کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووفاقیی سنووری تەمەرچیان و بەرهەمهێنانەوەی جیاکاری بە «کۆدی نیشتمانی»

10:05 - 12 سەرماوەز 2725

کاوە سندووسی

سنووری تەمەرچیان لە شارستانی پیرانشار ساڵانێکە بووەتە یەکێک لە پڕکێشەترین دەروازەکانی ڕۆژاوای جوگرافیا ساختەکەی ئێران. شوێنێک کە هەزاران خێزانەی کورد بژێویی خۆیان نەک لە ڕێگەی بازرگانیی فەرمییەوە، بەڵکوو لە ڕێگە سەخت و پڕمەترسییەکانی کۆڵبەری لە شاخەکاندا دابین دەکەن. دۆڵە قووڵەکان، ڕێڕەوە بەردینەکان، سەرمای زستان و مەترسیی هەمیشەییی تەقەی ئەنقەست، بەشێکن لەو ڕاستییە تاڵەی کە کۆڵبەران هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی دەبنەوە. هەرزەکارانێک کە لە پێناوی چەند سەد هەزار تمەنێکدا باری قورس لەسەر شانیان هەڵدەگرن و باوکانێک کە گیانیان لەم ڕێگەیەدا لەدەست دا و هەرگیز نەگەڕانەوە.

سەرەڕای ئەم دۆخە ئازاربەخش و درێژخایەنە، ساڵانێکە هیچ ئیرادەیەک بۆ ڕێکخستنی ئەم سنوورە ساختانە و دروستکردنی ڕێڕەوی ئارام و هەلی کاری بەردەوام بەدی ناکرێت. بەڵام هەر ئەم سنوورە کە بۆ خەڵکی ناوچەکە مینڕێژی ئیداری و سەربازی کراوە، لە ڕۆژانی ئەربەعیندا بە شێوەیەکی کتوپڕ دەکرێتەوە و ئاسان دەبێت. ئەو ژێرخانانەی کە بۆ کۆڵبەران دەستنەکەوتوون و تەنانەت خەونیشن، لەناکاو بۆ کاروانەکانی مەراسیم (ئەربەعینی حکوومەتی) و بەناو بازرگانان، تێپەڕین ئاسان و گونجاو و دەبێتە بەشێکی سەرەتایی. هەمان ئەو ڕێڕەوەی کە بۆ تێپەڕینی خەڵکی بێبەش پڕە لە مەترسی و قەدەغەکاری، لە کاتی ئەربەعیندا بەخێرایی ئامادە و نۆژەن دەکرێتەوە و تەیار دەکرێت؛ لە ئاسانکاری بۆ تێپەڕینی زیارەتکارانەوە بگرە تا دروستکردنی ئیمکاناتی کاتی، جێگیرکردنی هێزی فریاگوزاریی یارمەتیدەر، دانانی ئانتێنی گەڕۆکی پەیوەندی و ئاسانکاریی ئیداری و دارایی و بانکی ئامادەیە.

ڕۆژانی ئەربەعین لە ناوچە سنوورییەکانی دەروازەی پیرانشار، کرماشان و ئیلام کاریگەریی فرەلایەن و ئاڵۆزی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دادەنێت. سەرەتا، قەبارەی زۆری زیارەتکاران دەبێتە هۆی قەرەباڵغییەکی توند لەسەر جادەکان و ڕێڕەوەکانی شار، کە خۆی هۆکاری زیادبوونی ڕووداو و زیانە گیانییەکانی ڕێگەوبانە لەم ناوچەیەدا. دووەم، دەبێتە هۆی ئامادەبوونی بەرفراوانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و خزمەتگەیاندن بە زیارەتکاران، سنووردارکردنی کار و کاسبی و هاتووچۆی ڕۆژانە، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە شارە سنوورییەکانی کوردستان، گوشارخستنەسەر سەرچاوە نیشتمانییەکان (وەک ئاو، خزمەتگوزارییە شارستانییەکان، ژینگەی کوردستان) و کاریگەریی کولتووری و کۆمەڵایەتی لە ڕیزی ئەم نائاسایی و کاریگەرییە نەرێنییانەدایە.

