کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی كۆمیتەی گشتی كۆمەڵەی كولتوری كوردی ـ نوروێژ بە بۆنەی رۆژی شەهیدانی كوردستان

15:48 - 11 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: كۆمیتەی گشتیی كۆمەڵەی كولتوری كوردی ـ نوروێژ بە بۆنەی لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی و رۆژی شەهیدانی كوردستان پەیامێكیان بڵاو كردەوە.

نوسخەیەك لەو پەیامە بەماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە.

دەقی پەیامەكە:

شەهیدان تاجی سەربەرزین

خەڵكی بەشەرەفی كوردستان، بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدان ئەمرۆ ١٠ ی خاكەلێوە رۆژی لەسێدارەدانی سەرۆك كۆماری كوردستان پێشەوا قازی محەمەد و هاورێیانیەتی و رۆژی ئەو رۆڵە سەربەرزە گیان بەخت كردوانەیە كە لە رێگەی نیشتمان دا گیانی خۆیان فیدای ئازادی كوردستان كرد، رۆژی ئەو شۆڕشگێڕانەیە كە لە خاك و وەتەنی خۆیان تەنیا لەبەر ئازادی خاك و وڵات دوور لە زێد و وەتەنی خۆیان گیانیان سپارد و بوونە شەهیدی رێگای ئازادی.

بۆیە جێگەی خۆیەتی كە لەم رۆژە پیرۆزەدا كە بە رۆژی شەهیدانی كوردستان ناودێڕ كراوە سەری رێز و حورمەت لە بەرامبەر گەورەیی ئەو شەهیدانە دابنوێنن و رێز لە خۆراگری و وەفاداری و دڵسوزیان بگرین.
با ئەم رۆژە بكەیەنە رۆژی پەیمان نوێ كردنەوە و یەكگرتن لە پێناو وەدی هێنانی ئاواتەكانی شەهیدان كە دەستەبەر كردنی ئازادی‌یە بۆ كوردستان.
هەر بەم بۆنەوە ئەندامان و لاینگران و دۆستانی كۆمیتەی گشتیی و هەموو كۆمیتە ناوچەكانی كۆمەڵەی كولتوری كوردی لە وڵاتی نوروێژ لەم رۆژە پیرۆزەدا هەزاران سڵاو و رێز و چەپكە گوڵی خۆشەویستی پێشكەش بە رۆحی پاكی هەموو شەهیدانی كوردستان دەكات و پەیمان و بەڵێن تازە دەكەنەوە كە بە رێبازی شەهیدان وەفادار دەبین هەتا سەركەوتنی یەكجاری بە سەر هەموو داگیركەرانی كوردستان دا و هەتا وەدی هاتنی ئامانجە پیرۆزەكانی شەهیدانمان.

كۆمیتەی گشتی كۆمەڵەی كولتوری كوردی لە نوروێژ