کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی دەرکراوای پێترۆشیمیی ئیلام لە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ئیداریی رێژیم لە تاران کۆبوونەوە

14:23 - 27 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە کرێکارانی پێترۆشێمیی ئیلام کە لە سەر کارەکانیان دەرکراون، یەک رۆژ دوای کۆبوونەوە لە بەردەم مەجلیس، لە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ئیداریی رێژیم کۆبوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی ژمارەیەک لە کرێکارانی پێترۆشیمیی ئیلام کە ژمارەی ئەو کرێکارانە لەلایەن هەواڵدەریی کاری ئێران زیاتر لە ٧٠ کەس راگەیەندرابوو لە بەردەم دیوانی عەداڵەتی ئیداریی رێژیم لە تاران کۆبوونەوە.

ئەو کرێکارانە بە هۆی ئەویکە بێ پاساو لەلایەن کارفەرماکانیانەوە دەرکراون و ماوەی سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوە کۆبوونەوە و ناڕەزاتەتییان دەربڕی.
دەوترێت کە ٧٠ کەس لەو کرێکارانەی پێترۆشیمیی ئیلام بە پێشینەی کاری ٢ هەتا ١٠ ساڵ لە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژ بێ پاساو لەلایەن کارفەرماکانی پێترۆشیمیی ئیلام دەرکراون و چەند رۆژ دوای دەرکرانی ئەو کرێکارانە زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری تازەیان بە بیانووی کەمیی هێزی مرۆیی لەلایەن هەمان کارفەرماکانەوە دامەزراون.

ئەو کرێکارانە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر لە بەردەم مەجلیسی رێژیم لە تاران کۆببوونەوە و ئەو کارخانەیە بڕی ٥٠ میلیۆن تمەن مووچەی ئەو کرێکارانەی نەداوە.

کرێکارانی پێترۆشیمی ماوەی ٣ مانگە کە لە سەر کارەکانیان دەرکراون و سەرەڕای چوون بۆ پارێزگاری و فەرمانداریی ئیلام هیچ وڵامێکیان وەرنەگرتووەتەوە.

دەرکرانی کرێکارانی کارخانە و کارگە پیشەییەکان یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری لە پارێزگای کوردنشیەنەکان و بە تایبەت لە پارێزگای ئیلام بە ئەژمار دێت.

رەوتی دەرکرانی کرێکارانی خۆجێی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بووەتە هۆی ئەویکە هەنووکە پارێزگاکانی سـنە، کرماشان و ئیلام لە بواری نرخی بێکاری لە ریزی هەژارترین پارێزگاکانی ئێران جێ بگرن.

بەرزبوونەوەی نرخێ بێکاری لە پارێزگا کوردنشینەکان بووەتە هۆی ئەویکە سەرانەی داهاتی ئەو پارێزگایانە لە نێونجی ناوچەکانی دیکەی ئێران لە ئاستێکی زۆر کەمتر دابێت و ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەەەی بێکاریی لە رادەبەدر لە کوردستانی ئێران.

.