرانسەری دونیا رۆژی جیهانی خۆیان جێژن گرت، لەو ساڵە بەدواوە هەموو سالێک لاوانی جیهان لە رۆژی ١٢ی ئاگۆستدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە کێشە و گرفتەکانی لاوان لە جیهان، هەرکامەیان بەپێی باردۆخی سیاسیی وڵاتی خۆیان رێز لەو رۆژە جیهانییە و لاوان دەگرن.

هەیئەتی ئیجرایی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی خۆی کە پێشکەشی لاوانی کورد و سەرانسەری ئێران دەکات و رێز لە خەبات و تێکۆشانی لاوان لە ئێران و کوردستان دەگرێ‌ کە بە خۆڕاگری و گیانفیدایی خۆیان بیری ئازادیخوازی و مرۆڤ تەورانەیان بەردەوام بە زیندوویی هێشتووەتەوە و قەڵای زۆرداری و کۆنەپەرستی و سەدەناوەڕاستیی کۆماری ئیسلامییان وەلەرزە خستووە.

لاوانی بەختەوەری دونیا ئەگەر ئەوڕۆکە لە باشترین ئیمکاناتی سەردەم بۆ وەدیهێنانی خەون و ئارەزووکانیان کەڵک وەردەگرن، سەردەمدارانی وڵاتەکانیان بەردەوام لە بیری ئامادەکردنی باشترین خزمەتگوزاریین بۆیان، لاوانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژانە خەڵاتیان ئەشکەنجە و زیندان و لە سێدارەدانە.

خەباتی نەتەوەی کورد و لاوانی ئازادیخوازی لە ئێراندا سەڵماندی لاوانی کورد و بزووتنەوە نەتەوەیی ــ دێموکراتییەکەی ئامادەیە بۆ دابینکردنی ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هیچ چەشنە گیانفیداییەک درێغی نەکات.

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای رێزگرتن لەو رۆژە مەزنە و پێداگری لە سیاسەتە ئوسوولییەکانی خۆی، بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر هەردەم ئامادەیە کەلە:

١ ــ لە ئاستی کوردستانی ئێراندا هاوکاری و هاوئاهەنگی خۆی زیاتر لە جاران بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە جوان و بەهێزەکانی، فێدراسیونی رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران، لیژنە هەماهەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات و یەکەم کۆنفراسی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ یەکریزی و پێکەوە کارکردن پەرە پێ بدات.

٢ ــ لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستاندا وێڕای رێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی باقی رێکخراوەکانی لاوان لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەموو لایەک بۆ وەدیهێنانی دروشمی لە پێناو یەکگوتاری لاوانی کورد دروشمی کۆنفرانسەکانی لاوانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئەرکدار دەکات کە بە بێ‌ لە نەزەرگرتنی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و رێکخراوەیی هەوڵی زیاتری بۆ بدەن.

٣ ــ لە ئاستی ئێراندا لە دوو رەوانگەی لاوانی نەتەوە بندەستەکان و لاوانی سەرانسەری ئێراندا یەکیەتیی لاوان وێڕای پێداگری لەوەی کە چارەنووسی هەموو نەتەوەکان لە ئێرانی فرە نەتەوەدا پێکەوە بەستراوەتەوە خەبات و تێکۆشانی لاوانی کورد و ئازەری و بەلووچ و تورکەمەن، عەرەب و ... لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکی بەهێزدا وەک فیدارسیونی لاوانی نەتەوەکانی ئێران بۆ بەدیهێنانی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ بە ئەرکێکی هەنووکەیی دەزانێ.

٤ ــ لە ئاستی نێونەتەوەییدا، یەکیەتیی لاوان بە هێز و توانای خۆی کەلە چەندین دامەزراوەیی نێونەتەوەی تایبەت بە لاواندا ئەندامە، هێنانەگۆری پرسەکانی تایبەت بە لاوان لە ئێران و پرسی لاوانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان کە راستەوخۆ پێوەندییان بە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەکەمانەوە هەیە، بە ئەرکی رێکخراوەی و نیشتمانیی خۆی دەزانێ.

جارێکی دیکە پیرۆز بێ‌ ١٢ی ئاگۆست رۆژی جیهانی لاوان

یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی
١٢ی ئاگۆستی ٢٠١٤