کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند لایەنی سیاسی بۆ هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە سلێمانی‌یان کرد

17:44 - 1 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بە مەبەستی هاوخەمی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بە بۆنەی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، چەند لایەنی سیاسی سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات لە شاری سلێمانی‌یان کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە مەبەستی هاودەردی و هاوخەمی لە گەڵ حیزبی دێموکرات بە بۆنەی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە شەڕی شاری شنۆ، چەند لایەنی سیاسی سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی‌یان كرد.

لەو سەردانەدا، هەیئەتێك لە حیزبی ویفاقی كورد لە سووریە بە سەرپەرستیی فەوزی شەنگاڵ، وێڕای سەرەخۆشی، پشتیوانیی خۆیانی لە حیزبی دێموکرات دەربڕی.

هەروەها، هەیئەتێکی حیزبی شیوعیی كوردستان – پارێزگای سلێمانی، سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتیان لە سلێمانی كرد و وێڕای بەداخبوونی خۆیان بۆ شەهیدبوونی ئەو تێكۆشەرانە هیوای سەركەوتنیان بۆ حیزبی دێموکرات خواست.