کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی فەرهەنگیی کورد لەژێر ناوی \"لە بۆکان هەتا کۆبانێ بەرخۆدانە\" مانیان لە خواردن گرت

14:49 - 28 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ١٧ کەس لە مامۆستایانی زمانی کوردی، هونەرمەندان، مافناسان و کەسایەتییە فەرهەنگییەکان لە کردەوەیەکی مەدەنی‌دا پشتیوانیی خۆیان لە بەرگریی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر هێرشەکانی داعش دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئەو چالاکانە بە نیشانەی رێزگرتن لە بەرخۆدانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی سووریە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە رێکەوتی ٢٦ی رەزبەرەوە، مان لە خواردن دەگرن.

سمکۆمەعرووفی یەکێک لەو کەسانەیە کە مانی لە خواردن گرتووە و مەبەست لەو کارەی خۆی بۆ سێ ئامانجی سەرەکیی پشتیوانی لە دەستکەوتە مرۆییەکان، مەحکووم کردنی تۆمەتدان لە مرۆڤایەتی بەتایبەت ژنانی کورد و هەروەها پشتیوانی لە ژینگە و مەحکووم کردنی تێکدانی ژینگە لەلایەن هێزەکانی داعش کە زیانێکی زۆریان بە ژینگە گەیاندووە، گەڕاندەوە.

ئەو چالاکە کوردە کە خۆی ئامادەکاریی ئەو بزووتنەوەیەی کردووە وتی کە ناوەند و بەرپرسانی رێژیمی ئێران لەو کردەوە مرۆڤانەیەدا بەشدارییان نەکردووە.

لە بەشێکی ئەو بەیانییە کە رۆژی رابردوو بڵاو کراوەیەوە هاتووە: ئێمە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی زمانی کوردی، چالاکانی کۆمەڵایەتی، مافناسان و هونەرمەندانی شاری بۆکان بۆ مەحکووم کردنی هێرشی گرووپی جەنایەتکاری داعش و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر سروشت، مرۆڤایەتی و دینی پیرۆزی ئیسلام، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی بۆ ماوەی سێ شەو و رۆژ مان لە خواردن دەگرین.

هادی عەزیزی، سمکۆ مەعرووفی، ئەمیر پیادە، هێرۆ فەقێ عیسا، سووسەن حەسەن زادە، ئاکۆ عەباسی، منیرە فەیزە، شۆڕش ئەحمەدپووری، لەتیف شۆکرزادە، ئەنوەر پیادە، شلێر فەرامەرزی، ئەیووب میری، ئیسماعیل سانیار، ئەیووب رەشیدی وەند، سۆران ئوولازادە ، هیوا مەحموود نژاد وعووسمان نووری لە واژۆکەرانی ئەو بەیانییەن و مانیان لە خواردن گرتووە.