کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤیدیۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كانی خۆڕاگریی نه‌ته‌وه‌ی كورد دژی جینۆسایدكاران له‌ ئارشیفی به‌ریتانیادا

15:09 - 28 گەلاوێژ 2718

ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی له‌ ئا‌رشیفی به‌ریتانیی: شه‌ریف هه‌ژاری

وه‌رگێڕانی پوخته‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ ئینگلیزییه‌كان‌ بۆ كوردی: شه‌ریف هه‌ژاری

ڤیدیۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كانی خۆڕاگریی نه‌ته‌وه‌ی كورد دژی جینۆسایدكاران له‌ ئارشیفی به‌ریتانیادا

١- یه‌كه‌م ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌یی:

 

پوخته‌ی زانیاریی به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی ئینگلیز ده‌قاوده‌ق له‌ باره‌ی ئه‌م ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ خراوه‌ته ‌ڕوو‌:

((ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ (ڕێکەوتی: ١٠-١٠-١٩٧٩)، وه‌زیری نێوخۆی ئێران (هاشم سه‌باغیان) له‌ مه‌راسیمی ته‌رمی ده‌یان پاسدار و پاسه‌وانانی شۆڕش به‌شداری كرد، كه‌ له‌ یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردوو (ڕێکەوتی: ٧-١٠-١٩٧٩) به ‌هۆی‌ دانانی بۆسه‌ له‌ لایه‌ن پارتیزانه‌ كورده‌كانه‌وه،‌ كوژرابوون.

له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ (ڕێکەوتی: ٩-١٠-١٩٧٩)، هاشم سه‌باغیان به‌ بڵاوكراوه‌ی تارانی ڕاگه‌یاندبوو، كه‌: ٧٢ كه‌س له‌ پاسه‌وانانی شۆڕش و پاسداره‌كان كه‌وتوونه‌ته‌‌ بۆسه‌ی كورده‌كانه‌وه‌ و ته‌نیا بیست و دوو كه‌سیان كوژراون و پێنجیشیان توانیویانه‌ له‌ بۆسه‌كه‌ هه‌ڵ بێن و ئه‌وانی تریان له‌ لایه‌ن كورده‌كانه‌وه‌ وه‌ك (بارمته‌) گیراون.

به‌ڵام (ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز) له‌ زاری (عه‌لی فه‌لاحی) وته‌بێژی هێزه‌كانی پاسه‌وانی شۆڕشه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه،‌ كه‌: عه‌لی فه‌لاحیان وته‌بێژی پاسداره‌كان به‌ ته‌له‌فۆن به‌ ئاژانسه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌ زیاتر له‌ شه‌ست كه‌س له‌ پاسداره‌كان به‌هۆی بۆسه‌ی كورده‌كانه‌وه‌ له‌ نێوان ڕێگای سه‌رده‌شت-بانه‌، كوژراون.

عه‌لی فه‌لاحیان هه‌ر به‌ ته‌له‌فۆن ئه‌وه‌شی وتووه‌: له‌ یه‌ك-دوو ڕۆژی داهاتوودا، ده‌بێت به‌ پشتیوانی فڕۆكه‌ فانتۆمه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان و هه‌لیكۆپته‌ره‌كان و بۆمب و تانكه‌كان ڕووبه‌ڕووی كورده‌كان بیبینه‌وه‌.

هاشم سه‌باغیان وه‌زیری نێوخۆ له‌ كاتی تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ی كوژراوه‌كان و ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ر ، وره‌ی سه‌ربازه‌كان و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه‌ و وتی: له‌ مانگی پێشوودا، هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تمان هه‌ڵمه‌تی باشیان كردۆته‌ سه‌ر كورده‌كان و حیزبی دێموكراتی قه‌ده‌غه‌كراو.

هه‌روه‌ها وتیشی: (ڕاپۆرتمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ كه‌ له‌ ئێستادا حیزبی دێموكراتی قه‌ده‌غه‌كراو كۆنترۆڵی زۆرینه‌ی ڕێگاكانی -مەهاباد، سه‌رده‌شت و بانه‌ی كردۆ‌ته‌وه‌).

