
کاوە ئاهەنگەری
ساڵانێکە، و دەتوانین بڵێین چەندین دەیەیە، کە بابەتی پێویستیی سیستەمێکی فیدراڵی بۆ ئێران لەنێو ڕێبەران و سیاسەتوانانی ئێرانیدا باس دەکرێت. لە دوکتور محەممەد موسەدیق، سەردار ئەسعەدی بەختیاری، داوودخانی کەڵهوڕ، دوکتور جەلیلخانی سەقەفی، عەلیئەکبەر دێهخودا، یەحیا دەوڵەتئابادییەوە بگرە تا دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و زۆری دیکە، لەبارەی فیدراڵیبوونی ئێرانەوە نووسیویانە و قسەیان کردووە. بەڵام ئەم بیرۆکەیە نەک هەر نەیتوانیوە کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران قایل بکات، بەڵکوو بە تاوانبارکردن و کاردانەوەی توند ڕووبەڕووی بوونەتەوە. لەم نووسینەدا دەمەوێت گرنگترین خاڵەکان و هەندێک لە هۆکارەکانی ئەم بابەتە بخەمە ڕوو.
١. ترس لە هەڵوەشانەوە و دابەشبوون
ئەوەی ئێمە لە گشت بەکارهێنەرانی دنیای مەجازی و چالاکوانانی سیاسیی ناوەندخواز و بەزۆریی فارسزمان/فارسگەرا لە سیمینار، کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنە تەلەڤیزیۆنییەکاندا دەیبیستین، ترسێکی قووڵە لە دابەشبوونی ئێران. ئەم ترسە ئەوەندە چووەتە مێشکی ناوەندخوازانەوە کە بە ڕاشکاوی "فیدراڵیزم" بە هاوتای "جوداخوازی" دادەنێن. بەڵام ئەم ترسە نەک هەر ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو ڕەگی لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا داکوتاوە و بەتایبەتی لەلایەن حکوومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییەوە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە؛ بە جۆرێک کە هەر جۆرە باسێک لەبارەی خۆبەڕێوەبەری، دێسانترالیزەکردن یان فیدراڵیزم بە "هەنگاوی یەکەمی دابەشبوون" ناو دەبەن. شارەزایان باش دەزانن کە وشەی جوداخوازی لەلایەن ساواکی ڕژێمی ستەمکاری ڕووخاوی پەهلەوییەوە داهێنراوە و دوای شۆڕش لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژێمی خومەینییەوە پەرەی پێ دراوە. ئەم بیرکردنەوەیە لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی نییە، بەڵکوو لەسەر گوتاری ئەمنییەتی بنیات نراوە. لە ڕاستیدا، تێڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ناوچەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا. لە ئەنجامی ئەم شێوازە مامەڵەکردنە لەگەڵ بابەتی فیدراڵیزم یان خۆبەڕێوەبەریدا، ناوەندخوازان وا بیر دەکەنەوە کە هەر جۆرە دابەشکردنێکی دەسەڵات هەڕەشەئامێزە.
٢. ترس لە لەدەستدانی دەسەڵات، سەرچاوەکان و قۆرخکارییەکان
ئەگەر سەیری فەلسەفەی فیدراڵیزم لە فەلسەفەی سیاسیدا بکەین، ڕووبەڕووی چەمکێک نابینەوە جگە لە "فەرمانڕەوایی هاوبەش، خۆبەڕێوەبەری" (Share Rule, Self Rule) کە بە کوردی مانای "دابەشکردنی دەسەڵات" (لە ناوەنددا لەنێوان یەکەکاندا) و "خۆبەڕێوەبەری" (لە ئاستی هەرێمیدا)یە. ئەم دابەشکردنەی دەسەڵات چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت:
- دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی
- دابەشکردنی دەسەڵاتە ئابوورییەکان
- دابەشکردنی سەرچاوەکان (نەوت، باج و...)
- دابەشکردنی نفوزی کولتووری
بۆ ناوەندخوازەکان، ئەمە بە واتای لەدەستدانی قۆرخکاریی مێژوویی دەسەڵاتە. لە ئێراندا، دەسەڵات تەنیا ئامرازی بەڕێوەبردنی وڵات نییە، بەڵکوو ئامرازی سامان، ڕانت، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چینی دەسەڵاتدارە. هەر بۆیە شتێکی ئاسایییە کە ناوەندخوازان دژی دێسانترالیزەکردن بوەستنەوە.
