کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئامریکا بەرەو زیاترکردنی گەمارۆکان و کاریگەرییه‌کانی لەسەر ئابووری لەرزۆکی ئێران

14:21 - 11 سەرماوەز 2714

کوردستان میدیا: بە بڵاوبوونی هەواڵی قورستر کردنی گەمارۆکان لەلایەن کۆنگرەی ئامریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا، نرخی دراوی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی ونرخی پێداویستییەکانی ژیانیش بەرزبووەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای دەستپێڕانەگەیشتن بە رێکەوتنی ناوکی لە دانیشتنەکانی ڤییەن کە رێکەوتی ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٣ کۆتایی پێهات، دوورەدیمەنی ئابووری ئێران لەگەڵ هەڵوێستی تازەی کۆنگرەی ئامریکا بۆ زیاترکردنی گەمارۆکان، لێڵتر بوو.

دوای ئەوەیکە کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا کە رەخنەگرانی سەرەکیی سیاسەتەکانی باراک ئۆباما لەهەمبەر ئێرانن و لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی ئامریکا توانیان زۆربەی کورسییەکانی کۆنگرە بە دەست بێنن، دوای شکستی دانوستانە ناوکییەکان و درێژکردنەوەی ئەو دانوستانانە رایانگەیاند کە گەمارۆکانی ئێستای دژی رێژیمی ئێران لەلایەن کۆنگرەی ئامریکا چڕتر دەبێتەوە و هەروەها گەڵاڵەی تازەیان بۆ سەپاندنی گەمارۆی تازە دژی رێژیمی ئێران ئامادە کردووە.

دوای هەڵوێستی توندی کۆماریخوازەکان بە دژی رێژیمی ئێران، کٶڵەکەکانی ئابووری رێژیمی ئێران کە بە نەوت بەستراوەتەوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی کۆمەڵگای جیهانی هاوسەنگیی خۆی لە دەست داوە.

دابەزینی نرخی دراو لە نێو دراوەکانی لەگەڕی دنیادا، بەرزبوونەوەی پێداویستییەکانی بژیوی ژیان وەک نان و هەڵکشانی هەڵاوسان لە لێکەوتەکانی زووڕەسی زیاترکردنی گەمارۆکان دژی رێژیمی ئێران بووە، لێکەوتەگەلێک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە چڕترکردنەوە و زیاترکردنی گەمارۆکان، دەرهاویشتەی خراپتری بەدواوە دەبێت.

رێژیمی ئێران دوای چڕتربوونەوەی گەمارۆکان لەلایەن کۆمەڵگای جیهانییەوە کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی هەڵاوسانی لە ئێراندا بەدواە بوو، نرخی هەڵاوسانی لە بەهای دراو رانەگەیاندووە و بە وتەی ئابووریناسان بە شێوەیەکی دەستکرد بەهای دروایان هێناوەتە خوارەوە.
درێژکردنەوەی دانوستانە ناوکییەکان لە ڤییەن بە ماوەی ٧ مانگ و ٧ رۆژ بوۆتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دراو لە ئێران و ئەو رەوتەش بەردەوام درێژەی هەیە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان دوا نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٣ی هەتاوی ١ دولاری ئامریکا لە بازاری ئێران ٣٥٠٠ تمەن مامەڵەی پێکراوە کە لە ماوەی ١٤ مانگی رابردوو بێ وێنە بووە.

بە درێژەی قورستر کردن و سەپاندنی گەمارۆی نوێی ئامریکا بە دژی رێژیمی ئێران، گەڵاڵەی بەرزبوونەوەی لە سەدا ٣٠ نان، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ سەرماوەزی پەسند کرا.

بەپێی خشتەی گۆڕانکارییەکانی نرخی جۆرەکانی نان، نرخی نان سەنگەک لە ٦٠٠ بۆ ٧٨٠ تمەن، نان لەواش لە ١٦٠ بۆ ٢٠٨ تمەن، نان بەڕبەڕی لە ٥٠٠ بۆ ٦٥٠ تمەن و نانی تافتون لە ٣٠٠ بۆ ٣٩٠ تمەن بەرز بۆتەوە و هەنووکە جۆرەکانی نان لەلایەن نانواییەکان بە نرخی تازە دەفرۆشرێت.

داخرانی یەکە پیشەیی و بەرهەمهێنەرەکان لە ئێراندا و دەرکرانی کرێکاران لەلایەن خاوەنکارەکان بە بیانووی کەمکردنەوەی هێز و بەرزبوونەوەی بێکاری و هەروەها داخرانی شوێنەکانی CNG لە دەرهاویشتەکانی تێکدەری ئابووریی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بووە.

گەمارۆکانی کۆمەڵگای جیهانی دژی رێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئەو رێژیمە، لە ماوەی ٦ ساڵ پێش لە بوارەکانی ئابووری، زانستی، سیاسی، فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا پەسند کرا.

بە وتەی کارناسان ئەو گەمارۆ ئابوورییانە لە دەستپێڕاگەیشتنی بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێران کاریگەری بەرچاوی نەبووە بەڵام لە سەر دۆخی ئابووری ئێران کاریگەری زۆر خراپی داناوە.

لە کاتێکدا کە دوای سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان دژی رێژیمی ئێران، پەیکەرەی ئابووری ئێران زەبرێکی توندی بەرکەوتووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو رێژیمە بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابوون کە ئەو گەمارۆیانەی کۆمەڵگای جیهانی بێ دەرەنجام لە قەڵەم بدەن.