به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانیش دانیان به‌وه‌ دانا، كه‌: پارتیزانه‌كانی حیزبی دێموكرات هێشتاش زۆرینه‌ی ڕێگای هه‌رێمه‌كه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌ و به ‌ده‌ستیانەوه‌یه‌.

زیاتر له‌وانه‌ش، ژێنراڵ (حوسێن شاكر) كه‌ له‌ ستافی سه‌رۆكایه‌تیكردنی سپای ئێراندایه‌،‌ ڕایگه‌یاند: هه‌ندێك له‌ هێزه‌كانیان به‌بێ وه‌رگرتنی ڕێنمایی سه‌رووی خۆیان، كه‌وتوونه‌ته‌ هه‌ندێك بۆسه‌ی تره‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی كورده‌كاندا. به‌ڵام به‌ گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕزگاریان بووه‌، بۆمان ده‌ره‌كه‌وێت كه‌ به‌شێك له‌وانه‌ی كه‌ له‌‌ هێزه‌كانمان ده‌ده‌ن كوردن، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تریان كورد نین و هێزی بیانین)).

(وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) سه‌رنجم له‌سه‌ر پوخته‌ی ناوه‌رۆكی به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان ئه‌وه‌یه‌: بۆیه‌ هاشم سه‌باغیان وه‌زیری ئه‌وكاتی نێوخۆی ئێران وشه‌ی (بارمته‌گرتن)ی بۆ حیزبی دێموكرات به‌كار هێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌وره‌كه‌ی كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كانی خۆیان، به‌ حیزبی دێموكراتدا بسڕێنەوە، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌وڵێكی بێبه‌رهه‌م و نه‌زۆكانه‌ بووه‌.

هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌شی كه‌ (ژێنراڵ حوسێن شاكر) وتوویه‌تی: به‌شێكی هێزه‌كانی ناوچه‌كانی كوردستان، كورد نین و بیانیین. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌: دۆزی ئازادیخوازی گه‌للی كورد به‌ ده‌ستی بیانی وێنا بكات.

به‌ هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌فسانه‌یه‌ك (كه‌ داگیركه‌ران له‌ ئه‌فسانه‌كانی فیرده‌وسییه‌وه‌ بۆیان ماوه‌ته‌وه‌) بۆ ئه‌وه‌ی دۆزی كورد به‌ ئاراسته‌ی ده‌ست (ئیسرائیل و خۆرئاوا و جیهانی عه‌ره‌ب) ناوببات و گوایه‌ كورده‌كان له‌وێوه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، كه‌ ئه‌وه‌ش بیانووهێنانه‌وه‌ بووه‌ بۆ جینۆسایده‌كانی سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ده‌ست سپای پاسدارانەوە.

ئه‌گینا گه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد (ئیسرائیل، وڵاتانی خۆراوا، یاخود جیهانی عه‌ره‌بـ)ـی له‌ پشت بووبێت، نه‌وه‌كانی (ئه‌فسانه‌كانی فیرده‌وسی) تا ئێستاش خاكی كوردستانیان داگیر نه‌كردبوو!

هه‌رچی سه‌رنجی خۆشمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ و ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دواتریش ئه‌وه‌یه‌، كه‌:

خومه‌ینی ویستوویه‌تی دوو ئاراسته‌ له‌ دژی كورد به‌كاربهێنێت، بۆیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هێنده‌ ڕێكخراو و ئاماده‌سازی بۆكراو، مه‌راسیمیان بۆ كوژراوه‌كانیان ڕێك خستووه‌، ئه‌و دوو ئاراسته‌یه‌ش بریتیبوون له‌:

یه‌كه‌م: فاشیزمی فارس دژی كورد و بۆ پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد هان بدات.