جیاکاری لە تەرخانکردنی ئیمکاناتدا کە زۆربەی کات کاتییە و سوودێکی درێژخایەنی بۆ خەڵکی ناوچەکە نییە، هەستی نادادپەروەری و فەرامۆشکران لەنێو خەڵکدا بەهێز دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و داڕمانی کەسایەتیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی؛ بابەتێک کە گاڵتەجاڕەکانی حکوومەت و ژمارەیەکی کەمی نزیکەکانیان بە شاردنەوەی ڕاستییە تاڵەکەی کۆڵبەری، هەوڵ دەدەن بە پاساوی بێسەروبەر، ئەم "دۆخە قێزەونە" وەک جۆرێک لە توانا و پۆتانسییەلی ناوچەیی و تەنانەت دەرفەتیش نیشان بدەن.

بەڵام ئەم ڕاستییە و ئەم ناکۆکییە ئاشکرایانە، دەبێت پرسیارێکی بنەڕەتی بخاتە بەردەم مرۆڤی کورد: چۆن سنوورێک کە بۆ دابینکردنی نانی خەڵکی نیشتەجێی دەروازە هەبووەکانی کوردستان، مەترسیدار، پڕتێچوو، مەرگهێنەر و هۆکارێکە بۆ شکاندنی (کەرامەت)ی مرۆڤی کورد، بۆ ئامانجە حکوومەتییەکان و دارودەستەکەی بەئاسانی دەبێتە شوێنێکی ئارام، شیاوی تێپەڕین و پڕ لە ئیمکانات؟

هێشتا بۆ بەشێکی گەورەی خەڵکی کوردستان لەوانەش پیرانشارییە خۆشەویستەکان، ئاسایش، کار و تێپەڕین لە سنوور، مافێکی هاووڵاتیبوون نییە، بەڵکوو ئیمتیازێکە پەیوەستە بە بۆنەکان و بڕیارە سیاسییەکانەوە و کۆڵبەری هێشتاش وەبیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە لە سێبەری ئابووریی ڕانتیدا، مرۆڤی کورد ناچارە بارێک بە قورسیی مەرگ و بە نرخی نان لەسەر شانەکانی خۆی لە نێوەندی جیاکارییەکی پێکهاتەیی و ئامانجداردا (بۆ کۆمەڵگەی پاسیڤ و بەکاربەری ناوەندنشین) لە بەرانبەر کرێیەکی کەم و بە شێوازێک دوور لە کەرامەتی مرۆڤانە، هەڵیبگرێت.

تەمەرچیان یەکێکە لە دەیان سیمبۆلی ڕاستی و ناکۆکی و جیاکاری کە خەڵک بە چاوی خۆیان دەیبینن و لەوانی دیکە چاوەڕێن کە بزانن: کۆڵبەری هەڵبژاردنێکی ئازادانە نییە بۆ دابینکردنی بژێوی لە کوردستاندا، بەڵکوو دەرەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی هەلی کار و ملکەچیی بڕیارە سیاسییەکان و پەیوەندییە حکوومەتییەکانە. تەمەرچیان و دەروازەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پیرانەوە تا کرماشان و ئیلام، دەرخەری ئاشکرای ناکۆکییە ئەنقەستەکان، نەبوونی ئاسۆی گەشەپێدانی بەردەوام و بەردەوامیی پێکهاتە جیاکارییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و تا ئەو کاتەی مامەڵەی بۆنەیی و ڕانتی پێش چارەسەرە لۆژیکی و دادپەروەرانەکان بخرێت، ئەم سنوورانە هێشتاش سیمایەکی ناشیرینیان دەبێت کە بۆ خەڵکی کورد سەخت، مەترسیدار و سنووردارکەرە و بۆ ئامانجە حکوومەتییەکان و دارودەستەکەی ئارام، کراوە و پڕئیمکاناتن. ئەم دووفاقییە، جەوهەری هەمان ئەو جیاکاری و پێکهاتەیەیە کە کۆمەڵگەی کوردستان هەموو ڕۆژێک و هەمیشە بە درێژایی دەسەڵاتە شوومەکەی هەردوو ڕژێمی تاران تاقیی کردووەتەوە.