
دارسمە
ئەم خەڵکە خەڵکێکی سەیروسەمەرەیە. مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە هەتا سەردەمی پیری و ماڵئاواییخواستنی یەکجارەکی لەم خەڵکەی دەوروبەری، هەر دەڵێت: "ئاخیر زەمان و دونیا خەرا بوونە". کاتێک سەیری مێژووی دوورودرێژی بوون دەکەین و کاتی دروستبوونی "بوون" و ئەم گەردوون و مەردوون و ئەم زەوییە خڕومڕە بۆ میلیۆنان ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە. مەبەست ئەم ئێستە یان ئێستایەیە ئێمە تێیدا دەژین. دیارە مەبەست لە ئێمە، من و تۆ و ئەوانی دیکەیە. بەڵام تۆ بەردەنگی منی و منیش ئاخێوەر بۆ جەنابت. لە نێوان ئەم دووەشدا کاتێک من ئەم فەرمایشتانەم لەم چەند دێڕەدا بەیان دەفەرمووم و خوای نەخواستە لەسەر کاغەز یان لە سایت و مایتان بڵاو دەکرێتەوە، هیچ بە دووری مەزانە وەک پیر و پێشینان دەڵێن: "بێلامانێ یەکێکمان پاشمان دابێتە کەنداڵ و ئاخرین تەقەی خۆمان کردبێت". یان لە منی ئاخێوەر و لە تۆی بەردەنگ، یەکێکمان بۆ هەمیشە فت بووبین، گەیشتبینە ئاخیر زەمان و دونیامان لێ خەرا بووبێ.
ئەمەی سەرەوە ئەوەیان نەبوو دەمویست باسی بکەم. "ئاخیر زەمانە" یان "بەرەبەرەی دونیا خەرا بوونە" ئیدیۆمێکە ئەوکاتەی باس لە شتێک دەکرێت، ئەگەر بە دڵمان نەبێت، تووشی سەرسوڕمانمان بکات یان لەگەڵ عەقڵۆکەماندا یەک نەگرێتەوە، دەیڵێینەوە.
زۆر بە قووڵی داوای لێبووردن لەو بەردەنگانەم دەکەم عەقڵی خۆیان بە گەورە و قەبە و خاوەن قەبارەی باش دەزانن. دیسان بە قووڵی و بە قووڵتریش داوای لێبووردنیان لێ دەکەم و مەبەستم لە "عەقڵۆکە" تەنیا عەقڵ و تێگەیشتنە بچووکەکەی خۆمە. لەو دونیا زل و زەبەلاحەدا کاتێک عەقڵەکان بە نقورچ و مشتەکۆڵە لە یەکتر دەکوتن و هەموویان بە "نەرمەغار" بۆ لای سەروو غار دەدەن، "عقل ناقص بنده" نە ئەوەندە بڕ دەکات و نە بۆ ئەمە دەبێت بچێتە لای سەروو.
ڕەنگە بپرسن بۆچی لەم کاتەدا ئیدیۆمی "بەرەبەری دونیا خەرا بوون"م بەدەم داهات؟ ڕاستییەکەی منیش وەک خەڵک و مێژوو وام. لەملاوە بەردەوام ئەم دەستەواژانە لای ئەم و ئەو دەڵێمەوە و لەولاوەش ئەم دونیا خڕ و خۆڵە لە جێگەی خۆیەتی. دونیایەک هەم "خڕ"ـە و هەم "خۆڵ"ـە و هیچ خەراش نابێت و تەنیا بە گەرمداهاتن و ساردبوونەوە و تێرئاوبوون و وشکەساڵییەکانییەوە دەمانترسێنێت. زۆر جاریش کارمان بە گۆڕانی فیزیکیی دونیا نییە و بە ڕووداوە کۆمەڵایەتی و مۆمەڵایەتی و کولتووری و مولتووری و سیاسی و میاسییەکانەوە هاواری دونیاخەرابوونمان لێوە بەرز دەبێتەوە.
ڕووداو یان پێواژۆیەکی سیاسی و زیاتر کۆمەڵایەتی بەردەوام بەتایبەت لە چل پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەست پێ دەکرێت و بووەتە هۆی ئەوەی بەردەوام بڵێین بەرەبەری دونیا خەرا بوونە. ئەویش ئەمەیە لە نێو خێزان و خانەواداندا گەورەیی و بچووکی نەماوە. دەگێڕنەوە هەتا ئەم ساڵانەی دوایی، بووک لای خەسوو و خەزوور هیچ، تەنانەت لای شووەکەشی بنێشتی نەدەجاوی. بۆ هەموومان ڕوون و ئاشکرایە ئەمەیان لە ترسی ئەوە نەبوو خەسوو، خەزوور یان شوو، حەزیان بچێتە بنێشت و منێشت و لە حەژمەت ئارەزووی گەستنی ئەم پارووە نەرمونۆڵە و گەوزاندنی لە نێوان ددانی سەروو و ژێروواندا ئاوی ئارەزوو عەیب نەبێت بە دەمیاندا بێتە خوار، بەڵکوو بووک بە نەجاوینی بنێشت لەو کاتانەدا ڕێزیانی دەگرت. یان لاوان لە خزمەت گەورەتر لە خۆیاندا دەست لەسەر سینە دەوەستان و ئەگەر داشنیشتبایەن، لەسەر ئەژنۆ دادەنیشتن. بەڵام ئێستا ئەم داب و نەریتانە زۆر نەریتی دیکەش بێهێز بوونە و دۆخەکە بە تەواوی لە گرێژەنە چووە.