دووه‌م: به‌رزكردنه‌وه‌ی (قورئانی پیرۆز) له‌ مه‌راسیمه‌كاندا و وتنه‌وه‌ی هوتاف دژی حیزبی دێموكرات و قاسملوو و (ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌یی تریشم لایه‌ هوتاف ده‌ده‌ن له‌ دژی: شێخ عیزه‌دینی حوسێنیـ)ـیش، مه‌به‌ست تێیدا جووڵاندنی هه‌ستی مه‌زهه‌بیی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌، كه‌ شه‌رعیه‌تی مه‌زهه‌بی بدات به‌ هاندانیان بۆ پاكتاویی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌م ڤیدیۆ به‌ڵگه‌نامه‌یه و (هه‌ندێكی تریشم لایه‌)‌، بده‌ن. ئه‌رته‌ش و پاسداره‌كان پێشتر ڕیشیان نییه‌.

ئه‌مه‌ش ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ هه‌ر سپاكه‌ی (محمد ڕه‌زا شا)ن و ته‌نیا (فاشیستبوونـ)ـیان وایان لێ ده‌كات، كه‌ هێنده‌ به‌ حه‌ماسه‌‌وه‌ دژی میلله‌تی خواكردی كورد هوتاف بكێشن.

كه‌وابوو: فاشیستیی زۆرینه‌یان و پیلاناوی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی له‌وه‌ی ته‌رمه‌كان به‌ نێو ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ریدا ببه‌ن و قورئانیش به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرن، دوو بنه‌ماكه‌ ئه‌سه‌لمێنێت، كه‌: له‌ڕێگه‌ی (فاشیستبوون) و (شیعه‌بوونـ)ـه‌وه‌، ڕه‌وایه‌تیی ته‌واو به‌ پاكتاویی نه‌ته‌وه‌ی مسوڵمانی كوردی زاگرۆسنشین، له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی بده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ش دژی نووسراوه‌كانی خودای خالقه‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا.

به‌وه‌ش ده‌سه‌لمێته‌وه‌، لای تاكه‌كانی داگیركه‌ران، وته‌ی خومه‌ینی (یاخود: هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارێكی تریشیان) بێت، گه‌ر به‌ ئامانجی سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی خواكردی كورد بدرێت، ئه‌وا له‌ پێشتری داده‌نێن تا نووسراوه‌كانی خودای خالق، كه‌ له‌ (قورئانی پیرۆز و كتێبه‌ ئاسمانییه‌كانی دیكه‌)دا، كوشتنی هه‌ر مرۆڤێكی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی خۆی و هێرشكردنه‌ سه‌ر خاكی مسوڵمانان و كوشت و بڕیانی، به‌ گه‌وره‌ترین تاوان ناساندووه‌.

به‌م پێیه‌ش، ده‌سه‌لمێت، كه‌: فتوای جیهادی خومه‌ینی به‌ دوور بووه‌ له‌ هه‌موو بنه‌ماكانی ئیسلام. چونكه‌ كورد ئیسلام بووه، كه‌ فتوای جیهادی له‌ دژ ده‌ركراوه‌.‌ خومه‌ینی كه‌ڵكی له‌ فاشیزمی فارس و ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ مه‌زهه‌بییه‌ی فارسه‌كان وه‌رگرت و بۆ یه‌كه‌مجار بوو، كه‌ كه‌سی یه‌كه‌می ولاتێك دژی میلله‌تێكی نێوخۆی سنووره‌ ده‌ستكرده‌كانی، فه‌رمان و فتوای جیهاد، ده‌ربكات.

فتوای خومه‌ینی له‌ فاشیسترین بیری ته‌نگه‌تیله‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: خومه‌ینی و خاڵخاڵی به‌ خوێنی كورد تینووبوون. بۆیه‌ له‌و تینوێتییه‌وه‌ یه‌كێكیان ئه‌و فتوایه‌ ده‌رده‌كا و ئه‌وی تریشیان جێبه‌جێی ده‌كات.

