کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاوەرۆی سنە/ پاش تێپەڕبوونی نزیک بە یەک مانگ لە دەستپێکی ساڵی خوێندن، قوتابییانی تەنگیسەر لە خوێندن بێبەشن

19:58 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: جگە لە نەبوونی مامۆستا لە قوتابخانەکانی تەنگیسەر، ٥٠ قوتابیی ئەم گوندە دەبێ هەر کامیان بڕی ٨٠ هەزار تمەن بە خوێندنگاکان پەرداخت بکەن.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە هۆی نەبوونی مامۆستا و وەرگرتنی بڕی پارەی نەختی لە قوتابییان، لە حاڵی حازردا بیست قوتابیی خەڵکی تەنگیسەر سەربە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، دەرس وخوێندنگاکانیان بەجێهێشتووە.

بەپێی ئەم راپۆرتە لە گوندی تەنگیسەر چەند کەس بڕوانامەی کارناسی و کارناسیی باڵایان هەیە و بە شێوەی خوازیارانە، حازرن کە بە قوتابییان دەرس بڵێنەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، کە تاکوو ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەدانی مۆڵەت لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی رێژیمەوە، ئەو لاوانەی کە دەرسییان تەوا کردووە ناتوانن بە شێوەی خۆڕسک و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک، دەرس بە قوتابییان بڵێنەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە درێژەی داخرانی قوتابخانەکان لە گوندەکانی کوردستان، قوتابخانەکانی دواناوەندیی گوندی گەلێنی سەربە شاری سـنە داخروان و زۆربەی قوتابییانی ئەو قوتابخانانە بە ناچاری وازیان لە خوێندن هێناوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی گەلێن سەرەڕای پشت‌راست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاند: قوتابخانەکانی دوا ناوەندیی کچانە وکوڕانە بۆ پۆلی دووهەم و سێیەمی دواناوەندیی بۆ ساڵی تازەی خوێندن هیچ قوتابییەک ناونووسی ناکەن.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها رایگەیاند: بەهۆی کۆکردنەوەی قوتابخانەکانی قۆناغی دواناوەندیی گوندی گەلێن زۆربەی قوتابیانی ئەو گوندە بەتایبەت کچان وازیان لە خوێندن هێناوە.

سیاسەتی رێژیمی ئێران لەو پێوەندییەدا، بە دابین نەکردنی خزمەتگوزاریی پەروەردەیی و قوتابخانە لە گوندەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە چوارچێوەی وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان خۆی نیشان داوەو رێژیمی ئێران بەو جۆرە دەیهەوێ کە قوتابیان واز لە خوێندن بێنن و رێژەی خوێندەواری لە ناوچە کوردنشینەکان کەم بکاتەوە.