ئەوانەی نەوەی کۆنن و لەبیریانە، باش دەزانن چل و چەند ساڵ لەمەوبەر هەڵەیەکی نەخوازراومان کرد و هەڵڵایەکمان ساز کرد و ناومان لێ نا ئینقلاب. دوای ئەم ئینقلابە پیاوانێک دەسەڵاتیان گرتە دەست ئەوکات سەر و ڕیشیان چەرموو ببوو، ئێستاش ئەم ڕیش و پەشمەیان وەک بەفری سەرانە و هەروا دەسەڵاتیان بە دەستە. پیاوی ئەوەندە حەکیم و چازان و شارەزایان تێدایە ئێستا لە جیات ئەوەی قسە بکات هەر بڵمەبڵم و بۆوڵەبۆڵیەتی و ڕۆژانە دووسێ جار پاشەڵی پاک دەکەنەوە و پەڕۆپاڵی لێ دەگۆڕن. ئەم "پیاو"ە هەروا نزیکەی بیست پۆست و پلە و پایەی هەیە. دوای ئەوەی ئەو پیاوانە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بەشێکیان منداڵانیان لێیان بوون بە ئامۆژگار و بە دەم و بە کردەوە ئامۆژگارییان کردن. هەر ئەو کابرایەی ئێستا بەتەمەنترین و بە ئەزموونترین پیاوی دەسەڵاتە، حوسێنی کوڕی دەستیکرد بە ئامۆژگاریکردنی و ئەویش ناچار بوو، زۆر شۆڕشگێڕانە کوڕەی ئیعدام کرد. ئەرێ چاکی نەکرد ئەو سەرەخۆرەیەی لە کۆڵ کردەوە؟
هەر ئەو "ڕوحوڵڵا زەمم"ەی ئەم ساڵانەی دوایی وەک کۆترەباریکە لە بەغدا دانیان بۆ ڕۆ کرد و لەو سەری دونیای بێوەفاوە هێنایانەوە ئەم تارانە و دوای ئەوەی لەبەرانبەر کامێرای تەلەفزیۆندا دەمیان پێ داپچڕی و دژی خۆی قسەی کرد، پاشان کوشتیان. ئەویش لە باوکی هەڵگەڕابووەوە.
هەر ئەم ورمێیەی خۆمان کابرایەکی لێ بوو ناوی "غولامڕەزا" بوو. ئەم "نۆکەری ڕەزا"یە، سێ چوار کوڕ و بووکی لێ هەڵگەڕابوونەوە. بووکێکی زۆر لە بنێشت جاوین ئەولاتری بەرانبەر بە خەزووری کردبوو. لە جیاتی ئەوەی بنێشت بە دەمی بجاوێت، ئەم دەمەی دەخستە نێو باس و خواسی سیاسی و پشتگیریی چەپ و مەپی دەکرد و فاکت و نموونەی لە لێنین و مێنین دەهێنایەوە. کاک غولامڕەزاش ئەوکات حاکمی بێ ئەملا و ئەولای ورمێ بوو و لە بازرگان و سەڵماسەوە هەتا سەردەشت، بانە و بۆکان و ساینقەڵا هەموو شتێکی بەدەست بوو. زۆر جار دەمی دە کاروباری سنە و کرماشان و ئیلامیش وەردەدا. کوڕانی ئەم غولامڕەزایەش لێی هەڵتۆزیبوونەوە و باوکی خۆیان بە گەمژە و بێعەقڵ ناو دەبرد، بۆیە باوکیان "ڕەشید"یانی گوللـەباران کرد و "وەحید" و "ڕەحیم"یش دوای ماوەیەک لە ترسی ئیعدام لە زیندان گەڕانەوە و لەماڵەوە قوونیان دایە سەر دەپێی خۆیان. ئێستاش "غولامڕەزا" چووەتەوە ژێرخاک و لە ژێرەوە دەستەملانی مار و مێرووانە و هەر ئاگداری ئەمەش نییە بووکەکەی لەکوێ بنێشت دەجاوێت.