خومه‌ینی و خاڵخاڵی به‌ تاوانی (كافرانی سه‌رزه‌وی) نه‌ته‌وه‌ی كوردی موسڵمانیان ناساند، كه‌ (قاسملوو و شێخ عیزه‌دینـ)ـیش له‌ ڕیزی یه‌كه‌م و دووه‌می كافرانی سه‌رزه‌وی، ئه‌و فتوا جیهادییه‌دا بوون.

خومه‌ینی هه‌ستا خاڵخاڵی بۆ ئه‌و كاره‌ دیاری كرد و كرایه‌ سه‌رۆكی دادگاكانی شۆڕش، كه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كاندا خاڵخاڵی به‌ (پیاوی له‌سێداره‌دانی دادگاكانی ئازادیخوازان)، ناسێنراوه‌.

كه‌وابوو، له‌ بیری پاسداراندا، خومه‌ینی له‌ خوا گه‌وره‌تره‌. چونكه‌ له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كانی خوای خالقدا، خودا دژی كوشتنی هه‌م موسڵمان و هه‌م مرۆڤی بێتاوانه‌، به‌ڵام پاسداران به ‌درێژایی چوار ده‌یه‌یه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌و فتوا جیهادییه‌، هه‌م كوردی موسڵمان و هه‌م كوردی بێتاوان، شه‌هید و پاكتاو ده‌كه‌ن!

ڕێکەوتی تۆماركردنی ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌‌كه‌: ڕۆژی چوار شه‌ممه‌، (١٠-١٠-١٩٧٩).

شوێن: تاران.

٢- دووه‌م ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌یی:

 

كورته‌ی زانیارییه‌ به‌ڵگه‌نامەییە‌‌ نهێنییه‌كانی ئینگلیز له‌ باره‌ی ئه‌م ڤیدئۆ دۆكیۆمێنتارییه‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌:

((له‌ ڕۆژی هه‌ینی (ڕێکەوتی:٢٤ـ ٨ـ ١٩٧٩)، ژماره‌یه‌ك كوردی سڤیل، ده‌ستیان كرده‌ خۆپیشاندان و مانگرتن له‌ ده‌ره‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌ پاریس.

خۆپیشانده‌ران و مانگرتووه‌كان پێیان وایه‌، كه‌: ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی خه‌ڵكی ئێران و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش ده‌كات و هێرشه‌كانی ئه‌م دواییانه‌شی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌سه‌ر‌ خاكی كوردستان، بۆ له‌نێوبردنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه‌.

مانگرتووه‌كان ده‌شڵێن: ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی تاكه‌ ده‌سه‌ڵاتدار نییه،‌ كه‌ هێرشی كردبێته‌ سه‌ر كوردستان، بگره‌ له‌ پێش زایینه‌وه‌ (پێش میلاده‌وه‌) خێڵه‌ كۆچه‌ره‌كانیش هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردی زاگرۆسنشین و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامیی هه‌یه‌. به‌م پێیه،‌ هه‌میشه‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ زاگرۆسنشینه‌ له‌ به‌رده‌م هێرش و له‌نێوبردن و زه‌وتكردنی مافه‌كانیدا بووه‌.

وته‌بێژی خۆپیشانده‌ران ئه‌وه‌شی وت: ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ته‌نیا هێرشی له‌نێوبردنی نه‌كردۆته‌ سه‌ر كورد، بگره‌ هێرشیشی كردۆته ‌سه‌ر هه‌موو بزاوتێكی پێشكه‌وتووخوازی سكۆلار و دێموكرات و هه‌موو ڕۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆ و ئازاده‌كانیشی داخستووه‌. به‌شێكی نه‌ته‌وه‌ی كوردیش سوونیه‌ و له‌ سه‌دەی حه‌وته‌وه‌ ئیسلامن‌، ئێستا تووشی هه‌م له‌نێوبردنی ڕه‌گه‌زی و هه‌م له‌نێوبردنی مه‌زهه‌بیش كراوه‌ته‌وه‌.

