کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێڤ/ لابردنی هەڵاواردنی ژنان و کەمینە رەگەزیەکان، ٥٠ داواکاریی کۆمەڵگای جیهانیی لە رێژیمی ئێران

13:03 - 12 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: لە دووهەمین کۆبوونەوەی تاوتوێ‌کردنی دەورەیی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤ، ٥٠ داواکاری کۆمەڵگای جیهانی لە چوارچێوەی لابردنی هەڵاواردنی ژنان، کچان و کەمینە رەگەزیەکان پێشنیار کرابوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی خولی دووهەمی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤی سویس بەڕێوەچوو.

سەرەڕای بەرگری کردنی هەنێردراونی رێژیمی ئیسلامی بۆ کۆبوونەوەی دەورەیی مافی مرۆڤ، بەڵام زۆربەی وڵاتانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەی ئەمساڵ لەو باوەڕەدابوون کە رێژیمی ئێران لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ بەردەوامە و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئازادی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان و بابەتەکانی پەیوەندیدار خراپتر بووە.

زۆربەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر خراپتر بوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران جەختیان کردەوە و رێ‌وشوێنی گونجاویان بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشنیار کرد.

بەپێی ئەو راپۆرتە لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی‌دا زیاتر لە ٥٠ پێشنیار لە بواری لابردنی هەڵاواردنی ژنان، کچان و کەمینە رەگەزیەکان وەکوو قەدەغە کردنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە زۆرەملی و لە تەمەنی خوار هەژدە ساڵ، راگرتنی نەشتەرگەری بە مەبەستی گۆڕینی رەگەزی ئیجباری، بە فەرمی ناسینی مافی هاورەگەزبازان و لابردنی هەڵاواردنی رەگەزی پێشنیاریان بە رێژیمی ئێران پێشنیار کرابوو.

رێفۆرمی یاسای پەیوەندییدار بە پێکهێنانی ژیانی ئیجباری و زوو بە شوودانی کچان لەلایەن وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا، ئێسلۆونی، سیرالیۆن، لەهستان، کۆریای باشوور و موونتەنگرۆ بە رێژیمی ئێران پێشنیار کرا.

هەروەها ١١ پێشنیاری و رێگاچارە لە بواری گەرەنتی مافی هاورەگەزبازان و قەدەگەکردنی نەشتەرگەری گۆڕینی ئیجباریی رەگەزی لەلایەن وڵاتانی ئارژانتین، ئیسپانیا، ئیتالیا، ئیسلەند، ئۆروگوای، ئیسرائیل، دانمارک، شیلی، کانادا، لۆگزامبۆرگ و هولەند خرایە بەردەست رێژیمی ئێران بۆ باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە.

بەپێی ئەو راپۆرتە وڵاتانی ئافریقای باشوور، ئاڵمان، ئۆروگوای، ئەلجەزایر، ئوتریش، ئێستۆنی، سلۆواکی، سلۆونی، بوتان، بۆسنی هەرزەگوین، بورکینا فاسۆ، بەنگلادیش، برازیل، پورتەغاڵ، پاراگوای، پێرۆ، تورکمەنستان، تایلەند، جیبووتی، کۆماری چێک، شیلی، فینلاند، کاستاریکا، کانادا، کۆریای باشوور، گواتمالا، لیتوانی، مەقدوونیە، میسر، نیوزلەند و یۆنان لە پەیوەندی بە مافی ژنان گەڵاڵە و رێگا چارەیان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و دابەزینی پێشێلکردنی مافی ژنان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە لە خولی دووهەمی تاوتوێکردنی دەورەیی مافی مرۆڤی ئێران لە ژنێڤ پێشکەش کرد.