٣. دامەزراوەییبوونی فرەچەشنی یەکسانە بە کۆتاییهاتنی تاکگێڕانەوەیی لەبارەی ئێران و ئێرانیبوونەوە
لە دێموکراسییە فرەچەشنەکاندا چەند بنەمایەک پەسەند کراون و لە بواری یاساییدا بەدامەزراوەیی بوون، کە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایانە بۆ ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵ، ئەگەری مانەوە و دامەزراندنی دێموکراسی دەبێتە شتێکی "مەحاڵ". ئەم بنەمایانە بریتین لە:
- بەفەرمی ناسینی فرەزمانی
- فرەکولتووری
- فرەشوناسی
- فرەمەرجەعی
بەڵام ناوەندخوازی لە ئێراندا کە لەسەر بنەمای تاکە گێڕانەوەیەک لە "دەوڵەت-نەتەوە" بنیات نراوە، بە فەرمی یەک زمانی ستاندارد (فارسی)، یەک کولتووری ستاندارد، یەک ناوەندی بڕیاردان (تاران) و یەک گێڕانەوەی بەناو نیشتمانیی بەدامەزراوەیی کردووە. جێی سەرنجە کە فیدراڵیزم ئەم قۆرخکارییە کولتووری-شوناسییە دەشکێنێت. هەر بۆیە ناوەندخوازان دەترسن کە دامەزراوەییبوونی فرەچەشنی، هەژموونیی کولتووریی ناوەندخوازانە کەم بکاتەوە.
٤. میراتی مێژوویی دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان
هۆکاری چوارەم ئاماژە بە پێشینە و مێژووی سیاسیی ئێران دەکات. لە سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامییەوە، دەوڵەت لە ئێراندا زۆر ناوەندگەرا بووە. ئەم نەریتە سیاسییە وای کردووە کە هەر جۆرە دەسەڵاتێکی هەرێمی بە هاوتای "بێسەروبەری" سەیر بکرێت؛ چونکە لە بیری ناوەندخوازاندا، دەوڵەتی هەرێمی بە "بێتوانا"، "هەستەکی" یان "خێڵەکی" وێنا دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم کێشەیەش ڕەگی لە بێمتمانەیی مێژوویی دەوڵەت بە کۆمەڵگە هەیە و یەکێکە لە دەرەنجامەکانی نەبوونی دێموکراسی و بەدامەزراوەیی نەبوونی لە ئێراندا.
٥. تێڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکان
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا، لەنێو هەندێک ڕەوتی ناوەندخوازدا، ئەم بیرکردنەوەیە هەیە کە ناوچەکانی وەک کوردستان، خوزستان، بەلوچستان و ئازەربایجان پۆتانسیەلی جوداخوازییان هەیە؛ هەر بۆیە، تێڕوانین بۆ ئەم ناوچانە زیاتر "ئەمنییەتی"یە. لەم چوارچێوەیەدا، هەر جۆرە دێسانترالیزەکردنێک، بە واتای بەکردەییبوون یان دەستپێکردنی مەترسیی شاراوەی دابەشبوونی ئێران دێتە ئەژمار. هەرچەندە ئەم گۆشەنیگا و ئەم گوتارە نە زانستییە و نە دیموکراتیکە، بەڵام دەیان ساڵ پڕوپاگەندەی فەرمی لە مێشکی هەندێک لە خەڵکدا چەسپاندوویەتی.
٦. نەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵ و زانستی لە مۆدێلەکانی فیدراڵیزم
بەشێکی گەورەی دژایەتییەکان لە نەزانینەوەیە سەبارەت بە جۆرەکانی فیدراڵیزم. زۆرێک لە ناوەندخوازان هەر کە باسی فیدراڵیزم دەکرێت، نموونەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق یان یوگۆسلاڤیا دێننەوە. لەکاتێکدا مۆدێلی تەواو سەرکەوتوو لە ئاستی جیهاندا هەن، لەوانە سویس، کەنەدا، ئەڵمانیا، ئوستڕالیا، ئەفریقای باشوور، هیندستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئێران لە ڕووی فرەییی شوناسی و جوگرافییەوە، زۆر لەم مۆدێلانە نزیکترە تا مۆدێلە شکستخواردووەکان. بێگومان دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە نە یوگۆسلاڤیا بەهۆی بوونی سیستەمی فیدراڵییەوە هەڵوەشایەوە و نە لە عێراقیشدا پێکهاتە سیاسییە فیدراڵییەکەی بە دروستی جێبەجێ کراوە. لە ڕاستیدا، عێراق بەناو فیدراڵە بەڵام بە جەختکردنەوەوە دەتوانین بڵێین کە لە بەشە شیعەنشینەکەیدا (عەرەب زمان) کە زۆرینەی عێراقیش پێک دەهێنێت، بەکردەوە هەمان ناوەندخوازی و باشترە بڵێین تائیفەگەری باڵادەستە و دەستێوەردانەکانی ڕژێمی شیعەمەزهەبی دراوسێ، واتە ئێران، یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی فیدراڵیزم بووە لە عێراقدا.