تۆماركراوه‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تی پارسیش ده‌یسه‌لمێنن، كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ربازه‌كانیان هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردی زاگرۆسنشین و جینۆسایدیان كردوون و ئاگریان به‌رداوه‌ته‌ خه‌له‌وخه‌رمان و ڕه‌ز و باخ و ماڵه‌كانیان. هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ی ڕابردوو زۆرینه‌یان پیاده‌ڕه‌وی بووه‌. به‌ڵام ئه‌م هێرشانه‌ی ئێستای ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له ‌ڕێی (بۆمب و ئاگربارانی جێت و فانتۆمه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان و هێلیكۆپتێره‌ ئاگرپرژێنه‌كان‌) بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كوردی زاگرۆسنشینە، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م هێرشانه‌ له‌وانه‌ی ڕابردووش ترسناكتر و كاولكارتره‌.

ڕێکەوتی ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌: ٢٤-٨-١٩٧٩.

شوێن: پاریس.

(وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌م ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ش ئه‌وه‌یه‌:

خه‌باتی مه‌ده‌نیی و دیپلۆماسی له ‌لایه‌ن كوردانی دیاسپۆراوه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر كه‌مبوون، له‌ دژی جینۆسایدی گه‌لی كورد له‌ خۆرهه‌ڵاتدا به‌ فه‌رمانی خومه‌ینی، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌شیان زۆر كه‌م بووه‌، به‌ڵام به‌ بیرێكی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز و یه‌كگرتووانه‌وه‌، خۆپیشاندان و مانگرتنیان ساز كردووه‌ و سه‌رنجی سیخوڕ و دیپلۆماتكارانی ئینگلیز و وڵاتانی خۆراواییان به ‌لای دۆزی حه‌قخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورددا ڕاكێشاوه‌ و جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان له‌ خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ دونیا ناساندووه‌. هه‌رچه‌نده‌، وڵاتان و زلهێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندیپه‌رسته‌كان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه‌، به‌ڵام ئه‌و كوردانه‌ به‌ ئه‌رك و فه‌ریزه‌ی نه‌ته‌وه‌یی پیرۆزیان هه‌ستاون.

٣- سێیه‌م ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌یی:

 

پوخته‌ی زانیارییه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ نهێنییه‌كانی ئینگلیز له‌ باره‌ی ئه‌م ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌شه‌وه‌، ئاوها نووسراوه‌:

((ئۆپۆزسیۆنه‌ كورده‌كان و چه‌په‌كان له‌ ئورووپا، دژی بونیاتنانی كۆمارێكی شۆڕشگێڕیی ئیسلامیی خومه‌ینین له‌ ئێراندا. له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (ڕێکەوتی: ٢٦-٨-١٩٧٩) گرووپێكی فه‌ڕا‌نسی هه‌ستان ڤێلای ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی خۆراوای پاریسیان داگیركرد، كه‌ پێشتر ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی تێیدا نیشته‌جێ بوو له‌ ماوه‌ی نه‌فیكردنه‌كه‌یدا بۆ فه‌ڕا‌نسە.

ڕۆژێك پێش ئه‌وه‌ش (واته‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌، ڕێکەوتی: ٢٥ـ ٨ـ ١٩٧٩)، گرووپێك له‌ خۆپیشانده‌ره‌ كورده‌كان له‌ فرانكفۆرتی خۆراوای ئاڵمان، خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.

 به‌ هه‌زاران كه‌سیش له‌ خوێندكاره‌ كورده‌كان و كرێكاره‌ كورده‌كان، كه‌ ئێستا له‌ خۆراوای ئاڵمان ده‌ژین، ڕۆیشتن تێكه‌ڵاوی خۆپیشاندانده‌رانی فرانكفۆرت بوون.

خۆپیشانده‌ره‌ ناڕازییه‌كانی كورد ڕێپێوانیان ده‌كرد و هوتافیان لێ ده‌دا و داوایان ده‌كرد، كه‌: نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ فه‌رمانی خومه‌ینی به‌ به‌كارهێنانی هێزه‌ ئاسمانیی و زه‌مینییه‌كانی بپارێزرێت، کە  به‌ مه‌به‌ستی له‌‌نێوبردنی كورد دەکرێت.

