کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی تایبەت بە ٢ی ڕێبەندان درێژەی هەیە

16:50 - 4 رێبەندان 2716

کوردستان میدیا: تێکۆشەرانی کوردستان بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بەردەوام چالاکیی تەبلیغیی بەڕێوە دەبەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ڕابردوو ڕێژیم لە ترسی ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغیی، لە نێو شاری سەقز حاڵەتی ئامادەباشیی ڕانەگەیەندراوی هەبووە و زۆربەی هەرە زۆری شەقام و کۆڵانەکانی شاری سەقز بەتایبەت شەقامە سەرەکییەکان، بە هێزەکانی ڕێژیم تەنرابوون.

هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە فەزای شاری سەقز تەواو ئەمنییەتی بووە، بەشێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ ڕێزگرتن لە ٢ی ڕێبەندان و پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ حیزبی دێموکرات و ڕاسان لە چوارچێوەی چەند تیم بە شاخە بەرزەکانی ناوچەدا هەڵگەڕاون و لە لووتکەی شاخەکانی ڕووش و جاقل ٢ ئاگری گەورەیان وەک ڕەمزی ٢ی ڕێبەندان هەڵکردووە.

قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مزگەوتی قوبا، موسسەی دارالاحسان، مه‌یدانی ئۆرکیده‌، مه‌یدانی ئیقباڵ و ئاویه‌ر، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

هەروەها ڕۆڵەکانی دێموکرات بە بۆنەی ۲ی ڕێبەندان چالاکی بەربڵاوی تەبلیغییان لە تەنگیسەر بەڕێوە برد و بەم بۆنەوە ئاڵایەکی کوردستانیان لە مەودای ۱۰۰ میتری ئەو ئاڵایەی بە بۆنەی ۲۵ ی گەلاوێژەوە هەڵدراوە و هێشتاش هەر شەکاوەیە، لە شاخی پیرەژن هەڵکرد.

هەر بەو بۆنەوە لە شاخی پیرەژن، هەڵەزنە و نێو ئاوایی، شەوی ۱ لە سەر ۲ی ڕێبەندان ئاگری پیرۆزی ئەو بۆنە کرایەوە و لە دەور و بەری ئاوایی بە دەیان تەقەی شادی کرا و دار و بەردی تەنگیسەر بە وێنە و تراکتی پەیوەندیدار، لە لایەن ڕۆڵە گیان لە سەر دەستەکانی دێمۆکرات ڕازێندرایەوە.

ئەم چالاکیانە بوونە هۆی دڵخۆشیی خەڵکی دێموکراتپەروەری تەنگیسەر و بە بڵاو کردنەوەی نوقڵ و شیرینی و پیرۆزبایی کردن لە یەکتری، یادی کۆماری کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا و بەڵێنیان لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان و شەهیدانی ڕاسانی نوێی حیزب بە تایبەتی نوێ کردەوە و بەم چالاکیانە ڕایانگەیاند کە؛ تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی کۆمار و شەهیدانی کوردستان تەنگیسەر هەر سەنگەری لەگیراننەهاتوو و قەڵای دێموکرات دەمێنێتەوە.

ڕۆڵە نەبەزەکانی دێموکرات لە شاری بۆکان، ڕێکەوتی ١ لە سەر ٢ی ڕێبەندان بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، کاتژمێر ٦:٢٠ خولەکی سەر لە ئێوارە هەشت جار فش فشەی گڕداریان تەقاند و تەقەی شادیيان کرد.

ئەو تەقەی شادیيه لە دەورووبەری بێهداریی مەجبوراوا کرا کە دەنگی تەقەکە لە ناوچەکانی مەجبوراوا و نەساجی و پشت سی میتری و دەورووبەری کەمەربەندی بیسرا.‎

هەروەها ڕێکەوتی دووی ڕێبەندانی ۱۳۹٥هەتاوی ئه‌ندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی هاتنی دووی ڕێبەندان ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان و پشتگیری لە ڕاسان لە بازاڕی حەیوانان لە نێو ئاپۆڕای خەڵکدا زۆربەی ماشینەکان بە شێوەی بەرچەسب بە مۆری ڕاسان و دێموکرات ڕازانەوە و پێش ئەوەیکە خەڵکی گوندەکانی دەورووبەر لەوێ کۆ ببنەوە، چالاکییەکی بەرینی تەبلیغی لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە ئەنجام درا.