٧. ترسی دەروونی لە گۆڕینی پێکهاتە
بە سەیرکردنی مێژووی سیاسیی جیهان، بەتایبەتی لە ڕێنیسانسەوە تا ئێستا، ئەوەی زۆرترین ڕۆڵی لە داڕشتنەوەی پێکهاتەی سیاسیدا گێڕاوە، بوونی پێشڕەوە سیاسییەکان، بەتایبەتی ڕۆشنبیران، بووە. دێموکراسیی دامەزراوەیی ڕۆژئاوایی، نە بەرهەمی کردەوەی فەرمانڕەوا سیاسییەکانە، بەڵکوو دەرەنجامی تیۆریزەکردن و پەرەپێدان و شیکردنەوەی ژێرخانە فیکرییەکانی مافی مرۆڤ، ئازادی، یەکسانی و دێموکراسییە لەلایەن بیرمەندانی وەک جۆن لۆک، کانت، ڕۆسۆ، مۆنتسکیۆ، سارتەر... تا نوێترینیان لەوانە جۆن ڕۆڵز، کارڵ پۆپەر و دەیان بیرمەندی دیکە. ئەم ڕەوتە، شۆڕش و هەوراز و نشێوی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێناوە کە بۆ خۆیان و بەگشتیی خەڵک کەم تێچوو نەبووە. کەواتە ئەگەر بمانەوێت دێموکراسییەکانی ڕۆژئاوا لە یەک ڕستەدا کورت بکەینەوە، دەتوانین بڵێین کە دێموکراسیی ڕۆژئاوایی بەرهەمی "بیری سیاسی" و "بوێریی کردەیی"ی بیرمەندان و بەگشتیی خەڵک بووە. دوو تایبەتمەندی و سیفەتێک کە لە بەناو ڕۆشنبیرانی ئێرانیدا بە ئەندازەی پێویست نە بوونی هەیە و نە دەبینرێت. ڕاهاتنی ئێرانییەکان لە بواری پێکهاتەی سیاسیی ئێراندا بە پێکهاتەیەکی ناوەندگرا، وای کردوون لە هەموو بوارێکدا حەزیان لە ناوەند و ناوەندخوازی بێت. هەر گۆڕانکارییەکی گەورەی پێکهاتەیی، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ چەمکی "فیدراڵیزم یان ناناوەندێتی"دا دێت، بۆ بەشێک لە نوخبە ناوەندخوازەکان وەک جۆرێک لە هەڕەشە سەیر دەکرێت.
دوا قسە
جگە لەو باسانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا، پێویستە ئاماژە بە ڕاستییەکی دیکەش بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە جیهانی ئێستا لە زۆربەی بوارەکاندا، لەوانە ئابووری، ئەمنییەتی، تەکنەلۆژیا، کولتووری و هتد، بە شێوەیەکی ناناوەندی بەڕێوە دەچێت و "دێسانترالیزەکردن" بووەتە پێویستییەک بۆ بوون بە هاووڵاتیی جیهانی و پەیوەستبوون بە جیهانی مۆدێرنەوە بۆ هەر یەک لە وڵاتانی سەر ئەم جیهانە. ئێستا ئەگەر ناوەندخوازانی ئێران بە هەر هۆکارێک دژی ناناوەندێتی و ئەو داواکارییەی زۆرینەی نافارسزمانەکان کە فیدراڵیزمە، بوەستنەوە، تەنیا و تەنیا ڕێگرییان لە پەیوەستبوونی ئێران بە سیستەمی نوێی جیهانی و بەسترانەوەی بە تۆڕە گەورە و ناناوەندییەکەی جیهانەوە کردووە. بەڵام ترسی سیاسی و دەروونیی ناوەندخوازان لە فیدراڵیزم و دێموکراسیی فرەچەشن، لەبەرئەوەی پەیڕەوی لە لۆژیکێکی زانستی ناکات و پێچەوانەی ڕەوتی فیدراڵیبوون و ناناوەندێتییە لە ئەزموونی جیهانیدا، درەنگ یان زوو لەلایەن نەوەی نوێوە کۆتایی پێ دەهێنرێت و "پەراوێز بەسەر ناوەنددا" زاڵ دەبێت.