ئه‌و فه‌رمانه‌ی خومه‌ینی و هێرشی سپاكه‌ی كه‌ خۆپیشانده‌ران باسیان لێوه‌ ده‌كرد، له‌ هه‌فته‌ی پێشووه‌وه‌ به‌ چڕی كه‌وتۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و له‌ ڕووی ئاسمانیی و زه‌وییه‌وه‌ به‌ خه‌ستی و به‌ توندی هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كورد له‌ ئێراندا و ته‌نانه‌ت شاخه‌كانی كوردستانیشی گرتۆته‌وه‌.

خۆپیشانده‌ره‌ كورده‌كان له‌ ناوه‌ندی شاری فرانكفۆرتدا و له‌ به‌رده‌م (كلیسای ست پاوڵسـ)ـدا، هوتاف و ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕی، كه: ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ڕه‌فزی كردۆته‌وه‌،‌ دانوستان له‌گه‌ڵ كورددا بكات به‌مه‌به‌ستی ئۆتۆنۆمی بۆ كورده‌كان.‌

٤- چواره‌م ڤیدئۆی به‌ڵگه‌نامه‌یی:

 

كورته‌ی زانیارییه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌ نهێنییه‌كانی ئینگلیز له‌ باره‌ی ئه‌م ڤیدئۆ دۆكیۆمێنتارییه‌وه‌، ئه‌مه‌یه‌:

((سه‌ركرده‌كانی شه‌ش ملیۆن كوردی ئێران ده‌ڵێن: هه‌موو كوردستانمان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌.

هه‌واڵنێره‌كانمان پێمان ده‌ڵێن، كه‌: نه‌ته‌وه‌ی كورد داوای خودموختاری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن و سه‌ركه‌وتنێكی زۆر مه‌زنیان به‌سه‌ر هێزه‌كانی ئێراندا به‌ده‌ست هێناوه‌.

له‌ ئێستادا هێزه‌كانی خومه‌ینی، هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ كوردستان ڕاگرتووه‌ و هه‌ر دوولا خه‌ریكی گفتوگۆكردنن له‌سه‌ر پرسی هه‌رێمه‌ شۆڕشگێڕییه‌كه‌ی كوردانه‌وه‌.

سێ مانگ پێش ئێستا، كاتێك هێزه‌كانی ئێران و پاسدارانیان نێردران بۆ كوردستان، به‌هۆی (فتوای جیهادی پیرۆزی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی) بوو بۆ له‌نێوبردنی گشتیی نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌ به‌ (نه‌ته‌وه‌ی شه‌یتان و هێزه‌ كافره‌كان) ناوی بردبوون و فتوای جیهادی پیرۆزی بۆ سڕینه‌وه‌یان ده‌ركرد.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ وه‌رزی گه‌رمادا هێزه‌كانی ئێران و پاسداران چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی كوردیشیان داگیركرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵتۆقینی وه‌رزی سه‌رمادا، هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌ پارتیزانه‌كانی كورد هێرشی توندی گورزوه‌شێنیان ده‌ست پێ كرد و له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كان پێشڕه‌ویان كرد و هێزه‌كانی خومه‌ینیان به‌ جۆرێك تێكشكاند، بۆیه‌ خومه‌ینی پێشنیاری ئاگربه‌ستی كاتی كرد.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كانمان، كورده‌كان داوا ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ ته‌واوی پاسه‌وانانی شۆڕشی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ ناوچه‌كانیان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ و وه‌فدی په‌یامی ئاشتی كه‌ سێ كه‌سن و ئه‌مه‌ دووجاره‌ له ‌لایه‌ن تارانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن ده‌نێردرێن، له‌ شه‌وی دوو شه‌ممه‌ (ڕێکەوتی: ٣-١٢-١٩٧٩) له‌ گه‌شته‌كه‌یان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ تاران.

ئه‌نجامی گفتوگۆكان ئه‌وه‌یه‌: به‌ڵێنیان داوه‌ هێزه‌كانیان له‌ كوردستان له‌ ژێر فه‌رمانی ئه‌م وه‌فده‌ سێ كه‌سییه‌ی ئاشتیدا بن و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌رده‌وامیی ده‌دات به‌ دانوستاندن هه‌تاكوو كه‌مێك ئاشتی دێته‌ كایه‌وه‌ و ددانیش به‌ ئۆتۆنۆمی بۆ هه‌رێمه‌كه‌ داده‌نێت.

به‌ڵام، به‌پێی ئه‌و راپۆرتانه‌ی پێمان گه‌شتووه‌، ئه‌و پرسیاره‌ جیدییه‌مان لا دروست بووه‌، ئایا كورده‌كان له‌ تۆفانی پێشووتری هه‌رێمه‌كه‌یان ئه‌زموونیان وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌ گومانه‌وه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی تاران بڕوانن؟ ئایا تاران ئه‌یه‌وێت خۆی به‌باشی پڕچه‌ك و ئاماده‌ بكاته‌وه‌!؟

ئه‌زانین داواكارییه‌كانی كورد هه‌مووی دێموكراتین، بریتین له‌وه‌ی‌: له‌ ده‌ستوردا (یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات) دان بنرێت به‌ ئۆتۆنۆمی بۆ هه‌رێمی كوردستان، دان بنرێت به‌ زمانی كوردی، دان بنرێت به‌ پارله‌مانی كوردستان و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورددا.

شێخ عیزه‌دینی حوسێنی ڕابه‌ری مه‌زهه‌بیی كورد، پێی وتین: ئێستاش لیستی داخوازییه‌كانمان هه‌ر جێی مشتومڕه‌ كه‌ لێی كه‌م بكرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌م جۆره‌ موماته‌ڵه‌كردنه‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژی سیاسییه‌كانی ئێران كه‌ چ گرووپێك له‌ ده‌سه‌ڵاتداران له‌ پشتییەوەیەتی و له‌وه‌ش كه‌ له‌ ڕادیۆدا سه‌ركرده‌یه‌كی ئاینیی ناسراو له‌ تارانه‌وه‌ هێرشی كردۆته ‌سه‌ر وه‌فدی ئاشتییه‌ سێ كه‌سییه‌كه‌وە و هێنده‌ تونده‌ دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد، ده‌كرێت به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی شتێكدا بن، كه‌ پێشتر دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌، به‌هه‌رحاڵ، ئێمه‌ی كورد هیچ دۆستێكمان نییه‌)).

ڕێکەوتی ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌: ڕۆژی سێشه‌ممه‌، ٤-١٢-١٩٧٩.

شوێن: ئاماژه‌ی پێ نه‌دراوه‌.

(وه‌ك شه‌ریف هه‌ژاری) به‌ تێڕامان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی ئه‌م ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌، له‌ ته‌ماشای ڤیدئۆ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌وه‌ سه‌رنجی خۆم دێنمه‌ بوون، كه‌ به‌رده‌وام ڕێژێمی داگیركه‌ری ئێران به‌ ناوی ئاشتییه‌وه‌، كاتی كوشتووه‌ و هێزی سه‌ربازیی زیاتری ڕه‌وانه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌.‌

بێگومان ڕێژێمێك ئیمامه‌كه‌ی فتوای سڕینه‌وه‌ی گشتیی كورد ده‌ربكات، ئه‌سته‌مه‌ ئاماده‌بێت دان به‌ مافه‌ خواكرده‌كانی كورددا بنێت.

بۆیه‌ بڕوای سه‌ره‌كییم ئه‌وه‌یه‌: پێویسته‌ هه‌موو بزاوتێكی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ به‌رانبه‌ر داگیركه‌رانی كوردستاندا، ئه‌م په‌نده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كورد له‌به‌رچاو بگرێت، كه:‌ ((شه‌ق ئه‌زانێت قۆناخ له‌ كوێیه‌!)).