کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی پیترۆشیمیی ئیلام لەبەردەم مەجلیسی رێژیم لە تاران کۆبوونەوە

15:13 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: کرێکارانی پیترۆشیمیی ئیلام بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەردەم مەجلیسی ئیسلامی رێژیم لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خۆبواردن لە دانی حەقدەستی کرێکاران و گوێ نەدان بە داواکارییەکانیان ، کرێکارانی پیترۆشیمیی ئیلامی لە بەردەم مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە تاران کۆ کردەوە.

هەواڵدەرییە نیوخۆییەکان باس لە دەر کراوانی بەشێک لەم کرێکارانە دەکەن کە بەهۆی خۆبواردن لە دانی حەقدەسیتی کرێکاران و گوێ نەدان بە داواکارییەکانیان و سەرنج نەدانی بەرپرسانی رێژیمی ئێران بە کرێکاران لە ئیلام، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی رێژیم کۆ ببنەوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە حەقدەستی کرێکارانی پیترۆشیمیی ئیلام چەند مانگە نەدراوە.

کرێکارانی خوجێیی لە پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران (ئیلام، کرماشان، سنە و ئورمیە) بەردەوام لەگەڵ کێشەی نەدانی حەقدەستی کرێکاران، گوێ نەدان بە داواکارییەکانیان، دەرکردن و نەبوونی ئەمنییەتی کار بەرەوڕوون.
لەو پێوەندییەدا لە مانگی خەرمانانی ئەمسالدا ٣٥ کەس لە کرێکارانی کوردی بەنداوی \'\'هیروێ\'\' لە شاری پاوە لەلایەن کەرفەرما و پەیمانکارەکانی دروست کردنی بەنداو و توونلێ هیروێ بەهۆی کەمی بوودجە و دابەزینی ئاستی کار لە رۆژدا لە سەر کارەکانیان دەرکران.
هەروەها سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لانیکەم ١٥٠ کەس لە کرێکارانی بەندوای داریانی شاری پاوە لەسەر کارەکانیان دەرکران.

هەروەها بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لە درێژەی نەدانی مووچەی کرێکارانی کورد لەلایەن شیرکەتە پەیمانکارەکانی سەر بە رێژیم، شیرکەتی پەیمانکاری سەدرای سەربە سپای پاسداران ماوەی ٩ مانگە مووچەی ٣٠ کەس لە کرێکارانی کوردی پرۆژەی درووستکردنی پردی نێوقەدی گۆلی ئورمیەی نەداوە.

لە دەسپێکی کاری درووستکردنی پردی نێوقەدی دەریاچەی ئورمیە هەتا ئێستا ژمارەی کرێکارانی ئەو پڕۆژەیە لە ٤٠٠ کەس بە ٣٠ کرێکار کەم بووەتەوە.

دەرکردنی کرێکارانی خۆجێی لە پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە و پیشەیی‌یەکانی کوردستان لەلایەن خاوەنکار و شیرکەتە پەیمانکارانی سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرزبوونەوەی بێکاری و هەژاری لە پارێزگاکانی کوردستانی بەدواوە بووە.