لە ڕۆژانی ڕابردوودا، چەند کەس لە خەڵکی تێکۆشەری مەریوان لە هەوڵێکی خۆڕسکی نیشتمانیدا، دەستیان بە دروستکردن و دانانی تابلۆی قەڵای مەریوان لە شوێنەکەی خۆی لەم شارە کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، کۆمەڵێک لە کەسانی نیشتمانپەروەری خەڵكی مەریوان، بە دروستکردنی تابلۆی قەڵای مەریوان، هەوڵی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامییان داوە.
ئەم کەسانە ڕایانگەیاندووە: "ئێمە هەستاین بە دروستکردنی تابلۆی قەڵای مەریوان و گەڕاندنەوەی ناوە مێژووییەکەی و چەقاندنی لە بەرزترین خاڵ واتە لووتکەی قەڵا. بەداخەوە ساڵانێک بە جێگەی وشەی قەڵای مەریوان و ئەوترا قەڵای ئەمام."
ئەم کەسانە هەروەها باسیان لەوە کردووە کە کەسانی پسپۆڕ و شارەزای خەڵکی مەریوان بە لێکۆڵێنەوەی زانستی و مێژووناسی وشەی قەڵای ئیمامیان ڕەت کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەم ناوە هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە و تەنیا بەشێک لە سیاسەتی ڕێژیم و هەوڵەکانی بۆ ئاسێمیلەکردنی خەڵک و گۆڕینی ناوە ڕەسەنەکانە کە لە بواری ستراتێژییەوە هەستیارن.
ئەم کەسانە هەوڵەکەی خۆیان لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوی ڕەسەنی ئەو قەڵایە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیم ناو بردووە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی لەم چەشنە لە کۆمەڵێک ناوچەی کوردستاندا دراوە و خەڵکی نیشتمانپەروەر بە نووسینەوەی ناوە مێژووییە کوردییەکانی شوێنەکان، هەوڵی پاراستنی هێما نیشتمانییەکانیان داوە.