کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستان بەبۆنەی ٢ی ریبەندان ساڵڤەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان

16:23 - 30 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢ی رێبەندان ٦٨ەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.


دەقی پەیامەکە کە نوسخەیەکی بە کوردستان میدیا گەیشتووە بەم چەشنەیە:


هاونیشتیمانیانی بەڕێز و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی ٢ی رێبەندان ساڵوەگەری کۆماری کوردستان لەلایەن یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێرانەوە گەرمترین پێرۆزبایی‌تان پێشکەش دەکەین و ئاواتەخوازین خەڵکی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کوردستان بۆ وەدیهێنانی ئاواتەکانی کوردستان لە هەموو میکانیزمێکی مرۆڤانە و شۆڕشگێڕانە دژی داگیرکەرانی کوردستان کەڵک وەر بگرن.
حیزب و لایەنە شۆڕشگێڕەکان بە هاوکاریی خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە ئاڵای کۆماری سەربەخۆی کوردستان لەسەر چیا سەرکەشەکان شەکاوە راگرن.
کۆماری کوردستان لە هەلومەرجی شەڕی دووهەمی جیهانی دامەزراوە. لەم بارودۆخەدا هەم رێژیمی پاشایەتی و هەم رێژیمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕۆ و دیکتاتۆر بوون بەرژەوەندیی ئەوان لەگەڵ هێرشبەرانی شەڕی یەکەمی جیهانی پێکەوە گرێ دراوبوو، بۆیە سەقامگیریی کۆمارێکی دێمۆکرات و تازە دامەزراو لەو بارودۆخەدا بۆ ئەوان جێگای نیگەرانی بوو.
بیری پێشەوا قازی محەممەدی نەمر بۆ پێکهێنانی کۆماری کوردستان پێشاندەری نێوخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کورد لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا بوو هەر بۆیە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد بە بەشداریی خەڵکی کوردستان و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد کۆماری کوردستانی ئێرانی راگەیاند و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان پشتیوانیی خۆیان لەم کۆمارە راگەیاند ئەوەی جێگای سەرنج و بایخ پێدانە کە هەرچەند بەداخەوە تەمەنێکی زۆری نەبوو و ماوەی ١١ مانگی خایاند، مۆدێڕن و دێموکراتیک بوونی ئەم کۆمارە ساوایە بوو کە لە وەها ناوچەیەک پێک هاتبوو کە دەکرێت بڵێن ئەم دێموکراسییەتەی کە لە ناو کۆماری کوردستان بەدی دەکرا رەنگە لە جیهان و بەتایبەتی لە ناوچەکەدا زۆر بەکەمی بەر چاو دەکەوت، کۆماری کوردستان بەرگێکی زێڕینە لەسەر خەباتی رەوای نەتەوەکەمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستکەوتەکانی ئەم کۆمارە لە ماوەیەکی کورتدا جێگای شانازی گەلی کوردە.
جارێکی‌تر پیرۆز بێت ٢ی رێبەندان لە هەموو خەباتگێڕانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان
یەکیەتیی زانایانی ئایینیی کوردستانی ئێران
٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی