کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

18:58 - 28 جۆزەردان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاگادارییەکی بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاوڕێیان و ئەندامانی حیزب!


وەک ئاگادارن کە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کاری سیاسی و پێوەندی لەگەڵ خەڵکی کوردستان لە نێو قووڵایی خاکی کوردستانی رۆژهەڵاتدان و هەواڵی پێوەندیدار بە کار و چالاکی و هەڵسوڕانیان و ئاکامەکانی ئەو رووداوانە بە هەموو لایەک بگات. لەم سەروبەندەدا کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و کاناڵە دیجیتاڵی و نوێیەکانی راگەیاندن و پێوەندیەکان دنیایان زۆر بچووک کردۆتەوە، گەیشتنی هەموو هەواڵ و زانیاریەک بەدەستی ئێوە نە بە مانای راست و دروستبوونی ئەو زانیاریانە و نە بەمانای رێگەپێدان بە بڵاوکردنەوەی هەمووجۆرە هەواڵ و وێنە و زانیاریەکە.

لەو پێوەندیەدا لە هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات داواکارین کە:

١- هەرجۆرە هەواڵ و زانیاری و وێنە و ڤیدیۆ و .... لە سەر کار و چالاکی و ژمارە و شوێن و ناو و موشەخەسات و .... پێشمەرگەکانی حیزب، بەدەستتان دەگا لە بڵاوکردنەوەی خۆ ببوێرن.

٢- هەر جۆرە هەواڵ و وێنە و زانیاری و راپۆرتێکی پێوەندیدار بە ئەم قۆناخەی خەبات کە بەدەستتان دەگات چ راست بێ یان ناراست، تکایە بە شوێنی خاوەن سەلاحیەت و پێوەندیداری حیزبی بگەیەنن.

٣- لە دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دونیای مەجازیدا، دەرەتانێکی گەورە بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناراست و دەنگۆ و پروپاگەندەی رژیم و لە داوی تۆڕەکانی رژیم کەوتن هەیە. هەرلەو کاتەدا کەڵکی نابجێ و نادروست وەرگرتن لە ئامرازەکانی پێوەندی، رەنگە زانیاریەکی هەستیار بەدوژمن بگەیەنێ. تکایە ئاگادار و وشیاری وێنە و هەواڵ و زانیاری بڵاوبووەکان و ئەوانەی ئێوە بڵاوی دەکەنەوە ببن. چوونکە رەنگە لە رووی کەمبوونی زانیاریەوە تووشی پەرەدان بە بڵآوبوونەوەی زانایاریی خوازراوی رژیم ببن.

٤- رژیمی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندیەکانی جیا لە شەڕی فیزیکی و ماڵوێرانکردنی خەڵک، لە رێگەی شەڕی رەوانیەوە هەم دەیانەوێ پەرە بە دەنگۆ و هەواڵی چەواشەکراو بدەن و هەم لە ورە و رووحیەی خەڵک بدەن، تکایە وشیاری داوەکانی رژیم بن.

٥- تکایە هەوڵ بدەن هەم راگەیەنە رەسمی و خاوەن سەلاحیەتەکانی حیزب وەکوو سەرچاوەی زانیاری کەڵکی لێ وەربگرن و هەم هەواڵ و وێنە و ڤیدیۆو زانیارییەک کە بەدەستتان دەگا لە بڵاوکردنەوەی بە شێوەی نادروست و تاکەکەسی و بێسەروبەر، خۆ ببوێرن، چوونکە ئەو زانیاریانە باشتر وایە شوێنی خاوەن سەلاحیەتی حیزب ببێ بە خاوەنی. تکایە نەکەونە کێبەرکێی ئەوەیکە کێ زووترین هەواڵ و وێنەی بە دەست دەگا، زووتر بڵاوی بکاتەوە.

لەم قۆناخە نوێیەی خەبات وشۆڕشدا، جیا لە هەموو بوارەکانی دیکە، کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دەبێ لە بواری زانیاری و راگەیاندندا بە وشیاری و هەستیاریەوە بجووڵێنەوە و هەم بەرپەرچی دەنگۆسازکردن و شەڕی ڕەوانیی دوژمن بدەنەوە و هەم وەکوو سەنگەرێکی شەڕ بە دژی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەربگرین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کومیسیۆنی راگەیاندن

٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٥
١٧ی ژووئەنی ٢٠١٦