کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە نەغەدە سەرقاڵی پڕوپاگەندە بەدژی حیزبی دێموکراتە

16:55 - 6 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە شاری نەغەدە بۆ بردنەسەری ورەی داڕوخاوی هێزە چڵکاوخۆرەکانی خۆی سەرقاڵی پڕوپاگەندە بەدژی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی حەماسەی قەرەسەقەڵە.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی ڕێژیم لە گۆڕەپانی ژاندارمێری شاری نەغەدە بە هەڵواسینی بەنێر و پوستێری تەبلیغی لەدژی ڕاسانەوەی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی ئەم دواییانەی حیزب لە شاری شنۆ هەوڵی گەڕاندنەوەی ورەی داڕوخاوی چەکدارەکانی دەدات.

ئەم هەوڵە نەزۆکەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە پاش شکستی سەختی هێزەکانی ڕێژیم لە حەماسەی قەرەسەقەڵ بەشێک لە چەکدارەکانی ڕێژیم بەتایبەت لە شاری پیرانشەر چەکی خەیانەت بە گەلەکەیان دانا و کوژرانی دەیان فەرماندە و ئەندامی سپا لەم شەڕە ورەی پاسداران و جاشەکانی لە کوردستان تێک ڕووخاندووە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان لەشەڕی قەرەسەقەڵدا زیاتر لە ٤٠ کەس لە ئەندامانی سپا کوژران و بریندار بوون.

هەروەها مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە شاری ورمێ لە نێو خەڵکدا دژی خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات پڕۆپاگەندا دەکەن و لە هەوڵی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی خەباتی گەلی کوردستانی ڕۆژ‌هەڵات کار دەکەن.

پێشتریش هەوڵێکی هاوشێوە لە شاری تارانی پێتەختی ئێران درابوو کە ئەمانە نیشانەی ترسی زۆری ڕێژیم لە ڕاسان و شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.