کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی مافی مرۆڤ لە ژنێڤ/ رەخنەی توند لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

19:25 - 10 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: زۆربەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕای رەخنەی توند لە دۆخی پێشلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ باشتربوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەیان رێگا چارەیان خستە بەردەست بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خولی دووهەمی تاوتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٣ی هەتاوی لە ژنێڤ بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا وڵاتانی جیاواز سەرەتا جێبەجی کرانی راسپاردەکانی پەسندکراو لەلایەن ئێرانەوە لە خۆلی یەکەمی تاوتوێکردنی دەورەیی لە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی و دواتر ئاڵوگۆڕەکانی پێکهاتوو لە دۆخی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتەیان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا تاوتوێ کرد.

خولی یەکەمی تاوتوێکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی کاری لە سەر کرابوو، لە ماوەی ئەو کۆبوونەوانەدا بە گشتی ٢١٢ راسپاردە لەلایەن ٥١ وڵاتەوە بە رێژیمی ئێرانیان پێشنیار کران کە ئێران ١٢٦ راسپاردەی قەبووڵ کرد و بەڵێنی بەڕێوەبردنی ئەو راسپاردانەی دا.

سەرەڕای بەرگری کردنی هەنێردراوانی رێژیمی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی مافی مرۆڤی ژێنڤ؛ زۆربەی وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەو باوەڕەدابوون کە رێژیمی ئێران بەردەوام پێشێلکاریی مافی مرۆڤی کردووە و دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و ئازادی رادەربڕین و چاپەمەنییەکان خراپتر بووە.

لە کۆبوونەوەی دۆینێ‌دا لە ژێنۆ، دادوەرێک بە ناوی ئەمیری کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە هاتبوو، حوسێن ئینتزامی بەڕێوەبەری پێشووی دامەزراوەی همشهری و ئەندامی پێشووی لێژنەی چاودێری لەسەر چاپەمەنییەکان لە دەوڵەتی حەسەن رۆحانی‌، نوێنەری زەرتەشتیەکان لە مەجلیس، ژنێکی بە ناوی بێهرۆخ رۆحانی وەکوو نوێنەری ژنانی ئێرانی، محمەممەد جەواد لاریجانی جێگری مافی مرۆڤی قووەی قەزائییەی ئێران لە پشتیوانان و بەرگریکارانی دۆخی مافی مرۆڤی ئیران لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون.

بەرگری کردنی هەنێردروانی رێژیمی ئێران نەیتوانی وڵاتانی بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا رازی بکات و زۆربەی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر پێشێلکاری دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران جەختیان کردەوە و رێگا چارەیان بۆ باشترکردنی دۆخی هەنووکەیی خستە بەردەست نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی.

خاڵی جێگای سەرنج لەو کۆبوونەوەیەدا پشتیوانی چین لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بوو؛ نوێنەری چین لە کۆبوونەوەی دۆێنێدا وتی کە ئێران کاری پۆزێتڤ و کارتێکەری لە بواری دۆخی مافی ژنان و کەمینەکان‌دا هەبووە و وەک دەزانین گەمارۆئابوورییە نێونەتەوەییەکان کێشەی بۆ ئەو وڵاتە دروست کردووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ئیسپانیا سەبارەت بە لەسێدارەدانی منداڵان و هاوڕەگەزبازان و هەروەها لابردنی سزای بەردباران، سوید لە بواری مافی بەهاییەکان، ئازادی ئینتێرنێت، نەمانی سانسۆری لە سەر چاپەمەنییەکان و پەرەپێدانی ئازادیی رادەربڕین و تاجیکستان لە پێوەندی لەگەڵ باشترکردنی دۆخی ژنان و باشترکردنی رێژەی بەشداریی ژنان پێشنیاریان خستە بەردەست.

هەروەها بریتانیا، ئامریکا، ئارژانتین، ئوسترالیا، بەحرەین، کانادا، چێک، دانماراک، فینلاند، و فەرانسە لەو وڵاتانە بوون کە رەخنەیان لە دۆخی مافی مرۆڤی ئێران و بەردەوامی ئەو رەوتە گرت و رێ و شوێنی شیاویان بۆ باشترکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشنیار کرد.

مافی کەمینەکان، ئیعدامی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ، ئازادی چاپەمەنییەکان، ئازادی مافی پارێزەری، ئازادی ئینتێرنێت و رۆژنامەوانان، ئازادی کەمینە رەگەزییەکان، ئازادی کەمینە ئاینییەکان، داخرانی بەرنامەی راگەیاندنە فەرمییەکان بۆ سووکایەتی پێکردنی کەمینەکان، دانپێدانانی زۆرەملی، سەردانی ئەحمەد شەهید بۆ ئێران لەو بابەتانە بوون کە لەلایەن وڵاتانی بەشداربوو رێگا چارەیان بۆ پێشنیار کرا.

ئوسترالیاش خوازیاری راگرتنی ئیعدامی منداڵان، ئازادیی رادەربڕین و کۆبوونەوە و ئازادیی زیندانیانی سیاسی، رچاوی مافی بەهاییەکان، کوردەکان و دەروێشەکان بوو.